کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

وڵاتانی ئۆپیك پڵەس بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت كۆدەبنەوە

.

04:14 PM - 06/06/2020

ئەمڕۆ وڵاتانی ئەندام لە رێكخراوی ئۆپیك‌ و دەرەوەی ئەو رێكخراوە كۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەسەر درێژكردنەوەی رێكەوتنی نێوانیان بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت.
كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی وڵاتانی ئۆپیك پڵەس تایبەت دەبێت، بە پێشنیارێكی سعودیە بۆ ئەوەی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ ماوەی چەند مانگێكی تریش لەو ئاستەی ئێستایدا بمێنێتەوە، كە رۆژانە 9 ملیۆن‌و 700 هەزار بەرمیلە. جگە لەوەش هاندانی عیراق‌و نەیجیریا بۆ پابەندبوونی تەواو بە رێككەوتنی كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، یەكێكی تر دەبێت لە تەوەرەكان.
وڵاتانی ئۆپیك پڵەس لە 12ی نیسانی 2020دا رێككەوتن لەسەر كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، بەجۆرێك لە مانگی ئایار‌و حوزەیراندا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەبڕی 9 ملیۆن‌و 700 هەزار بەرمیلی رۆژانە كەمبكرێتەوە‌و لەمانگی تەمموزەوە تاكۆتایی ئەمساڵ ئەو بڕە بكرێت بە نزیكەی 8 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە. بەڵام عیراق‌و نەیجیریا تاوەكو ئێستا بەڕێژەی لەسەدا 50 پابەندی رێككەوتنەكە بوون.
هاوكات پێش دەستپێكردنی كۆبوونەوەكە، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەرزبوەوە‌و لەدوایین مامەڵەكانی رۆژی هەینیدا نرخی یەك بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتە 42 دۆلار‌و 30 سەنت‌و نرخی یەك بەرمیل نەوتی سووكی تەكساس بە نزیكەی 40 دۆلار مامەڵەی پێوەكرا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە