کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

‎لەپشتی سیاسییەکانەوە, ملیاردێرەکان خەریکی چین؟

.

01:02 PM - 13/04/2024

‎لەپشتی سیاسییەکانەوە, ملیاردێرەکان خەریکی چین؟

‎دەلیل جەمال

‎ لەدوای ڕاپەڕین و بەخێراییەک لەدەرەوەی گەشەی ئاسایی چەندین ملیاردێر و ملیۆنێر دروست بوون لەجوگرافیایەکی بچوک و دانیشتوانێکی کەم بە بەراورد بەوڵاتانی نزیک و دوور بەپانتایی و ژمارەی دانیشتوان ئەم هەرێمە هێندەی شارێکی ئاساییە.
‎ئەم توێژە ملیۆنێرە چۆن و بەچی و لەکوێوە دروست بوون؟ لەڕوکەشدا و لە تێڕوانینی باوی کۆمەڵگە ئەوەهەیە هەموان دەزانن بەشێکی هەرەزۆریان بەڕێگەی خراپ سامانیان پێکەوەناوە.
‎دەمەوێت لەم بابەتەدا تیشک بخەمە سەر (میدیا و ملیۆنێرەکان)  لەگەڵ ئەم شەپۆلە نائاساییە لە ملیاردێر و ملیۆنێر چەندەها میدیا بەهەموو جۆرەکانی دروست بوون. لەڕوویەکەوە ئەم زۆری میدیایە بە گەشەو ئازادیی و جۆرێک لەکرانەوەی گەورە پێناسەکراوە،
‎هۆکارەکەشی نەبینینی پشت ئەم بازدان گەورەیەبووە بێئاگا لەوەی زۆرێک لەم میدیایانە هیچ ستراتیژ و بەرنامە و ئامانجێکی کۆمەڵایەتی کلتوری هتد لەپشت نەبووە، بەڵکو پلان و سیاسەتی زۆرێک لەو ملیاردێر و ملیۆنێرانە بوو کە بە ئامانجی سپیکردنەوە و ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگەبوو بۆ شاردنەوەی هەموو ئەو ڕوداوانەی کە ئەم جۆرە لەکەسانەی کە لەسەرساجی عەلییەوە کرد بە خاوەنی سیاجی نیشتمان.
‎میدیای کوردی بەشێکی زۆری کەوتە ژێر کاریگەریی ئەو میدیای ملیاردێرانەو پرسی گەندەڵی و خیانەت و دەوڵەمەندبوونی نائاساییان پەردەپۆش دەکردو فەزای گەندەڵی و ماڵوێرانیان دەخستە گەردنی سیاسییەکان(گەرچی سیاسییەکانیش بەشێکیان هەڵدەگرێ ڕوی ڕاستەقینەیان ببینرێت) فۆکسی میدیا لەسەر بەرپرس و کارەکتەری سیاسییەکان گرنگە، بەڵام زۆرێک لەمیدیاو ڕۆشنبیر و چالاکوانی مەدەنی قسەی نییە یان گەر هەبێت زۆر کەمە لەسەر ئەو کەسانەی کەئەمڕۆ تەواوی داهات و سەروەتی ئەم میللەتەیان برد و خوارد کەسێکیش نییە بڵێت (ئەم سەروەت و داهاتەت لەکوێبوو؟)
‎ڕاستە زۆرینەی ئەم ملیاردێرانە سیاسییەکان لەپشتیانن یان بوونەتە حاشییەیان، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە ئەمەیە کێ لەم  ملیاردێرانەی پرسی چۆن و بەچی ئەم سامانە؟
‎بابەتێکی دیکە لەپشت ئەم ملیاردێرانەوە ئەوەیە زۆرینەیان ئێستا لەنەتەوەو تەنانەت لەحکومەت و دەسەڵاتیش بەدەسەڵاتترن و بەو ڕێگە ناشەرعییەی بوونەتە سەرمایەدار  پەیوەندی نێودەوڵەتیان هەیە ولەڕێگەی سەروەتی ئەم میللەتەوە ئێستا پارێزبەندیی جیهانیان بۆخۆیان دروستکردوە، بەڕادەیەک حکومەتیش  نیو هێندەی ئەوان کاریگەری نییە، ڕونتر بڵێم بەشێکیان لەو پەیوەندییەشدا خیانەت دەکەن و  زۆر کاریان بۆ وڵاتان و دەزگا نهێنییەکان کردووە، ڕووداوی بەئامانج گرتنیان و کاردانەوەکان لەناوخۆ و دەرەوە ڕاستی ئەوەیە کە وتوومە. هەربۆیە دەڵێم حکومەت ناتوانێت و دەسەڵاتی هیچی نییە لەئاستیان. بردنە دەرەوەی پارە و وەبەرهێنان لە وڵاتانی دەرو دراوسێ وایکردووە ئەم وڵاتە مایە پووچە لەهەموو ڕویەکەوە.
‎لەهیچ وڵاتێکدا نەبووە و نییە سەرمایەدار لە دەرەوەی حکومەت و دامەزراوەکان پەیوەندیی نەک ئابوری بەڵکو سیاسی هەبێت، تەنها لەم هەرێمە سێ بە چوارەی خۆمان نەبێت.
‎سیاسەتێکی دیکەی ئەم ملیاردێرانە کاریگەریانە بەسەر زۆرینەی ڕەهای میدیاکانەوە، چونکە خۆیان خاوەنی میدیای گەورە و کاریگەرن، دەسەڵات و حکومەتیش یان هاوبەشن یان تێوەگلاون بێدەنگن، هەرئەمەشە وایکردووە نەتوانن لێیان بپرسنەوە.
‎ئێمە دەبێت تێبگەین بە دروستکردنی مزگەوت مەکتەب و نەخۆشخانەیەک نابێت بکەوینە سەر گازەرەی پشت بۆیان نابێت بێ ئاگابین لەوەی لەپشت ئەم هەنگاوانە چی دەگوزەرێت؟ یان چیمان لێ دەبەن؟
‎دەزانین زۆرینەی سیاسییەکان گەندەڵن بەڵام گەندەڵتر لەوان ئەو ملیاردێر و ملیۆنێرانەن دوێنێ درووست بوون، لەکاتێکدا ئێمە چیمان هەیە کام هێڵی گەرمی بازرگانی جیهانی کام  داهێنان و کۆمپانیای گەورەی جیهانی؟ کام خاڵی سنووری و بەندەری گەورەی بازرگانی ؟ حەقی خۆی نییە میدیا ئیتر بپرسێت و ببینێت چۆن و لەکوێ ئەم ملیارەها دۆلارە؟
‎ دەزانن لەم وڵاتەدا چەندین بازرگان و ملیۆنێر هەن کەس نازانێت کێن، ئێوەدەزانن بەشێکی پزیشکی ئەم وڵاتە ڕۆژانەو شەوانە چەند داهاتی  هەیە و حساباتی گەورە گەورەی هەیە و کەس لەگوڵێ کاڵتر ناڵێت و زۆرجاریش کەوتووینەتە مەدح و سەنایان من دەزانم وڵاتی بێ سیستەم و بێ چاودێری ڕێگە خۆشکەرن بۆ ئەم ملیاردێرانە، کورد دەڵێ دز بازاڕی شێواوی دەوێت.
‎پێموایە کاتی ئەوەیە میدیای ڕاست و هاوسەنگ و  بۆ میللەت و خودا سوڵحاو پێوستە لەپشت سیاسییەکانەوە کار بکات و پەردە لەسەر چەندین بابەتی دیکە لابدات، نایشارمەوە زۆر هیوام نییە، چونکە دەزانم ئەم دەوڵەمەندە هەڵتۆقیوانە سوپایەک لەمیدیاکار و میدیایان دروستکردوە بۆ ڕۆژی مەبادا و هەرئەمەشە تا ئەمڕۆ توانیویانە دووربن لە لێنزی کامێرا و نوکی قەڵەمی نوسەر و ڕۆژنامەنوسان. چونکە زۆر عاقڵانە توانیویانە تەواوی فۆکسی کۆمەڵگە بخەنە سەر سیاسییەکان و هەندێ لای دیکە.
‎لە پرسە و ڕووداوێک لەم ملیاردێرانە ڕوودەدات، سەیرکەن دەبەرانبەری سیاسی و کەسایەتییەکان میدیا و خەڵکیش لەدەوریانن، تەنانەت زۆرجار کەسی یەکەمی ئەم حزب و وڵاتەش پرسەگێڕ و ئاوگێڕیانن، بۆ؟ چونکە لەهەموو ڕویەکەوە لەوان کاریگەرترن هەندێکیشیان پشتیوانی گەورەی نێودەوڵەتیان هەیە، کاتی واش هەبووە ئەم هەرێمە توشی قەیران بووبێت نەک لەپشت حکومەت نەبوون بەڵکوو وەک دزی بازاڕی شێواو سودمەند بوون، بەشێکی باشی ئەم ملیاردێرانە دەستیان چوەتە ناو کاری سیخوڕی و بازرگانی نایاسایی و هەندێکیشیان لێرە پارەی دەرەوە سپی دەکەنەوە، حکومەت شەش مانگ جارێک مووچەدەدات، قسەیەک باوە دەڵێن(فڵان بازرگان) دەتوانێت ساڵێک موچەی ئەم وڵاتە بدات، بۆڕاستی ئەم قسەیە ئەم حکومەتە چەندینجار چەند ملیاردێرێک توانیویانه مووچەی موچەخۆران بدەن، حکومەت خۆشی وتویەتی پارەمان لە دەوڵەمەندەکان وەرگرتوە، ئەرێ کەسێک میدیایەک پرسی چۆن و لەکوێی هێنا؟ چۆن وڵاتێک قەرزاری دەوڵەمەندەکانە؟ خێرە حکومەتێک نەتوانێت سود لەم سامانەوەربگرێت بەڵام چەندکەسێک سودمەندبن؟
‎پێموایە هەتا ڕوی میدیا و میدیاکار نەسوڕێت و کار لەسەر ئەم توێژە پەنهانە نەکات کارمان ماشی نابێت، ئێمە دەزانین ئەم کارە بەحکومەت و دامەزراوەکانی ناکرێت و زۆربەیان تێوەگلاون لەگەڵیاندا، تەنها دەرچەیەک  میدیاو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانن دەتوانن پەردەکان لابدەن و ئەم پرسە بەجدی وەربگرن و وەڵامی پرسارەکان بدەنەوە.
‎لەدوای ڕاپەڕینەوە هەزارەها  وتار و هەواڵ و ڕاپۆرتمان بینی و خوێنرایەوە لەسەر گەندەڵی حزب و سیاسییەکان، ئەمە جێی دەستخۆشییە، وەلێ ئەی ئەو هەموو گەندەڵ و ملیاردێرانەی وڵاتیان دادۆشی و کەسێ هیچ ناڵێت؟
‎تەنانەت بەپلان لەهەندێک میدیای دروستکراوی خۆیان وایان کردووە، نەک قسەلەسەر سەروەتیان ناکرێت، بەڵکو کراونەتە فریاد ڕەس و فریشتە و خەمخۆر و خێرخواز و هتد کەئەمانە هیچی وانییە چونکە لەهەرێمێکی چەند ملیۆنی و بێ داهاتی گەورە ئەم هەموو ملیارد و ملیۆنێرە ئاسایی نیە و گونجاو نییە بپرسن بەدواداچوون بکەن زۆر شتی نەوتراو دەوترێت زۆر چیرۆکی ترسناک دەنوسرێت زۆر وێنەی ناخ هەژێن دەبینین بپرسن میدیای ڕاستەقینە دەتوننێت ئەم کارە بکات.
‎ دوای ڕاپەڕین تێگەیشتین سیاسیەکان کێن و خەریکی چین؟ تێگەیشتین لەپەنای سیاسەتدا چەندین کاری خراپ و گەندەڵیانکرد، ئایا حەقی خۆی نیە بپرسین ئەم هەموو کۆمپانیاو بازرگانە ناخۆڕسکانە چۆن دروست بوون؟ بەڕای من میدیای کوردی کەمتەرخەم بوو، سەرەڕای کەمتەرخەمی نەیتوانی فۆکسی کۆمەڵگە بخاتە سەر ئەم مافیا ملیاردێرانە بێدەنگی میدیاو ڕووی ڕاستەقینەیان وایکردووە، ئێستا هەموان ئەمانە بەفریشتەو خەمخۆر و فریادڕەس دەبینن، لەکاتێکدا زۆرینەیان بەڵای گەورەی سەرکۆمەڵگەن. زۆربابەتی  دیکە کەدەکرێت لەم ڕووەوە هەموان کاربکەن و کاتی دەرخستنی  ڕووی ڕاستیەکانە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە