کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

بەیانی دەزگای هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

.

03:29 PM - 17/09/2019

ئاشکرایە لای هەمووان کە یاسای ژمارە ( ١٤ ) ی ساڵی ٢٠١٩ی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق ژمارە ( ١٢ ) ی ساڵی ٢٠١٨، لەماددەی ( ١٢ )دا هەمواری ماددەی ( ٣٥ ) ی یاساکە دەکات بە زیادکردنی دوو بڕگەی ( حەوتەم و هەشتەم ) بۆ ئەو ماددەیە کە تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پابەند دەبێت بە وردبینی و هاوتاکردنی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکوک، بە پشت بەستن بە فۆرمی خۆراک و ناسنامەی باری شارستانی لەماوەیەکی دیاریکراودا کە لە ٣١/١٢/٢٠٢٠ دا کۆتایی دێت، کە بە هاوتاکردنە سەرجەم ئەو ناوانەی جیاوازیان هەیە لەهەردوو تۆمار لادەبرێت لەتۆماری دەنگدەران جگە لەو ناوانەی کە لە لیژنەی بەدواداچوونی ڕاستیەکان کێشەیان نەبووە بەپێی ماددەی ( ١٤٠ ) دەستوری عیراقی.
 بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانییە، دەرچواندنی فەرمانێکی دیوانیی ژمارە ( ١٤ ) ٢٦/٨/٢٠١٩ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بەپێکهاتنی لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستەی لەیاساکەدا ئاماژەی پێ کراوە، سەرجەمیان لەپێکهاتەی عەرەبین، ئەمەش دژی بنەمای تەوافقە لە دەستوری عیراقدا ئاماژەی پێکراوە، بۆ بەرجەستەکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانە لەو شارەدا کە دەبوو لایەنی کەم بەڕێوەبەری ئۆفیسی کەرکوکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ( ١٤٠ ) ی دەستوری عیراقی تێیدا ئەندام بوایە یاخود نوێنەری کورد و تورکمان و کلدان و ئاشوری پێکهاتەکانی تری ئەو شارەی تێدا بوایە.
 هەروەها ئەم بڕیارە دیوانیە سەرپێچی بڕگەی حەوتەمی ماددەی ( ٣٥ ) ی یاسای ناوبراو دەکات بەدیاریکردنی ماوەی ٦٠ رۆژ بۆ جیبەجێکردنی پرۆسەی ووردبینی و هاوتاکردنی ناوەکان لەتۆماری دەنگدەران کە یاساکە ٣١/١٢/٢٠٢٠ دیاری کردووە.
لەکۆتاییدا داواکارین لەجەنابی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پێداچوونەوە لە پێکهێنانی ئەو لیژنەیەدا بکات و بەشێوەیەک نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانی شاری کەرکوک تێیدا بێت بۆ پاراستنی ئارامی و پێکەوە ژیان لەو شارەدا.
د. بڕیار رەشید وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی (ی.ن.ك)

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە