.
12:12 PM - 09/04/2024
عافێتیان بێت و عافێتمان بێت
ستران عەبدوڵڵا
روخا روخا، ئەگەرچی لە ناکاو بوو، بەڵام خۆ هەر روخا.
رەنگە کەس وەکو گەلانی عێراق لەم پرسەدا هەست بە ئیحراجی نەکەن و ناکەن ، هێزێکی دەرەکی بە خۆی و تاقم و تفاق و دەبابەکانییەوە لە دەرەوە هات و لەسەر سینییەکی زێڕین ئازادی پێشکەش کردن ، رژێمەکەیان بۆ روخاندن و گوتیان فەرموو ماڵەباجێنەی تری تیا بەرپا بکەن .
بۆیە ماوەیەکی باشی ویست تا ئەم گرێ دەرونییەیان چارەسەر کرا و هاتنە سەر هێڵی خاوەندارێتی لە خۆیان و لە وڵاتەکەیان. هەرچەندە ئەم ساتە وەختەی کەوتنی بتی سەددام حسێن هەموو دیمەنەکە نییە، بەڵکو دیاترین گرتەیتی، عێراق و گەلانی ناو ئەم چوارچێوەی بە قەد کۆمارێکی ئۆتۆنۆمی سۆڤێت نابێ، کەچی بە قەدەر هەموو سیبیریا و ئۆردگا زۆرەملێکانی رەفیق ستالین ئازار و زەحمەتی و بەڵای بینیووە، ئەم عێراقە لە زووەوە زۆرانبازی دەگەڵ دیکتاتۆری بەعس دەکا و بە تەقویمی رۆژ و مانگ و ساڵ نرخی ئەم زۆرانبازییەی دەدا. ئەوە کورد بە شۆڕش و راپەڕین و رێکخستنەکانی، بە پێشمەرگە و زیندانی و نەخێرە زۆر و زەوەندەکانی، ئەو عەرەب، بەشیعە و سوننە، بە حزب و کەسایەتی و عەلمانی و شیوعی و ئیسلامییەوە، ئەوەش میللەتەکە خۆی کە بە سەبر و ئۆف و ئاخی پەنهانەوە دوعای لە (ئەبو عەدای) دەکرد. تەنانەت ئەم بەعسە بێ تام و بەزەبرە، لەم سیوپێنج ساڵەی حوکمی خۆیدا( تەمووزی ١٩٦٨- نیسانی ٢٠٠٣) زۆری لێ هەڵگەڕانەوە ، لە قاعەی خولدی پاکتاوی بەعسەکەی دەورانی بەکرەوە تا دەسترێژی دوجەیل، تا لولەی دەبابەکەی سەربازی کشاوەی شکستخواردووی سەرچڵی داگیرکردنی کوێت کە بڵێسەی راپەڕینی جنوبی داگیرساند، زۆر و زۆر هەوڵی پەلاماردان هەیە، بە جۆرێک ئەگەر رێگە بە چاپی بیرەوەری سەرباز و ئەفسەرانی سوپای بەعس بدرێت یان عەقڵیان پێی بشکێ و بینووسنەوە زۆر پاڵەوانێتی ڕاست و درۆ ریز دەکرێن کە نەعلەکەی ئەبو تەحسین بە نەعل دەکرێتە دەرەوەی گرتەی سەرکەوتنی مێژووییەوە . تا تەمەنی بەعس درێژتر دەبوو بازنەی نەخێر و ناڕەزایی دژی فراوانتر دەبوو، بەڵام دیارە بەشێک لە شۆڕشگێرەکانی بەعسیان تەزاند و دیکتۆریان دەرپەڕاند ، دوای کەوتنی یەکجارەکیی خەریکی غەنیمەی سەرکەوتن بوون و نەپەرژانە سەر گێڕانەوەی وردەکارییەکانی بەرەنگاری دیکتاتۆری.بۆیە نەوەکانی ئەم بیستویەک ساڵەی عیراقی ئازاد گرێی دەروونی دەبابەکانی مارینزیان هەیە کە ئیشەکەی بۆیان کرد.
خۆ وەڵلا مارینز چاکیان کرد و قەیچێکا با ئەم خەڵکە بندەستەی بەعس سەرەنجام دەسکەوتیان هەبێ بێ ئەوەی پێیەوە هیلاک بن.
کاتی خۆی زۆریان کرد و زۆر تەقەیان تەقاند و باڵێۆزی سەفارەتەکانی دۆستی سەددام بوون باوەڕیان بە وتەزایە کردبوو کە (لۆ تتلەع نەخلە براسو) ، یانی ئەگەر دارخورما لەسەر مام جەلال بڕوێ دوو کەسی پێ نابرێتە چیاکانی یاخیبوون دژی دیکتاتۆری. کە کردیشی و ماڵیئاوا خۆی و پێشمەرگە و گیان لەسەر دەستەکانی.
جا ئەوە رەحمەتی سەرکردە و فەرماندەی دیار کاک جەبار فەرمان کە جگە لە نەبەردی و نەبەزییەکەی ئەهلی شۆخی و نوکتەش بوو، نەقلی نەزیلەی کابرایەکی خۆمانی دەگێڕایەوە؛ دەنکە زەیتونەکە لە ناو قاپ بە چنگال نە دەگیرا ، تا گیرا و خورا، کابرای خۆمانی گوتی (من شەکەتم کرد و ئەویش گرتی)
قەیدی چییە! نزیکەی چل ساڵ خەڵکی عیراق لە بۆربۆرێنی سەددامدا هیلاکیان کرد و سەرەنجام ئەمەریکا و تەحلوف گرتیان و خواردیان.. عافێتیان بێت و عافێتمان بێت.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە