سەرچاوەیەك: دووشەممەی داهاتوو لیستی مووچەی مانگی 3 تەسلیمی وەزارەتی دارایی عیراق دەكرێت

کوردستان 12:07 PM - 2026/03/26


هەواڵی نوێ لەبارەی مووچەوە هەیە، بەوتەی سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی دووشەممەی داهاتوو، لیستی مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تەسلیمی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ دەكرێت.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئامادەكارییەكانی لیستی مووچەی مانگی ئادار لەلایەن وەزارەتەوە تەواو بوون، سەرەتای هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی هەرێم لیستەكە بۆ بەغداد دەنێرێت و رۆژی دووشەممە دەگاتە وەزارەتی دارایی عیراق.
ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی سێشەممە، تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق  بە میدیاكانی راگەیاند، فەرمانگەی ژمێریاری دەستیكردووە بە تەمویلكردنی وەزارەتەكان، بە مەبەستی دەستپێكردنی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران.
بۆ خەرجكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی دارایی عیراق چوار مەرجی هەیە، ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران، ناردنی تەرازووی پێداچوونەوە، نووسراوێك لە وەزارەتی نەوتی عیراق لەبارەی نەوتی هەناردەكراوی هەرێمی كوردستان، 120 ملیار دینار داهاتی نانەوتی. بەڵام بەهۆی جەنگی ئێرانەوە هەناردەی هەرێمی كوردستان زۆر كەمبۆتەوە‌و جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆداش داهاتی نانەوتی كەمكردۆتەوە، بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەنگە نەتوانێت بۆ ئەم مانگە 120 ملیار دینارەكە كۆبكاتەوە، جا دەتوانێت چەند داهات كۆبكاتەوە‌و بیداتە بەغدا، ئەوە دیارنییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەدەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بەرهەمهێنانی نەوت‌و داهات كەمبۆتەوە، ڕەنگە بەجۆرێك لە جۆرەكان چاوپۆشی لەو دوو مەرجە بكرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

زۆرترین خوێندراو