کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سبەینێ‌ لەجامی سوپەری ئیتاڵیا یۆڤانتۆس و میلان یاری دەكەن

.

09:13 PM - 15/01/2019



 سەعات 10 و 30 دەقیقەی شەوی چوارشەممە بەكاتی هەرێمی كوردستان و لەیاری جامی سوپەری ئیتاڵیا هەردو یانەی یۆڤانتۆس و میلان لەسەر یاریگای شاری مەلیك عەبدوڵای وەرزشی لەجەدەی وڵاتی سعودیە بەیەك دەگەن .
 هەردو یانە چاویان لەبەرزكردنەوەی جامەكەیە بەتایبەت یانەی میلان كە هەوڵ دەدات كۆتایی بەباڵادەستی یۆڤانتۆس بهێنێت لەئاستی ناوخۆیی لەبەررۆشنایی باڵادەستی ئەو یانەیە بەسەر سەرجەم یانەكانی ئیتاڵیا لەخول و جامی ناوخۆ بەدرێژایی چەند ساڵێك كە 7 نازناوی بەدوای یەكی كاڵچۆ و 4 نازناوی بەدوای یەكی جامی بەدەستهێناوە لەئێستاشدا بیانكۆنێری چاوی لەوەیە یەكەم نازناو لەم وەرزەدا بەدەستبهێنێت و ساڵی نوێ بەشایستە ترین شێوە دەست پێ بكات .
 ماسیملیانۆ ئەلیگری راهێنەری یۆڤانتۆس وەك چاوەرێ دەكرێت لەهیڵی بەرگری پشت بەتواناكانی لیۆناردۆ بۆنۆچی و جۆرجیۆ كیلینی دەبەستێت كە لەو هیڵەدا و بەهۆی پێكانەوە مەهدی بن عەتیە و ئەندریا بارزالی دوركەوتونەتەوە لەم وەرزەدا یۆڤانتۆس ئەو گۆڵانەی لێ ی كراوە زۆربەیان بەهۆی هەڵەی بۆنۆچی بووە لەجێگیر بون لەپێگەكەی و خراپ مامەڵەكردنی لەگەڵ تۆپە بەرزەكان  هەرچەندە یۆڤانتۆس خاوەنی بەهێزترین هیڵی بەرگریە لەكاڵچۆ كە لە 19 یاریدا تەنها 11 گۆڵی لێ كراوە بەڵام بۆنۆچی هۆكاری سەرەكی بووە لەژمارەیەك لەو گۆڵانە كە دواهەمینیان گۆڵەكەی دۆڤان زاباتای هێرشبەری ئەتڵانتا بوو لەیاری نێوان هەردو یانە لەمانگی 12ی رابردوو.
 لەبەرامبەردا جینارۆ گاتۆزۆی راهێنەری میلان پێویستی بەوەیە رێگایەكی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ روبەروبونەوەی ركابەرەكەی لەپێناو قۆستنەوەی پێگە لاوازەكانی یۆڤانتۆس بەتایبەت كە رۆسۆنێری خاوەنی ژمارەیەك یاریزانە توانای لێدانی سەریان هەیە بەنمونەی گۆنزالۆ هیگواین و پاتریك كۆترۆنی  پێشبینی دەكرێت گاتۆزۆ گۆڕانكاری زۆر لەپلانی یانەكە نەكات و لەسەرەتاوە بەشداری بەهیگواین بكات كە ئەو یاریزانە دەیەوێت تۆڵە لەیانەكەی پێشوی بكاتەوە دوای ئەوەی بەئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵ كریستیانۆ رۆناڵدۆ ،بەخواستن دەستبەرداری بون بۆ میلان  بۆ ئەم یاریە راهێنەری میلان پشت بەپلانی 4 – 4 – 2 دەبەستێت لەپێناو بەشداری پێكردنی كۆترۆنی لەپاڵ هیگواین لەهێڵی پێشەوە و فشار خستنە سەر بۆنۆچی بەرگریكاری یۆڤانتۆس بەو هیوایەی بتوانن لەرێگەی تۆپی بەرزەوە مەترسی دروست بكەن و بەبردنەوەیان لەیۆڤانتۆس لەخاكی سعودیە و لەدوای ساڵی 2016وە بۆ جاری هەشتەم لەمێژویاندا جامی سوپەری ئیتاڵیا بەرز بكەنەوە كە پێش ئەم یاریە میلان و یۆڤانتۆس بە7 نازناو یەكسانن .
 بەگەرانەوەش بۆ رابردوو هەردوویانە لە 97 یاریدا لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتی یەكان روبەروی یەك بونەتەوە باڵادەستی بۆ یۆڤانتۆسە بە 44 بردنەوە  بەڵام میلان خاوەنی 35 بردنەوەیە و لە 18 یاریشدا یەكسان بوون دوا یاری نێوانیان لەهەفتەی 12ی ئەم وەرزەی كاڵچۆ بوو لەیاریگای سان سیرۆ ، یۆڤانتۆس بە 2گۆڵی ماندزۆكیچ و كریستیانۆرۆناڵدۆ سەركەوتنی تۆمار كرد.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە