سەرچاوەیەك: چاوەڕوانین پێش جەژن مووچەی فەرمانبەران خەرج بكرێت

کوردستان 03:11 PM - 2026/05/23

هەمووان بەر لە هاتنی جەژن چاوەڕوانی بیستنی هەواڵە خۆشەكەن، ئەویش نارد و خەرجكردنی مووچەی مانگی پێنجی  مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە،

بەپێی ئەو بەدواداچونانەی گەلی كوردستان كردوویەتی‌و بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ڕۆژی یەكشەممە واتە سبەینێ  وردبینیكردنی لە لیستی مووچەی مانگی ئایاری هەێمی كوردستان لە وەزارەتی دارایی عیراق كۆتایی دێت و پێشبینی دەكەن پێش جەژنی قوربان، بەغداد تەمویلی مووچەی مانگی پێنج رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، پڕۆسەی وردبینیكردنی لیستی مووچەی مانگی ئایار لە بەغداد بەردەوامە‌و فەرمانبەرانی وەزارەتی دارایی عیراق دوێنێ‌و ئەمڕۆش كە پشووە دەوامیان كردووە، بۆیە بڕیارە سبەی یەكشەممە وردبینی لیستی مووچە تەواوببێت. سەبارەت بە پابەندییە داراییەكان، ئەو سەرچاوەیە وتی، پەیامیان بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە كە ڕۆژی 1ـی حوزەیران بە نووسراوی رەسمی  بڕی داهاتی نانەوتیی مانگی ئایاری هەرێمی كوردستان دەدەنە بەغداد.

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بۆ ئەوەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عیراق، تەمویلی مووچەی مانگی ئایار پێش جەژن ڕەوانە بكات. ئەو سەرچاوەیە  ئاشكرایشی كرد كە لە لقی هەولێری بانكی ناوەندیی عیراق پارەی كاش بەردەستە و بڕەكەشی بە زیاتر لە یەك ترلیۆن دینار دەخەمڵێنرێت.
ڕۆژی 21ی ئایاری 2026 وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی مانگی 5 و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی نیسانی تەسلیمی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی عیراق كرد. 

بەگوێرەی زانیارییەكانی گەلی كوردستان، وەزیری دارایی عیراق بەنیازە ڕێكارەكانی ناردنی مووچە بگۆڕێت؛ بەپێی پلانە نوێیەكە، لەمەودوا لەگەڵ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی عیراق، مووچەی هەرێمی كوردستانیش ڕاستەوخۆ دەنێردرێت و وەرگرتنی داهاتی نانەوتی دەخرێتە دوای وردبینیكردنی ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە، چونكە تاوەكو مانگ كۆتایی نەیەت وەزارەتی دارایی هەرێم ناتوانێت دیاری بكات داهاتەكانی چەندە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو