کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كۆسرەت ڕەسول پیرۆزبایی ئاراستەی كەناڵی ئاسمانی كەركووك دەكات

.

01:57 PM - 03/09/2019

كۆسرەت ڕەسول پیرۆزبایی ئاراستەی كەناڵی ئاسمانی كەركووك دەكات
‎بەڕێزان: بەرێوەبەری گشتی و كارمەندانی كەناڵی ئاسمانی كەركووك
‎لە هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵەكەتان، كەناڵی كەركووك، كەناڵی دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكانی كەركووك، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی یەكە بەیەكەتان دەكەم و هیواخوازم هەمیشە لە پێشكەوتن و بەردەوامیدا بن.
‎كەناڵی ئاسمانی كەركووك لە سەردەمێكی جیاواز و لە ژینگەیەكی جیاوازدا چەپكە گوڵ و دیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوو بۆ سەرجەم پێكهاتە و نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كەركووك و تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لە وێستگە جیاوازەكان و ڕۆژە ناخۆشەكانی كەركووكدا، كەناڵی ئاسمانی كەركووك وێستگەی ورەبەخشینەوە و كۆكردنەوەی هەموو كەركووكییەكان بووەو لەڕۆژانی سەخت و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بڵندگۆی ئارامكردنەوەی دۆخەكە و هاندانی خەڵكەكەی بووە بۆ بەرگری كردن لە شارەكە.
‎لە هەشتەم ساڵڕۆژی دامەزراندنی كەناڵی ئاسمانی كەركووك وێڕای دووبارە پیرۆزباییم بۆ سەرجەم كارمەندانی كەناڵەكە دووپاتی دەكەمەوە كە دەبێ كەناڵی ئاسمانی كەركووك دەنگ و ڕەنگی سەرجەم كەركووكییەكان بێ و مینبەری گەیاندنی حەقیقەت و ڕاستبێژی بێ و بەزمانە جیاوازەكان داكۆكی لەمافی هەموو كەركووكییەك بكات و بە پەیڕەوكردنی ئیتیكی بەرزی میدیایی نموونەیەكی جوانی میدیای بینراو و بیستراو نیشانی هەموومان بدەن.


‎كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی
‎جێگری سكرتێری گشتی
‎یەكێتی نیشتمانی كوردستان

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە