.
05:04 PM - 31/05/2020
له (45)مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، قوباد تاڵه‌بانی په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاراسته‌ی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌ھیدان و سه‌ركردایه‌تی و كادیر و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كردووه، كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
په‌یامێك له قوباد تاڵه‌بانییه‌وه
كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌ھیدان
سه‌ركردایه‌تی و كادیر و ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
سڵاوێكی ھه‌ڤاڵانه‌تان لێ بێت..
به بۆنه‌ی یادی 45 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی گه‌رمترین پیرۆزبایی ئاراسته‌ی یه‌ك به یه‌كتان ده‌كه‌م. هه‌ر له‌م بۆنه پیرۆزه‌دا سڵاو ده‌نێرم بۆ رۆحی سه‌رۆك و رابه‌رمان مام جه‌لال و هه‌موو ئه‌و سه‌ركرده تێكۆشه‌رانه‌ی به‌ر له 45 ساڵ له لوتكه‌ی بێهیواییدا به دامه‌زراندنی یه‌كێتیی و هه‌ڵگیرسانی چه‌خماخه‌ی شۆڕشی نوێ هیوایان بۆ گه‌له‌كه‌مان گه‌ڕانده‌وه. هه‌روه‌ها سڵاو ده‌نێرم بۆ رۆحی به‌رزه‌فڕی شه‌هیدان كه به خوێن و گیانی پاكی خۆیان كوردستان و یه‌كێتیان به‌م رۆژه گه‌یاند.
هه‌ڤاڵانی خۆشه‌ویست.. هه‌مێشه له‌بری قسه‌كردن، هه‌وڵمداوه له پشتی په‌رده‌وه یارمه‌تیده‌ری هێوركردنه‌وه‌ی دۆخی هه‌رێمی كوردستان بم، به‌ڵام ئێستا و له‌م بۆنه پیرۆزه‌ی یادی دامه‌زراندنی حزبی شه‌هیداندا، مه‌به‌ستمه به كورتی جه‌خت له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك بكه‌مه‌وه كه په‌یوه‌ندیدارن به دۆخی ئه‌مڕۆی یه‌كێتی و كوردستان و رۆڵی به‌نده‌وه.
یه‌كه‌م: وه‌ك هه‌ڤاڵێكی یه‌كێتیی، ئامانجم یه‌كێتیی ناو ریزه‌كانی یه‌كێتییه. خۆشبه‌ختانه له‌م قۆناغه‌دا و به تایبه‌تیش له دوای یه‌كه‌م كۆنگره كه له غیابی سه‌رۆك و رابه‌رمان مام جه‌لال ئه‌نجامدرا، یه‌كێتی به‌ره‌و ئه‌م یه‌كڕیزییه هه‌نگاو ده‌نێت، به‌ڵام ئه‌مه به‌س نییه و چاوه‌ڕوانی زیاترمان لێ ده‌كرێت، بۆیه پێویسته روحی هه‌ڤاڵانه له‌ناو خۆماندا به‌هێزتر بكه‌ین. له ده‌رگای هه‌موو ئه‌و هه‌ڤاڵانه بده‌ین كه رۆژێك له رۆژان به هه‌ر هۆكارێك زویر بوون و ئاشتیان بكه‌ینه‌وه و هه‌رگیز ده‌ستبه‌رداری سیاسه‌تی چه‌پكه گوڵه‌كه نه‌بین و له‌ژێر سێبه‌ری ماڵه گه‌وره‌كه‌دا هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه یارمه‌تیده‌ر و هاوكاری هه‌ر دوو هه‌ڤاڵی هاوسه‌رۆك بین.
با بۆ هه‌موو لایه‌ك روون بێت كه من ته‌نیا برایه‌كم نییه، به‌ڵكو دوو برام هه‌یه كه كاك بافڵ و كاك لاهورن. هه‌موو ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و كادیران و ئه‌ندامانی یه‌كێتیش هه‌ڤاڵی ئازیزی منن. بۆیه با كه‌س هه‌رگیز رۆژێك له رۆژان بیر له‌وه نه‌كاته‌وه كه ده‌توانێت به بڵاوكردنه‌وه‌ی درۆ و بوختان ناكۆكی له‌ناو ئێمه‌دا دروست بكات.
خاڵی دووه‌م: نوێبوونه‌وه كه دروشمی كۆنگره و ناونیشانی سه‌ره‌كی كاری ئێستای یه‌كێتی ـ یه، به‌بێ به‌شداری چالاكانه‌ی ژنان له بڕیاردا به‌دی نایه‌ت، بۆیه ئه‌ركی هه‌موومانه ده‌رفه‌ت و زه‌مینه‌ی هاتنه پێشه‌وه‌ی زیاتری ژنان له‌ناو یه‌كێتی بڕه‌خسێنین. نوێبوونه‌وه ته‌نها به پیاوان ناكرێت و به‌شداری ژنان خۆی مه‌رجی جێبه‌جێكردنی ئه‌م دروشمه‌یه به كرده‌وه و مانا پێ به‌خشینی راسته‌قینه‌یه‌تی بۆ هێزێكی پێشكه‌وتنخواز و سه‌رمه‌شقی وه‌ك یه‌كێتی كه بڕوای ته‌واوی به توانا و رۆڵی ژنان به‌تایبه‌ت و گه‌نجان به‌گشتی هه‌یه. بۆیه به‌نده پێداگری ده‌كات له‌زیادكردنی رۆڵی ژن و به‌هێزكردنی بوونیان له‌كایه‌ی سیاسی هه‌رێمی كوردستاندا.
خاڵی سێیه‌م: مێژووی دوور و نزیكمان پێمان ده‌ڵێت كه ناتوانین هیچ ده‌ستكه‌وتێك بۆ كوردستان به‌دی بهێنین ئه‌گه‌ر وه‌ك كورد له‌ناو ماڵی خۆماندا نا ته‌با بین، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌ئێستادا ره‌نگه ئه‌و ته‌باییه به‌پێی پێویست نه‌بێت و كاری دڵسۆزانه‌ی زیاتری ده‌وێ.
به راشكاوی ده‌ڵێم سیاسه‌ت له‌سه‌ر كۆنه‌قین ناكرێت. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت حوكمڕانییه‌كی ته‌ندروست بونیاد بنێین ده‌بێت دوور بكه‌وینه‌وه له هه‌ر هه‌نگاوێك كه ناكۆكی و بێ متمانه‌یی دروست بكات. من له‌م پێناوه‌دا هه‌وڵی زۆرم داوه و زۆرجاریش به‌داخه‌وه لۆمه كراوم.
خاڵی چواره‌م: هه‌موومان كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كوردستان پێویستی به چاكسازیی بنه‌ڕه‌تی له حوكمڕانیدا هه‌یه. به‌ڵام ئه‌سته‌مه بتوانین چاكسازی بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بێت‌و متمانه دروست نه‌كه‌ین. چاكسازی به‌ته‌نیا به لایه‌نێك ناكرێت، به هه‌موومانه‌وه ده‌كرێت به تایبه‌تیش پێویسته متمانه‌یه‌كی ته‌واو له‌نێوان لایه‌نه‌كانی به‌شدار له حكومه‌تدا هه‌بێت. ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه به كۆده‌نگی بڕیاری گه‌وره بده‌ین له پێناوی چاكسازی و گه‌شه‌پێدان و بونیادنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوری و راستكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كانی حكومڕانی. با هیچ كه‌س و لایه‌نێكیشمان پێمان وانه‌بێت كه بێبه‌رین له هه‌ڵه‌كانی رابردوو، به‌تایبه‌ت یه‌كێتی و پارتی.
به‌بێ هیچ زیاده‌ڕۆییه‌ك ده‌ڵێم ئێمه ئه‌گه‌ر به دڵسۆزی و به یه‌كگرتوویی و به پلان و به دوور له سیاسه‌تی كۆنه‌قین هه‌نگاو بنێین، ئێستاش ئه‌وه‌نده سه‌رمایه‌ی مادی و مرۆیی مه‌زن له‌م وڵاته‌دا هه‌یه كه ده‌كرێت كارێك بكه‌ین له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكدا بناغه و ژێرخانێكی ئه‌وه‌نده پته‌و دروست بكه‌ین كه به‌دابه‌زینی نرخی نه‌وتیش، هه‌ر بتوانین ژیانێكی شایسته بۆ هاوڵاتییه‌كانمان دابین بكه‌ین.
ئه‌مه‌ی باسم كرد كورته‌یه‌ك بوو له‌و سیاسه‌ته‌ی باوه‌ڕم پێیه‌تی و له‌سه‌ری به‌رده‌وام ده‌بم، هه‌موو ژیانی سیاسی خۆشم له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م رێبازه بونیاد ناوه كه ئه‌لفوبێكه‌ی له باوكم و مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌وه فێر بووم.
له كۆتاییدا جارێكی دیكه یادی دامه‌زراندنی یه‌كێتی له هه‌موو لایه‌ك پیرۆز ده‌كه‌م و دڵسۆزانی یه‌كێتی دڵنیا ده‌كه‌مه‌وه كه یه‌كێتییه‌كه‌تان خوێنێكی تازه‌ی به‌به‌ردا هاتووه‌ته‌وه و به گوڕتر له جاران و هه‌میشه له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه به‌رزه‌كانی گه‌له‌كه‌ماندا تێده‌كۆشێت.
هه‌ر شاد و سه‌ربه‌رز و سه‌ركه‌وتووبن..
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە