کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

‎عیراق دوای ٢٠ ساڵ لە ڕوخانی سەدام

.

04:58 PM - 22/03/2023

‎سەروەر بەرزنجی 

 

‎ ٢٠ ساڵ بەسەر پڕۆسەی داگیرکردنی عیراقدا تێپەڕی کە ھاوپەیمانان ناویان نا پڕۆسەی ئازادکردنی عیراق.

‎٢٠ ساڵ لەمەو بەر لە رۆژی ٢٠⁄٣⁄٢٠٠٣ ئەمریکا بڕیاریدا ھێرشی سەربازی بکاتە سەر ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام حسێن کەساڵانێکی زۆر پشتیوانی ڕژێمەکەی سەدام حسێن بوو بەتایبەت بەدرێژایی ھەشت ساڵەی جەنگی نێوان عیراق و ئێران.

‎دوای ئەوەی لەیانزەی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ ژمارەیەک فڕۆکە ھێرشیان کردە سەر  دوو تاوەری بازرگانی نیویۆرک لە ئەمەریکا، ھێرشەکە بوو بەھۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەکی زۆری ئەمەریکی و دەنگدانەوەیەکی گەورەی لەسەر ئاستی جیھان لێکەوتەوە.

‎پاش ڕووداوەکە ڕێخراوی قاعیدە بەسەرکردایەتی ئوسامە بن لادن بەرپرسیارێتی ھێرشەکانی گرتە ئەستۆ.

‎لەڕۆژی ١٨ سێپتەمبەری ٢٠٠١ یەک ھەفتە دوای ھێرشەکە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بەکۆی ٤٢٠ دەنگی بەڵێ و یەک دەنگی نەخێرو  ٩٨ دەنگی کۆنگرێس بڕیاری جەنگێکی کراوە درا دژی تیرۆر و جەنگەکەش لەلایەن جۆرج بوشەوە بە جەنگێکی درێژخایەن و دوور مەودا ناسێنرا

‎دوای ھێرش کردنە سەر ئەفغانستان و کۆتایی ھێنان بە حکومەتی تاڵیبان جەنگەکە کۆتایی نەھات،

‎وێزگەی دووەمی جەنگی ئەمەریکا بەرامبەر تیرۆر بیانوویەکی باشیش بوو بۆ ئەمەریکا تا کۆتایی بە ڕژێمی سەدام بێنن و دەست بخەنە ناو عیراق و لەوێشەوە زیاتر دەست بخەنە ناو وڵاتانی تری ناوچەکەو بەربەرەکانی نەیارەکانیان بکەن، تا ھەموو ئەو دەنگۆیانەی بەر لە ھێرش کردنە سەر عیراق لەلایەن ئیدارەی ئەو کاتی ئەمەریکاوە بانگەشەیان بۆ دەکرا درۆیەکی گەورەبوو دواتریش پاش چەند ساڵێک ئەمە بوو بەڕاستی کە بانگەشەکانی ڕەوایەتیان دایە ھێرش کردنە سەر عیراق ھەڵەبوون.

‎دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر کەم کە لەمانگێک تێپەڕی نەکرد، ڕژێمی سەدام حسێن بەتەواوەتی کەوت و کۆتایی بە یەکێک لە دیکتاتۆرە گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتی ھێنرا، کە کۆمەڵێک تاوانی زۆر گەورەی دەرھەق بە پێکھاتەکانی عیراق کرد بەتایبەت بەرامبەر گەلی کورد.

‎ساڵێک دوای کەوتنی ڕژێمی سەدام

 

‎دوای ساڵێک لەکەوتنی سەدام شەڕێکی خوێناوی تایفی عیراقی گرتەوە لە نێوان شیعەو سونە کە بوو بەھۆی زیاتر وێرانکردنی عیراق و کوژرانی ژمارەیەکی زۆر خەڵکی عیراقی لێ کەوتەوە.

‎گەلی عیراق بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە ھیوای گەورەیان لەسەر ئەوە ھەڵچنیبوو لە ئەگەری رووخانی ڕژێمی سەدام کۆتایی بە ھەموو نەھامەتیەکانی عێراقیەکان بێت..

‎بەڵام دەست پێکردنی یەکەم شەڕی تایفی دوای کەوتنی سەدام ئەو خەونەی پووچەڵ کردەوە.

‎ڕۆڵی یەکێتی و مام جەلال لەپڕۆسەی ڕوخانی رژێم

 

‎یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بە درێژایی مێژووی دروست بوونی خەباتێکی گەورەی کرد بۆ ئازادی گەلی کورد لە دەست ڕژێمی فاشی سەدام حسێن و لەو پێناوەش ھەزاران قوربانی  داوە.

‎تەنانەت لەساڵانی دوای دەست بەکاربوونی سەدام، سەرۆک مام جەلال چەندین وڵاتی دونیا گەڕاوە بۆ ئەوەی پشتیوانی بۆ گەلی کورد دژی سەدام بەدەست بھێنێت.

‎لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی ساڵی ١٩٩١ یەکێتی ڕۆڵی گەورەو سەرەکی گێڕا بۆ ڕزگار بوونی گەلی کورد لەدەستی ڕژێمی سەدام، لەوپێناوەش قوربانی زۆریدا.بەڵام دەرەنجامێکی گەورەی بەدەست ھێناو کیانی ھەرێمی لێ بەرھەم ھات و بۆیەکەم جار لە مێژووی عیراق کورد کیانێکی سەربەخۆی بەرھەم ھێناو خۆمان بووینە بەڕێوبەری کیانەکە کە بە ھەرێمی کوردستان ناسرا.

‎بەرلەوەی بڕیاری ھێرش کردنە سەر عیراق بدرێت سەرۆک مام جەلال ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕوداوی گەورە لە عیراق و ناوچەکە ڕوو دەدەن

‎لەپرۆسەی ھێرش کردنە سەر عیراق یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ڕۆڵی گەورەی گێڕاو ھەموو ئەو قۆڵانەی یەکێتی تێیدا باڵا دەست بوو سەرکەوتنی گەورە بەدەست ھات و جارێکی تر کەرکوک ڕزگارکرایەوە، ھەروەک چۆن لەڕاپەڕینە مەزنەکەی بەھاری ١٩٩١ بۆ یەکەم جار لەسەردەستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان ئازاد کرا

‎دوای کەوتنی ڕژێمەکەی سەدامیش سەرۆک مام جەلال وەک ڕابەرێکی گەورەی کورد ڕۆڵی مێژوویی گێڕا لە پرۆسەی بونیات نانەوەی عیراق و سەرکردایەتی ئەنجومەنی حوکمی ئەوکاتەی کردو ھەموو پێکھاتەو ھێزەکانی لەو ئەنجوومەنەدا کۆکردوە.

‎واتا یەکێتی بەڕابەرایەتی سەرۆک مام جەلال توانی ڕۆڵی گەورەی لە دروست بوونەوەی عیراق ببینێت و تەنانەت یەکێتی ڕۆڵی گەورەی گێڕا لە داڕشتنی دەستوری عیراق

‎سەرۆک مام جەلالیش دوو خول بۆ سەرۆکایەتی عیراق دیاری کراو ڕۆڵی سەرۆک مام جەلال  بوو بەھۆی ئەوەی ھەموو نەیارانی یەکتر لە عیراق ھەمیشە ڕێز لە کاریزمابوونی ئەو سەرۆکە بگرن و ھەمیشە کاتێ کێشەکان دەگەیشتنە ئاستی قوڵ سەرۆک مام جەلال گرفتەکانی خاو دەکردنەوەو ھەموویانی دەخستە سەر مێزی ئاشتی و گفتوو گۆ.ھەر بۆیە شەرەفی نازناوی سەمامی عێراقی پێ بەخشرا.دوای گیان ئاوایی سەرۆک مام جەلال بۆشایی ئەو بەتەواوی دیارە.

‎ئێستای عیراق دوای ٢٠ ساڵ لەکەوتنی رژێمەکەی سەدام

 

‎دوای ٢٠ ساڵ لەکەوتنی سەدام عیراقیەکان نەگەیشتوونەتە کەناری ئارامی و خۆشگوزەرانی و ھەموو خەونەکانیان بۆ گەیشتن بە ئارامی بوەتە خەون و خەیاڵ.

‎دوای شەڕی تایفی و ماڵوێرانیەکی زۆر لەو شەڕە.

‎ھاتنی داعش  ماڵوێرانیەکی گەورەتری خستە سەر ژیانی ھەموو عیراقیەکان و زیانی گەورەی گیانی بۆ ئەم وڵاتە پێوە بوو. زیانی گەورەشی لە ژێرخانی ئابوری عێراقدا.بەجۆرێک تا ئەم کاتەش دیمەنی کاولکاری داعش بەو ناوچانەوە دیارە کە داعش تێیدا باڵا دەست بوو.

‎تا ئەم کاتەش ئاڵۆزیەکی بەردەوام لەعیراق ھەیە بەجۆرێک عیراق سیادەی خۆی لەدەست داوەو وڵاتانی ئیقلیمی بەتەواوەتی بڕیار لە عیراق دەدەن بۆ ھەموو شتەکان.

‎ھەمیشە عیراق لەبەردەم ھاتنی گروپی تازەی تیرۆرستی ھاوشێوەی داعش دایەو تەنانەت ئێستا بۆتە جێگەی شەڕی ناڕاستەوخۆی ئەمەریکاو نەیارەکانی کە قەیرانێکی گەورەی لە دراوی عیراق دروست کردووە.ئەمەش بوەتە بارگرانیەکی گەورە بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە..

‎دوای ٢٠ساڵ عیراقیەکان ھەر لەنائارامیی و دڵەڕاوکێدان

‎کەواتەڕاستە عێراقیەکان لە دیکتاتۆریەکی گەورە ڕزگاریان بوو بەڵام نەگەیشتن بەو خەونانەی ھەیانبوو بۆ ئارامی و عیراقێکی خۆش گوزەران.

‎ئاسۆی عیراقیش ناڕوونە بەجۆرێک کەس نازانێت بەھۆی بەربەرەکانی ھێزەکانەوە بەرەو کوێ دەڕوات؟؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە