کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دیبلۆماسیی كورد لە ئاگری جەنگدا - عەتا كەریم

.

04:55 - 16/01/2020

بەریەككەوتنێکی ڕاستەوخۆی سەربازی لە دوای 4 دەیە لە نێوان ئەمەریكا و كۆماری ئیسلامی ڕووی دا، ئەویش بە ئۆپراسیۆنی سەرەتای ئەمساڵی 2020 هێزێكی سوپای ئەمەریكا بوو كە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و بە هاوكاریی پلانی دەزگای هەواڵگریی ژەنەراڵێكی وەك قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودس و ئەبو موهەندیس، جێگری حەشدی شەعبیی عێراقی و تیمێكی دیكە كردە ئامانج و لەناوی بردن.
بە درێژایی ئەو ماوەیە لە ناكۆكیی ئەم دوو زلهێزە، هیچكامیان بە ئاشكرا خاكی یەكتریان نەكردووەتە ئامانجی پەلاماردان، بەڵكوو هەڕەشە و دەستوەردانەكانیان لەو وڵاتانەیە كە بەرژەوەندییەكانیان دابەشی كردوون بەسەر ئەم دوو دەوڵەتە ناكۆكە، بگرە نوێـترین بەریەككەوتنیشیان لەسەر خاكی عێراقدایە، كە هەردووكیان شەڕی نفوز و هەژموونی خۆیانی تێدا دەكەن، بە جۆرێك كاردانەوەی تارانیش لەسەر هەمان خاك بوو كە ڕۆكێتبارانی بنكەیەكی سەربازیی ئەمەریكی لە ئەنبار و هەولێر كرد.
ئەم دوو هێزە ناكۆكە، ناكۆكییەكانیشیان لەسەر حكومەت و شەقامی عێراقی بە تەواوەتی ڕەنگی داوەتەوە بە تایبەتی لە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق لە 2003دا، بۆیە دەوترێت ئەمەریكا جەنگی ڕووخاندنی كرد و ئێرانیش حوكمی شاراوەی عێراق دەكات، بە جۆرێك كە سیستمی دیكتاتۆریی عێراقی بۆ بەرژەوەندیی تاران لەناو برابێت، نەك خودی عێراقییەكان، بۆیە واشنتۆنیش ماف بە ئێرانێك نادات بە ئاسانی گەمەی سیاسی و ئابووری و دەسەڵاتدارێتی لە ستراتیژی عێراق و بەڕێوەبردنەكەیدا بكات، بە دیوێكی دیكەدا، ڕێگە نادات ئێرانێكی دیكەی كۆپیكراوی مەزهەبی لە عێراق سەر هەڵدبدات و لانیكەم بە كوشتنی سلێمانی سنووری هێڵە سوورەكەی بۆ تاران تۆخ كردەوە و هۆشدارییەكی تووندی پێ دا بۆ گەمە و دەستوەردانەكانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی لە سوریا و لوبنان و عێراق و یەمەن و چەند ناوچەیەكی دیكە و هەروەها ترساندنی هاوپەیمانەكانی ئەمەریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لەناو ئەم بەریەككەوتن و گێژاوە سیاسی و سەربازییەی تاران و واشنتۆندا، هەرێمی كوردستانیش بە ویست و بێویست بێت، لەناو نەخشەی بەریەككەوتنەكانی ئەم دوو هێزە ناكۆكەدایە، ئەوەش حوكمی سنوور و جوگرافیا خۆی بە پلەی یەكەم و جوگرافیای حکومڕانی و هێڵی بەرژەوەندیی عێراقی بەسەریدا دەسەپێنێت، بەڵام مەرج نییە، بچێتە ژێر باری ئەو پلانە ناڕوون و بەرییەككەوتنەی تاران و واشنتۆن لە دژی یەكتری دایدەرێژن.
جەنگی ئەمەریكا و ئێران، زۆر لەوە گەورە و قورسترە، كە بە كارەكتەرێكی نادەوڵەتیی وەكو هەرێمی كوردستان، گۆڕانكاریی ئەوتۆ یان یەكلاكەرەوەی پێ بكرێت، بە تایبەت لە ڕووی تەكنەلۆجیای سەربازی و كەرەستەی (جەنگی)ـەوە، بێئەرزشە، چونكە ئەوەی هەیەتی كەرەستە و كارەكتەری شەڕە نەك جەنگ، بۆیە لە ئەگەر و پێشهاتەكاندا نابێت هەرێم بیر لە وێناكردنی خۆی وەك كارەكتەرێكی جەنگی دابەشبوو بەسەر یەكێك لەم بەرە ناكۆكانەدا بكاتەوە.
هەرێمی كوردستان لە دوو جەمسەرەوە لە ئێرانەوە نزیكە، كە جەمسەری فشارن، یەكێكیان جوگرافیا و سنوورە، ئەوی دیكەیان جوگرافیای سیاسی و حکومڕانییە لە عێراق كە زۆرینەیان كارەكتەری كارتێكراوی ئێرانین، هاوكاتیش هەرێم پەیوەندیی سیاسی و دیبلۆماسی و نەوتی لەگەڵ ئەمەریكادا هەیە و دووەمین كونسوڵخانەی واشنتۆن لە هەولێرە، بۆیە باشترین بژاردە بۆ هەرێم ئەوەیە كە خۆی سیاسەتی كوردستانیانە لە نێوان ئەم دوو زلهێزە ناكۆكە بكات، بە جۆرێك بە ئاماژەی ئێران لە دژی ئەمەریكا و خواستەكانی نەوەستێتەوە، هەروەها بە جوڵەی ئەمەریكیش لە دژی تاران هەڵوێست وەرنەگرێت، هەروەها لەسەر ئاستی عێراقیش كە مەیلداری سیاسی و مەزهەبی بە پارسەنگی ئێرانی زاڵترە، دەبێت مامەڵە و خوێندنەوەی جوڵەكانی وردتر و تێڕاماوتر بێت، كە دابەشی هاوكێشە ناڕوونەكانی نەكات.
كەواتە بژاردەی كوردستانی لە هەرێم ئەوەیە هەموو توانا سیاسی و دیبلۆماسیی و وزەی حکومڕانییەكانی خۆی بە گەڕ بخات لە نێوانگیرییەكی براوە، كە بتوانێت تاران و واشنتۆن خاو بكاتەوە، ئەویش بەوە دەبێت لەسەر ئاستی دیبلۆماسی دەست پێ بكات و تەواوی باڵیۆز و دیبلۆماتكارەكانی وڵاتان كە لە هەرێمدا كونسوڵخانەیان هەیە بە (ئێران و ئەمەریكا)شەوە بەشداری پێ بكات بۆ دیالۆگێكی ڕوونی ئاشتی و ڕەتكردنەوەی زاڵبوونی جەنگ كە ئامانج و تێگەیشتنی ڕاستەقینەی نییەتی جوڵەی ئاشتیخوازی هەرێم نیشان و زاڵ بكات.
هەنگاوی دووەمی ئەم جوڵەیەش لەسەر ئاستی نوێنەرایەتییەكانی هەرێم بێت بۆ ئەو وڵاتانەی هەیەتی هەم پەیام و كار بكات، دوای ئەوەش جوڵەی ئاستی باڵای سەرۆكایەتیی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانەكەی دەست پێ بكات، كە ئامانجەكەش لە پێناوی ڕۆڵی هەرێمی كوردستان بێت نەك بچووك بكرێتەوە بۆ ئاستی كەسی ناو سەرۆكایەتییەكان، چونكە ئاشوبەكە بەرۆكی كورد دەگرێت نەك تەنیا كارەكتەری سیاسی و دەسەڵات لە هەرێم، ئەم جوڵەیەك بەگەڕخستنی باشترە، لە چاوەڕوانیی ڕووداوەكان و دەبێت خۆت زەمینە و دەرفەتێك بخوڵقێنی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

GK Sat Frequencies

NileSat: 12728 27500 V

Hotbird: 112962 27500 H

سەرەوە