کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

دادگای فیدڕاڵی لەسەر چەند سكاڵایەكی تایبەت بەهەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە

.

10:49 AM - 09/05/2024

سەرەتای هەفتەی داهاتوو دادگای فیدڕاڵی عیراق لەسەر سێ سكاڵای تایبەت بەهەرێمی كوردستان كۆدەبێتەوە و یەكێك لەسكاڵاكانیش سكاڵاكەی وەهاب هەڵەبجەیی بەڕێوەبەری گشتیی دژە تیرۆرە.

بەپێی خشتەی دانیشتنەكانی دادگای فیدڕاڵی، رۆژی یەكشەممەی داهاتوو 12ی ئایار، دادگاكە لەسەر چوار سكاڵا كۆدەبێتەوە كە سێ لەو سكاڵایانە تایبەتن بەهەرێمی كوردستان و سكاڵای یەكەم لەلایەن ئیڤان فایەق، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراقەوە دژی هەریەك لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری ناوخۆ تۆماركراوە و سكاڵاكار لەسكاڵاكەیەدا، داوا دەكات دادگای فیدڕاڵی بڕیار بدات بەبەردەوامبوونی كاركردن بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق سەبارەت بەگەڕاندنەوەی ئاوارەكان و داخستنی كەمپەكان.

سكاڵای دووەمیش لەلایەن پارێزەرێك بەناوی بەرهەم رەئوف، لەدژی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە. لەناوەڕۆكی سكاڵاكەیدا، ئەو پارێزەرە داوای هەڵوەشاندنەوەی هەمواری یاسای باری كەسێتیی عیراق دەكات، كەكۆت و بەندەكانی بەردەم هێنانی ژنی دووەمی قورس كردووە و بەپێی هەموارەكە، رێگەنادرێت بەبێ رەزامەندیی دادوەر پیاو ژنی دووەم بهێنێت.

سكاڵای سێیەم، لەلایەن وەهاب مەجید باقی، بەڕێوەبەری گشتیی دژەتیرۆر لەسلێمانی لەدژی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە.

سكاڵاكار داوا دەكات بڕیار دەربكرێت بە نادەستووریبوونی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری ژمارە (3)ی ساڵی 2006، هەر لەسكاڵاكەیدا وەهاب هەڵەبجەیی داوایكردووە، سەرجەم ئەو بڕیارانەی دادگاكانی هەولێر لەدژی دەركراون هەڵبوەشێندرێنەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە