کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

یەکێتیەکەی ئێمە

.

11:10 PM - 31/05/2023

گۆڤەند رەجەب

‎یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دامەزرا، بووە قۆناغێکی جیاواز لە مێژووی بزووتنەوەی کوردایەتی، قۆناغی خێڵ و ناوچەیی تێپەڕاند و بووە بزووتنەوەیەکی نیمچەبەرەیی کەوا زۆرینەی کەسایەتیە کوردستانیەکانی سەرجەم پارچەکان و تێکۆشەرە ئازاکانی زیندان و دڵشكاوه‌كانی دوای شکستی شۆڕشی ئەیلولی لە دەوری خۆی کۆکردەوە.


‎سەرۆک مام جەلال وەکو خاڵی کۆکەرەوەی جیاوازییەکان بوووە چەتری بیروباوەڕە نوێیەکانی شۆڕشی نوێی گەلی کورد، ئەوە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی بڵێسەسەندنی زیاتری شۆڕشی نوێی گەلەکەمان بوو کە لە ماوەیەکی کەمدا قەڵەمبازیی گەورەی بۆ بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکان هاوێشت.


‎یەکێتی لە هەموو رووەکانیەوە نوێ بوو، بیرکردنەوەی نوێ، سیاسەت و ستراتیژی نوێ، سەرکردە و رێبەرایەتیکردنی نوێ، تاکتیکی نوێ بۆ زاڵبوون بەسەر هێزی دوژمندا، تا ئەوەی ئیتر سات و رۆژ و شەوەکان پڕبوون لە چالاکیی پێشمەرگانە و رژێم بەتەواوی لێی تۆقی بوو.


‎یەکێتی گوڕی نوێی شۆڕش بوو، هێزی زۆری هاتن و چوون، پلانی زۆری لێکرا، بۆسە لەدوای بۆسە بۆی نرایەوە، گەلەکۆمەی زۆری لێکرا، بەڵام چونکە هێزی یەکێتی لە خەڵکەوە و بۆ سەربەخۆیی و ئازادیی نیشتمان بوو، بەسەر هەموویاندا سەرکەوت و دەرەنجام بووە ئەندازیاری راپەڕین و رزگاریی عیراق و تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا.


‎یەکێتیەکەی ئێمە، ئێستاش بەهەمان گوڕ و تینەوە بۆ خەڵکەکەی تێدەکوشێ، ئەمە دەستەبەری ئەوە دەکات مادام وایە و یەکێتی بەهێزە، کەواتە کوردستان و خەڵکەکەی پارێزراو دەبن و داهاتوویان روونە

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە