وەزارەتی دەرەووەی ئێران رایدەگەیەنێت،ئەو كەشتییانەی سەر بە دوژمن نین، دەتوانن بە ناو گەرووی هورمزدا تێپەڕن، بەو مەرجەی پابەندی رێساكانی ئاسایش بن و هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی تاران بكەن.
بەپێی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران كە ئاراستەی رێكخراوی نێودەوڵەتیی كەشتیوانی كراوە، باسلەوەكراوە، ئەو كەشتییانەی كە دووژمنكار نین، دەتوانن بە سەلامەتی گەرووی هورمز تێپەڕێنن، بەو مەرجەی بە هیچ شێوەیەك بەشداری نەكەن لەو هێرشانەی دژی ئێران ئەنجامدەدرێن و پشتگیرییان نەكەن، بە تەواوەتی پابەندی رێسا راگەیەندراوەكانی ئاسایش و سەلامەتی بن و هەماهەنگی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتە باڵاكانی ئێران بكەن. وەزارەتەكە تەئكیدیشی كردووەتەوە لەوەی،كەشتی و كەرەستە و هەر جۆرە سەرمایەكی سەر بە لایەنە هێرشبەرەكان،بەتایبەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل و هەر وڵاتێكی تر كە بەشداریی هێرشەكانی كردووە، مافی تێپەڕبوونیان بە ناو گەرووەكەدا نییە.
گەرووی هورمز كە شا دەماری وزەی جیهانە و 20٪ـی نەوت و غازی پێدا تێدەپەڕێت، لە دەستپێكردنی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە، لە لایەن ئێرانەوە داخراوە. ئەم داخستنە بووەتە هۆی بازدانی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕەكانی جیهاندا.