دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکردنی سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەر ڕادەگەیەنێت و دەستبەسەر بڕی١٢کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری ماریوانەدا دەگرێت.

کوردستان 07:11 PM - 2026/05/23

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی سلێمانی/بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان بەهەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێر/بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و بەڕێوەبەرایەتی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی عێراقی فیدراڵ، لەدوو چالاکییدا، توانیان دەستبەسەر بڕی (١٢)کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری ماریوانە بگرن و (٣)بازرگانی ماددەی هۆشبەر کە خاوەن رەگەزنامەی بیانین لەسنووری سلێمانی دەستگیربکەن.
چالاکی یەکەم: لەڕۆژی٢٠٢٦/٥/٢١ لەدوای بەدواداچوون و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد توانرا تۆمەتبارێکی بیانی لەشاری سلێمانی دەستگیربکرێت و دەستبەسەربڕی (٥،٢٠٠)پێنج کیلۆ و دوو سەدگرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری ماریوانە بگرن و لەدوای لێکۆڵینەوەکان دەردەکەوێت تۆمەتبار بڕی(٥،٥٠٠)پێنج کیلۆ و پێنج سەدگرام ماددەی هۆشبەری ماریوانەی لەماڵەکەی خۆی لەشارۆچکەی حاجی ئۆمەران شاردوەتەوە دەستبەجێ پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتی هەولێر ئەنجام دەدرێت و دەستبەسەر ماددە شاراوەکەدا دەگیرێت، تۆمەتبار بڕی(١٠،٧٠٠)دەکیلۆ و حەوت سەدگرام ماددەی هۆشبەری هێناوەتە هەرێمی کوردستان.
چالاکی دووەم: لە ڕۆژی٢٠٢٦/٥/٢١ بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەهۆشبەرەکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی بازگەکان، لەسنووری سلێمانی توانیان دوو تۆمەتباری بیانی دەستگیربکەن و دەستبەسەر بڕی(١،٣٠٠)یەک کیلۆ و سێ سەد گرام ماددەی هۆشبەر لەجۆری ماریوانە بگرن.
لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی ٢٥ لەیاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵییەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکانیان بەردەوامە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو