لەپێناو هۆشیاریی تەندروستی و دەستنیشانكردنی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمك، لاڤە حیكمەت سەرپەرشتیاری گشتیی یەكێتیی ژنانی كوردستان، لەگەڵ دكتۆر یاد نەقشبەندی، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا، یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنیان ئیمزاكرد بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی كەشتی هیوا.
ئامانجی پڕۆژەكە پشكنینی پێشوەختەیە بۆ ئەو ژنانەی كە تەمەنیان لە نێوان 40 بۆ 69 ساڵدایە و هێشتا هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییەكەیان تێدا دەرنەكەوتووە؛ ئەویش لە ڕێگەی مامۆگرافیی دیجیتاڵی و پشكنینی كلینیكیی مەمك (CBE)ەوە.
ئامانجی سەرەكیی هەنگاوەكە، گەیاندنی ئەم خزمەتگوزارییانەیە بەو ناوچە دوورەدەستانەی كوردستان كە دەستیان بە سەنتەرە تەندروستییەكانی شار راناگات، بۆ ئەوەی هەر ژنێك بتوانێت لە نزیك ماڵەكەی خۆی پشكنینی بۆ بكرێت و چیتر شێرپەنجەی مەمك جێگەی ترس نەبێت.