عراقچی: رێگە بە كەشتییەكانی عیراق‌و وڵاتانی دۆست دەدەین لە گەرووی هورمز تێپەڕبن

عیراق 10:11 AM - 2026/03/26


عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، رێگە بە كەشتییەكانی عیراق و وڵاتانی دۆست دەدەین لە گەرووی هورمز تێپەڕبن.
عیراقچی دەشڵێت، ئێران رێگەی داوە بە كەشتییەكانی چین، روسیا، هیندستان، پاكستان و عیراق لە گەرووی هورمزەوە هاتوچۆ بكەن. ئەم بڕیارەش هەموو ئەو وڵاتانە دەگرێتەوە كە تاران بە دۆستی خۆیانی دەزانێت. واتا بەپێی ئەم بڕیارە، تەنها ئەو وڵاتانەی پەیوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ تاران هەیە، دەتوانن ئەو رێڕەوە ستراتیژییە بەكاربهێنن.
وەزیری دەرەوەی ئێران ڕاشیگەیاند، تاران ئێستا هیچ پاساوێك نابینێت بۆ ئەوەی رێگە بە تێپەڕبوونی كەشتیی وڵاتانی دوژمنی ئێران بدات بەناو ئەو گەرووەدا تێپەڕن. 
گەرووی هورمز بە شادەماری هەناردەكردنی نەوت و گازی وڵاتانی كەنداو بۆ بازاڕەكانی جیهان دادەنرێت‌و داخستنەكەشی بووەتە هۆی پەككەوتنی ئاستی بەرهەمهێنان و بەرزبوونەوەی نرخی وزە و كاڵاكان لەسەر ئاستی جیهان.
رۆژی سێشەممەش، ئاژانسی بلومبێرگ لە رێگەی سیستمی شوێنپێهەڵگرتنی كەشتییەكانەوە ئاشكرای كرد، كەشتی نەوت هەڵگری "ئۆمێگا تریدەر" كە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی عیراقی هەڵگرتبوو لە گەرووی هورمزەوە تێپەڕی و گەیشتە شاری مومبای هندستان، ئەمەش یەكەم جوڵەی نەوتی عیراقە لەگەرووی هورمزەوە لەدوای هێرشەكان بۆسەر  ئێران.
رۆژی 28ی مانگی رابردوو، هێرشی هاوبەشی ئیسرائیل-ئەمریكا بۆسەر ئێران دەستیپێكرد، لە رۆژی 2ی ئاداریشەوە ئێران گەرووی هورمزی بەڕووی كەشتییە بارزگانییەكان‌و گواستنەوەی سووتەمەنیدا داخست.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو