دادگای تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستبەسەرداگرتنی 27 ملیار دیناری عێراقی لەدۆسیەی بریكاری راگیراوی وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری پاڵاوگەكان راگەیاند و لێكۆڵینەوەكانیش بەردەوامن.
دادوەری لێكۆڵینەوە لەدادگای ناوەندیی تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی روونی كردەوە، رۆژی یەكشەممە، لە چوارچێوەی دۆسیەی تۆمەتباری راگیراو عەدنان جومەیلی، بریكاری وەزارەتی نەوت بۆ كاروباری پاڵاوگەكان و لایەنە تێوەگلاوەكانی دیكە؛ دەست بەسەر 27 ملیار دیناری عێراقیدا گیراوە.
دادوەرە تایبەتمەندەكە ئەوەشی خستەروو، لەئەنجامی بەدواداچوونی ورد بۆ دەستبەسەرداگرتنی داهاتە داراییەكانی پەیوەست بە بەهەدەردانی پرۆژە جێبەجێكراوەكانی تۆمەتبارو لایەنەكانی دۆسیەكە، توانرا دەست بەسەر ئەم بڕە پارەیەدا بگیرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، پارەكان لای ژمارەیەك كەس شاردرابوونەوەو لێكۆڵینەوەكانیش بۆ ئاشكراكردنی سەرجەم تێوەگلاوان بەردەوامن.
پێشتر دادگا دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 100 ملیار دینار و دەیان ملیۆن دۆلاری پەیوەست بەم دۆسیەیەی راگەیاندبوو. هاوكات دانپێدانانەكانی جومەیلی بووەتە هۆی ئاشكراكردنی تۆڕێكی فراوانی گەندەڵی و دەستگیركردنی دەیان لێپرسراو و پەرلەمانتار لەچوارچێوەی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەوڵاتدا.