دوای ئەوەی بۆ ماوەیەكی زۆر بایكۆتی بەشداریكردنی لە ئاهەنگەكانی هۆتێل هێڵتن كرد، دوێنی شەو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكاو جێگرەكەی و ئەندامانی كابینەكەی بەشدارییان لەئاهەنگەكانی هۆتێلەكە كرد، بەڵام لە رووداوێكی چاوەڕواننەكراودا هەوڵی كوشتنی سەرۆكی ئەمریكا درا.
تەنها دوای سەعاتێك لەرووداوەكە سەرۆكی ئەمریكا دەركەوتەوەو وردەكاریی رووداوەكەی بۆ رۆژنامەنووسان و رای گشتی ئاشكرا كرد و رایگەیاند، هێرشبەرەكە چەندین جۆری چەكی پێبووە و دەستگیركراوە.
ترەمپ رایگەیاند، ئەو كەسەی هێرشەكەی ئەنجامداوە "بكوژێكی بەكرێگیراو" بووە و ویستوویەتی هێرش بكاتە سەر دەستووری ئەمریكا. ترەمپ ئاشكرای كرد، گومانلێكراوەكە خەڵكی ویلایەتی كالیفۆرنیایە و ئێستا لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا بەردەوامە.
ترەمپ باسی لە چركەساتی رووداوەكەی كرد و وتی، ئەم بۆنەیە بۆ ئازادیی رادەربڕین تەرخانكرابوو، كە بڕیاربوو ئەندامانی هەردوو پارتەكە و میدیاكان كۆبكاتەوە.
بینیم هەمووان پێكەوە یەكگرتوو بوون، ئەوە شتێكی زۆر جوان بوو؛ پیاوێك بە چەندین جۆری چەكەوە هێرشی كرد و لەلایەن ئەندامانی ئازای دەزگای نهێنییەوە هەوڵەكە شكستیپێهێنرا.
هەروەها وتیشی، لە ماوەی سەرۆكایەتییەكەم كاری زۆر و گەورەم كردوون، تەنیا هەوڵی كوشتنی كەسانێك دەدرێت كاری گەورەیان ئەنجامدابێت.
سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی رووداوەكە و پەیوەندیی بە ئێران وتی، لە خولی یەكەمم رێككەوتننامەكەی ئۆباما و ئێرانم هەڵوەشاندەوە و جەختیكردەوە، كە ناكرێت ئێران ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی.
ترەمپ رەتیكردەوە رووداوەكە پەیوەندی بە ئێرانەوە هەبێت و وتی، پێموانییە پەیوەندیی بە ئێرانەوە هەبێت، بەڵام لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.
دوای رووداوەكە وەزارەتی دادی ئەمریكا ئاشكرایكرد، سبەینێ تۆمەتبارەكە دەبرێتە بەردەم دادگا و لێكۆڵینەوەكان لەگەڵیدا دەستپێدەكات.
رووداوەكە چۆن روویدا؟
سەرۆكی ئەمریكا لەسەر ستەیجی سەرەكی دانیشتبوو كاتێك دەنگی بەهێزی هاوشێوەی تەقە بیسترا.
تۆمارە ڤیدیۆییەكان نیشانی دەدەن كە ئەفسەرانی دەزگای نهێنی بە چەكەوە دەوری سەرۆكی ئەمریكا و جێگرەكەی دەدەن و بە خێرایی لە پشت پەردەكانەوە دەیبەنە دەرەوە.
كەسانی بەشداربوو لە ئاهەنگەكە بریتیین بوون لە، پەیامنێران، لێپرسراوانی باڵای ئیدارەی ترەمپ و ئەندامانی كابینەكەی بوون، لەژێر مێزەكاندا خۆیان شاردەوە بۆ ئەوەی لەلایەن تەقەكەرەكەوە و نەپێكرێن.
بەپێی راگەیەندراوی دەزگای نهێنی ئەمریكا، سەرۆك و خانمی یەكەم سەلامەتن، هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، رووداوەكە لەنزیك بازنەی پشكنینی ئەمنیی سەرەكیی دەرەوەی هۆڵی ئاهەنگەكە روویداوەو یەك كەس دەستگیركراوە.
هۆتێل "واشنتۆن هیڵتن" هەمان ئەو شوێنەیە كە 45 ساڵ لەمەوبەر و لە ساڵی 1981دا، رۆناڵد ریگن، سەرۆكی ئەوكاتەی ئەمریكا لە هەوڵێكی تیرۆركردن لەبەردەم دەروازەكەیدا رزگاری بوو.
ئاهەنگی ئەمشەو یەكەمجار بوو ترەمپ وەك سەرۆك بەشداری تێدا بكات دوای بایكۆتكردنی بۆ ماوەی چەندین ساڵ.
سەرەڕای ئەم مەترسییە ئەمنییە، ترەمپ رایگەیاندووە، دەیەوێت لە ماوەی مانگێكدا دووبارە ئاهەنگەكە رێكبخاتەوە.
پۆلیسی واشنتۆن و دەزگای نهێنی لێكۆڵینەوەیەكی چڕیان دەستپێكردووە تاوەكو بزانرێت ئایا تەقەكەرەكە بە تەنیا بووە یان پەیوەندیی بە گروپێكی دیاریكراوەوە ترەوە هەبووە.