ماڵپەڕی ئێران وار كۆست تراكەر بڵاویكردووەتەوە، تێچووی ئۆپراسیۆنی ئەمریكا دژی ئێران 30 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.بەپێی داتاكانی ماڵپەڕەكە، لەماوەی چوار هەفتە واتە 24 رۆژ و 20 سەعات ، تێچووی ئەمریكا 30ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
ئەم ماڵپەڕە داتاكان لە كاتی راستەقینەدا نوێ دەكاتەوە و ئەو پارەیەی كە پێویستن بۆ پاراستنی كارمەندان و كەشتییەكان كە لە ناوچەكەدا جێگیركراون، هەروەها خەرجییەكانی پەیوەندیدار بەو پرسە حیساب دەكات.هەژماركردنەكە لەسەر بنەمای ئەو راپۆرتەی پێنتاگۆنە كە پێشكەشی كۆنگرێس كراوە، كە تێیدا هاتووە تێچووی شەش رۆژی یەكەم 11 ملیار و 300 ملیۆن دۆلار بووە، لەكاتێكدا تێچووی دواتر گەیشتووەتە یەك ملیار دۆلار لە رۆژێكدا.
ئەمەش لە كاتێكدایە هێرشی هاوبەشی ئەمریكا و ئیسرائیل دژی ئێران تا ئێستا بەردەوامە و لە 26 مین رۆژیدایە ، بۆیە تا جەنگەكە درێژە بكێشێت بڕی تێچوی ئەمریكا لەم جەنگەدا زیاد دەكات، ئەمەش نیگەرانی لای ئەمریكییەكان دروست كردووە و پێیان وایە ئەمەی ترەمپ ئەنجامی دەدات شەڕی ئیسرائیلە نەك ئەمریكا.