قائیمقامی كەلار دەڵێت، ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، تەئكیدیش دەكاتەوە هیچ رێورەسمێكی رەسمی بۆ جەژنی نەورۆز ناكەن.
عارف حاجی عادل، قائیمقامی قەزای كەلار بەگەلی كوردستانی ڕاگەیاند، بڕیاردراوە بە جێبەجێكردنی پلانی ئەمنی و پاراستنی ئارامی بە هەماهەنگی نێوان پۆلیس و ئاسایش، لەگەڵ پاراستنی ئەمنیەتی پاركەكانی ناو شار و هەروەها ئامادەباشی تەواوی كەرتی تەندروستی كراوە، بە تایبەت نەخۆشخانەكانی فریاكەوتنی شەهید هەژار و شێرەی نەقیب و بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری گەرمیانیش لە شوێنە گەشتیارییەكان بۆ پێشوازیكردن لە گەشتیاران ئامادەكاری پێویستی كردووە.
قائیمقامی كەلار وتیشی، بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ هیج قەرەباڵغی و كۆبوونەوەیەك بەبۆنەی نەورۆزەوە ناكرێت، ئەوەش بەهۆی ئالۆزی ناوچەكە و لە پێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتیان.