.
03:22 - 19/03/2023
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، باندێکی شەش کەسیان دەستگیرکردووە کە سەرجەمیان خزمی یەکترن.
وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین شۆڕش ئیسماعیل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەلایەن هێزەکانمان لە ناو قەڵادزێ و سنووری ئیدارەی راپەڕین توانراوە باندێکی شەش کەسی دەستگیربکرێن کە خزمی نزیکی یەکترن و چەندین تاوانی دزیکردنیان ئەنجامداوە.
باسی لەوەشکرد، سێ لە دەستگیرکراوەکان پێکهاتبوون لە دوو ژن و کچی یەکێک لەو ژنانە، کە لە ناو قەڵادزێ زێڕ و مۆبایل و پارەیان دزیوە، دانیان بەوەدا ناوە لە شارەکانی دیکەش هەمان تاوانیان ئەنجامداوە.
ئاشکراشیکرد، لە کاتی پشکنینی ماڵی تۆمەتبارەکەی حاجیاوا بڕی 44 مسقاڵ زێڕ و پێنج هەزار و 800 دۆلاری ئەمریکی، وەسڵی کڕینی خانوو و زێڕ دەستیان بەسەرداگیراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، سێ کەسەکەی دیکەشیان لە بنکەی پۆلیسی حاجیاوا دەستگیرکراون، کە دووانیان پیاون و ئەوی دیکەشیان کچە و کچی هەمان ئەو ژنەیە کە لە قەڵادزێ لەگەڵ کچێکی دیکەیدا دەستگیرکراون.
وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین ڕاشیگەیاند، سەرجەم تۆمەتبارەکان بە پێی ماددەی 446 راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە