کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كەرەنتینە تەنیا هەلی خۆپارێزیی ئێستامانە...لەباری مەبەن

.

12:34 PM - 01/03/2020

د.رەنجدەر قەرەداغی

وڵاتی چین کە سەرچاوەی پەتاکەیە بەو هەموو توانا مرۆیی و ماددی و زانستییەوە، هەر لەیەکەم ڕۆژی پەتاکەوە پشتی بە سێ شت بەست، یەکێکیان ڕێنمایی بە خەڵک کە چۆن خۆیان بپارێزن بە ڕاگرتنی پاکوخاوێنی گشتی، دووەم بە نەهێشتنی قەرەباڵغی لە ڕێگەی قەدەغەکردنی هاتووچۆ و داخستنی دەروازەی شارەکان و پێدانی پشوو بە ناوەندەکانی خوێندن و فەرمانگەکان و قەدەغەکردنی هەموو چالاکی و ئاهەنگێک لە کاتێکدا کە وڵاتەکە لە سەروبەندی جەژنی سەری ساڵی چینیدا بوو کە گەورەترین بۆنەیە لە وڵات و ملیۆنان کەس گەشتی تیا دەکەن و فڕۆکەخانەو میترۆکان سیخناخ دەبن لە خەڵک.

سێیەم ڕێکار کە لە لەوانی تر گرنگتر نەبێ کەمتر نیە، ئەویش کەرەنتینەبوو، کە بە زمانێکی سادە بریتییە لە جیاکردنەوەی ئەوانەی مەترسی تووشبوونیان لێدەکرێ یا هەڵگری ڤایرۆسەکەن یا بەرکەوتنیان هەبووە لەگەڵ کەسی تووش بوو یا لە ناوچەیەک بوون پەتاکەی لێ تۆمار کرابێ، بەمە سووڕی بەردەوامی ڤایرۆسەکە لە بڵاوبوونەوە دەقرتێنرێ و لە دەرەوەی لەشی مرۆڤ ناتوانێ بژی و درمەکە کۆتاییدێت.

چین لە سەرەتای مانگی دوو ڕۆژانە چوار هەزار تووشبووی نوێی تۆماردەکرد، ڕۆژێک گەشتە ٤٥ هەزار، ئێستا بەو ڕێکارانە هاتۆتە سەر نزیکەی پێنج سەدکەس لە ڕۆژێک، وە ژمارەی مردووان لە ٢٥٠ کەسەوە هاتۆتەخوار پەنجا کەس.

بۆ زانیاریی، ژمارەی دانیشتوانی ووهان بە تەنها کە سەرچاوەی پەتاکەیە سەروو یانزە ملیۆنە، کە دەکاتە سەروو دوو هێندەی دانیشتووانی هەموو هەرێمی کوردستان.

بۆیە هەڵهاتن و خۆدزینەوەی هەندێ هاونیشتمانی نەک هەر مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ژیان و سەلامەتی و تەندروستیی خۆیان، بەڵکە مەترسیی ڕاستەوخۆشە لەسەر سەلامەتی کەسە نزیکەکانی خۆشیان، دواتریش سەرجەم هاووڵاتییان.

بەهەر بیانوو یا هۆکارێک هەر کەسێک بە ڕێگای قاچاخ گەڕاوەتەوە ئێستەش درەنگ نیە با سەردانی نەخۆشخانەی تایبەت بە کۆرۆنا بکات بۆ دڵنیابوون لە باری تەندروستی، ئێوەش هەرکەسێک دەناسن گەڕاوەتەوە و خۆی نەپشکنیوە، تکایە ڕێنمایی بکەن و هاوکاریان بن بچن خۆیان بپشکنن و کەرەنتینە بکرێن.

ئەمە ئەرکێکی ئاینی، ئەخلاقی، نیشتمانییە، وە زامنی پاراستنی سەلامەتی و تەندروستی هەمووانە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە