ژمارەی ئەو كەشتییانەی نەوتی مامناوەند و قورسی بەسرەیان بە گەرووی هورمزدا گواستووەتەوە لە مانگی ئاداری 2026 دا، كەمبووەتەوە بۆ 15 كەشتی، ئەمەش بەهۆی گەمارۆی ئێران لەسەر گەرووەكە ، كە بە بەراورد بە مانگێكی پێش جەنگەكە، كۆی هاتووچۆی كەشتییەكان 82٪ كەمیكردووە.
بەپێی وردەكارییەكانی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عیراق(سۆمۆ) ،كۆی ئەو نەوتەی بە گەرووی هورمزدا نێردراوە 14ملیۆن و 560 هەزار بەرمیل نەوت بووە.بەپێی داتاكان هەناردەكردنی نەوتی باشووری عیراق، كەركوك و كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی ئادار گەشتووەتە 18ملیۆن و 600 هەزار بەرمیل نەوت، لەكاتێكدا مانگی شوبات زیاتر لە 99ملیۆن و 800 هەزار بەرمیل بووە.
ژمارەی ئەو كەشتییانەی لە ئادار نەوتی عیراقیان لەو گەرووە گواستووەتەوە 15 دانەبووە، لەكاتێكدا مانگی شوبات 83 كەشتی بووە، كە نەوتی مامناوەند و قورسی بەسرەیان بۆ بازاڕەكانی جیهان گواستووەتەوە.
مانگی ئاداری 2026، لەكاتی جەنگی ئەمریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، حكومەتی ئێران گەمارۆی خستە سەر هاتووچۆی كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوت و كاڵاكان لە گەرووی هورمز، بەپێی داتاكەی سۆمۆش، ئەو 15 كەشتییەی نەوتی مامناوەند و قورسی بەسرەی گواستووەتەوە، لە رۆژەكانی سەرەتای جەنگەكەدا بووە، لەماوەی 1 تاوەكو 8ی ئادار بووە، واتە لەماوەی 8ی ئادار تا 31ی مانگ هیچ كەشتییەك كە نەوتی عیراقی باركردبێت بە گەرووی هورمزدا تێنەپەڕیوە.