ئەمریكا ڤیزای تەیف سامی هەڵوەشاندەوە

کوردستان 07:45 PM - 2026/08/28

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڤیزای تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عیراقی هەڵوەشاندەوە‌و ناوی خستە لیستی چاودێریی تیرۆرەوە‌و چوونی بۆ ئەمریكا قەدە‌غە كرد، ئەمەش دوای ئەوەی چوار ساڵ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی پێشووی ئەمریكاوە خەڵاتی (ژنی ئاسنینی) پێبەخشرا.
تۆڕی هەواڵی فۆكس نیوز لە زاری لێپرسراوێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاوە بڵاویكردەوە، كە واشنتۆن بە رەسمی ڤیزای تەیف سامیی هەڵوەشاندووەتەوە.
دیلان جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ كاروباری گشتی بە فۆكس نیوزی راگەیاند: لە كاتێكدا وەزارەتی دەرەوە لە سەردەمی ئیدارەی بایدندا بە شێوەیەكی شەرمەزاركەر خەڵاتی ئەو بیانییانەی دەكرد كە هەڕەشەن بۆ سەر نەتەوەكەمان، بەڵام وەزارەتی دەرەوە لە سەردەمی ترەمپدا ڤیزاكانیان هەڵدەوەشێنێتەوە؛ لەژێر سەرپەرشتیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و ماركۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەدا، هەرگیز رێگە نادرێت گومانلێكراوانی تیرۆر لە ئەمریكا بمێننەوە یان بێنە ناو خاكەكەمان.
لەساڵی 2022دا كاتێك تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق بوو، لەلایەن ئانتۆنی بلینكین، وەزیری دەرەوەی ئەو كاتی ئەمریكاوە خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازایەتیی پێبەخشی و بە ژنی ئاسنینی عیراق ناوی برد، بەهۆی ئەوەی كە رووبەڕووی گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن بووەتەوە لە داڕشتنی بودجەی عێراقدا.
بەپێی راپۆرتەكەی فۆكس نیوز، چەندین كۆنگرێسمانی كۆمارییەكان، لەوانە جۆ ویڵسن و گرێگ ستیوبی، پێشتر تەیف سامییان بەوە تۆمەتبار كردبوو كە لە رێگەی سیستەمی دارایی و بانكیی عیراقەوە بووەتە هۆی ئاسانكاریكردن بۆ پارەداركردنی تیرۆر لە ناوچەكەدا، و داوایان لە ئیدارەی ترەمپ كردبوو سزای توندی بەسەردا بسەپێنێت.
هاوكات لە ناوخۆی عیراقیشدا دەسەڵاتی دادوەری فەرمانی بانگهێشتكردنی بۆ تەیف سامی دەركردووە‌و ناوی خستووەتە لیستی داواكراوانەوە لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكانی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لە گرێبەستە حكومییەكاندا؛ بەپێی زانیارییەكانیش، ناوبراو ئێستا لە دەرەوەی عیراق دەژی.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو