کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

گەلی عیراق پێویستیان بە سەرۆك بافڵە

.

05:12 PM - 30/11/2022

گەلی عیراق پێویستیان بە سەرۆك بافڵە  

حەسەن بێگەڵاسی  

 لەگەڵ ڕەوتی گۆڕانكارییەكان و پێشكەوتنی دونیای مۆدێرن، شەقامی كوردی و گەلی عێراق بۆ دەربازبوون لە ئاڵنگارییەكان چ لەڕووی ئابووری چ لەڕووی سیاسی چ لەڕوو كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی چ لەڕووی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی پێویستیان بە جوڵە و هەنگاوەكانی سەرۆك بافڵە، بەخۆشحاڵییەوە، ڕۆژ بەڕۆژ ماڵە گەورەكەی مام لە دەباشان و دوكان و بەغدا، بۆ كۆڕ و كۆبوونەوەكان لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی عیراقی نوێ، بە شیعە و سوننە و كورد و كلدان و ئاشوری و نێردە و دبلۆماسی و نوێنەری وڵاتان لە باڵیۆزخانە و كونسوڵخانەكان، جمەی دێت.

 بێگومان ئەم توانستی كۆكردنەوەی سەرۆك بافڵ هەموان لە یەك ماڵ و لە چوارچیوەی یەك مێزی داخراودا لەعیراقی فرە پیكهاتە و ئاڵۆز و پڕ ململانێ و قەیران، عیراقییەكانی ئەمڕۆ زۆر دڵخۆش كردووە، چونكە گەلی عیراق بۆ چەند ساڵێك دەچێ چاوەڕوانی سەركردەیەكی سیاسی وەهان كە لە بەرگی فریادرەسێكدا دەركەوێت، بەجۆریك كە خاوەنی توانستی كۆكەرەوەی هەموان بێ، سەركردەیەكی سیاسی كە بتوانێ رێچكەگری هەمان سیاسەت و توانستەكانی مامی گەورە بێ بە جۆرێك كە هەموو عیراقییەكان بە رەنگ و دەنگە جیاوازەكان لە ساتە پێویستەكان بۆ ئاشتەوایی و گفتۆگۆكردن لەسەر پرسە گرنگەكانی ڕۆژ لەسەر یەك مێز كۆبكاتەوە.

پەرۆشی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی وەك كارەكتەرێكی سیاسی نوێ و ئێستا لای عیراقییەكان بە شێوازێكی گشتی بۆتە زەروورەتێك بۆ چەسپاندنی یەكڕیزی نیشتمانی و یەكگرتوویی عیراقییەكان و بەرجەستەكردنی سەقامگیریی سیاسی و گێڕانەوەی متمانە و ئاشتەوایی لە عیراقی نوێ .

 بێگومان هەموو ئەو هەنگاوانەش هاوكارن بۆ سەركەوتنی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سودانی لە جێبەجێكردنی بەڵێن و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی لە سەر ئاستی عیراق و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش ئەم سیاسەت و هەنگاوانەی سەرۆك بافڵ هاوكارن بۆ زیاتر لێكنزیكبوونەوەی هەردوو حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم و تواندنەوەی بەستەڵەكی نێوانیان بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 و جێكردنەوەی پشكی كورد لە بودجەی نوێی عیراق و چارەسەركردنی پرسی نەوت و گاز لە نێوان هەرێم و ناوەند دوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق.

 لەسەر ئاستی ئەندام و كادر و لایەنگرانی یەكێتی ئەم گەرم گوڕیەی ناوماڵی مام و هەنگاوە گەرم و گوڕەكانی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی هاوشێوەی عیراقییەكان مایەی دڵخۆشی و باوەری زیاترە بە دڵسۆزی و توانستەكانی سەرۆكەكەیان، چونكە لایان وایە بەر لە هەر شتێك بریتییە لە تۆماركردنی مێژوویەكی زێڕین بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەركردە نوێكەیان، چونكە گەلی كورد لە هەرچوار پارچەی كوردستان و گەلی عیراق پێویستیان بەو كارەكتەرە عەقڵانی و توانستەكانی سەرۆك بافڵ وەكو چەتری كۆكەرەوە بۆ عیراقێكی سەقامگیر و ئازاد و دیموكراسی، كە تێیایدا هەموومان بەیەكەوە بەئاسودەیی لەژێر سێبەریدا بحەسێینەوە   .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە