کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

سبەینێ‌ بوروسیادۆرتمۆند و بایرن میونشن لەیاری دێر كلاسیكەر بەیەك دەگەن

.

09:43 PM - 25/05/2020

یاری دێر كلاسیكەری ئەمجارەی نێوان بوروسیا دۆرتمۆند و بایرن میونشن لەهەفتەی 28ی بۆندس لیگای ئەڵمانی لەكەشێكی زۆر جیاوازتر لەوانەی پێشویان بەرێوە دەچێت كە هۆكارەكەی بڵابونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنایە و لەم یاریە لوتكە و بەهێزەی كە سەعات 7و 30 دەقیقەی شەوی سێ شەممە لەیاریگای سیگناڵ ئیدۆنا پارك بەرێوە دەچێت هاندەرە زۆر و پڕ جۆش و خرۆشەكانی هەردوو یانە گەورەكەی ئەڵمانیا لەناو یاریگا ئامادەنابن تا هانی یانەكانیان بدەن و چێژێكی زیاتریش بەیاریەكە ببەخشن كە ئەو یاریگایە لەكاتی سەردانیكردنی یانە باڤاریەكە بەنزیكەی 80 هەزار هاندەر پڕ دەبۆوە  ئەنجامی روبەروبوبونەوەی یاری لوتكەی نێوان بوروسیادۆرتمۆندی دووەمی ریزبەندی و بایرن میونشنی پێشەنگ رۆڵێكی گەورەی دەبێت لەدیاریكردنی ناسنامەی پاڵەوانی ئەم وەرزە كە ئێستا و پێش ئەم یاریە جیاوازی خاڵەكانی نێوانیان تەنها 4 خاڵە  یاری كلاسیكەر گرنگی زۆری بۆ هەردوو یانە هەیە كە دەیانەوێت درێژە بەسەركەوتنەكانیان بدەن و سێیەم بردنەوەی بەدوای یەك تۆمار بكەن لەدوای دەستپێكردنەوەی ركابەریەكان كە بۆ زیاتر لە دوو مانگ بەهۆی بڵابونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا وەستابوو  بەڵام بردنەوە بۆ دۆرتمۆندی میواندار گرنگیەكەی زیاترە لەبەرئەوەی 3 خاڵی یاریەكە واتە كەمكردنەوەی جیاوازیەكە بۆ تەنها یەك خاڵ و لەئەگەری شكستیش ئەوا جیاوازیەكە بۆ 7 خاڵ فراوان دەبێت و ئەو كات یانە باڤاریەكە هەنگاوێكی زیاتر لەنازناوەكە نزیك دەبێتەوە بۆ وەرزی هەشتەمی بەدوای یەك  هەردوو یانەكە بەباشترین شێواز كاروانەكەیان لەخولەكە دەستپێكردەوە بەجۆرێك دۆرتمۆند لەیاری دێربی رۆر بە 4 گۆڵی بێ وەڵام شاڵكەی دوچاری شكست كرد پێش ئەوەی لەدووەم یاری بە2 گۆڵی بێ وەڵام لە فۆڵفسبۆرگ بباتەوە هەرچی بایرن میونشنە بەبردنەوەی لە یۆنیۆن بەرلین بە 2 گۆڵی خاوێن لەبەرلین گەرایەوە پێش ئەوەی لەیاریگای خۆی بە5 گۆڵ بەرامبەر بە 2 گۆڵ لە ئینتراخت فرانكفۆرت بباتەوە  سەرجەم یاریزانانی هەردوو یانە جەختیان لەگرنگی یاریەكەی ئەم جەولەیەیان كردۆتەوە و ئامانجیانە بتوانن 3 خاڵی یاریەكە بەسودی خۆیان یەكلایی بكەنەوە  لەكاتی دەستپێكردنەوەی بۆندس لیگا پێش 10 رۆژ لەمەوپێش لەپشتی دەرگا داخراوەكان تەنها 3 یانە لەیاریگای خۆیان بردنەوەیان تۆمار كردووە لەبەرامبەر میوانەكانیان و یانەكانی بایرن میونشن و بوروسیا دۆرتمۆند و هێرتابەرلین لەدوو جەولەی رابردوو 6 خاڵی یاریەكانیان بەدەستهێناوە  یانەكەی هەرێمی باڤاریا لەژێر سەرپەرشتی هانز فلیكی راهێنەر ئامانجیەتی درێژە بەزنجیرە سەركەوتنەكانی بدات و باڵادەستی خۆی بەسەر دۆرتمۆند دوپاتبكاتەوە بەجۆرێك لەدوا 7 یاری نێوانیان لەخولی ناوخۆ  بایرن میونشن 5 یاریانی بردۆتەوە كە دواهەمینیان بە4 گۆڵی بێ وەڵام بوو لەمیونشن لەمانگی 11ی ساڵی رابردوو  بۆ ئەم یاریە بایرن میونشن پشت بەلێهاتویی و ئاست بەرزی رۆبرت لیڤاندۆڤسكی هێرشبەری پۆڵەندی دەبەستێت كە كۆی گۆڵەكانی لەم وەرزەی خولەكە گەیشتۆتە 27 گۆڵ لەپێشەنگی لیستی گۆڵكاران  ئەو هێرشبەرە لەدوای بەجێهێشتنی دۆرتمۆند و چونی بۆ بایرن لەساڵی 2014 توانیویەتی 27 گۆڵ لەبەرامبەر دۆرتمۆند تۆمار بكات  لەبەرامبەردا یانە زەردپۆشەكە هیواكانی بە ئیرلینگ هالاندی هێرشبەری لاوی نەرویجی تەمەن 19ساڵ بەستۆتەوە كە لەمیركاتۆی زستان لەساڵزبۆگری نەمساویەوە پەیوەندی بەدۆرتمۆند كرد و تا ئێستا و لە10 یاریدا بەدرێسی یانەكەی 10 گۆڵی تۆمار كردووە  لیڤاندۆڤسكی و هالاند خاوەنی ژمارەی پێوانەین لەژمارەی گۆڵ تۆمار كردن لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتی یە جیاوازەكان لەم وەرزەدا بە 41 گۆڵ لە 35 یاریدا تا ئێستا   لەم یاریەشدا سەرنجەكانیان لەسەر كۆدەبێتەوە بۆ سەركردایەتیكردنی یانەكانیان لەیەكلایی كردنەوەی ئەنجامەكە و بەدەستهێنانی 3 خاڵی یاری لوتكەی كلاسیكەر

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە