کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

خۆشەویستیی نیشتیمان لە سێ رۆژدا

.

03:52 PM - 14/09/2022

خۆشەویستیی نیشتیمان لە سێ رۆژدا

 

سۆزان حەمەتاتە

بەپێی پلانی وەزارەتی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان، سێ رۆژی یەکەمی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن تەرخانکراوە بۆ ئەوەی مامۆستاکان لە رێگەی وتنەوەی چەند وانەیەکەوە خۆشەویستیی نیشتیمان لای خوێندکارەکان زیاتر بکەن، وەکو ئەوەی خوێندکارانی کوردستان، نیشتیمانەکەیان خوشنەوێت و بە سێ رۆژ وایان لێبکەن کوردستانیان خۆشبووێت، کە ئەمەش رێگەیەکی هەڵەیە و ئامانجیش ناپێکێت.   خۆشەویستیی نیشتیمان و گەشەپێدانی پرۆسەیەکی هەمەلایەنە، ئەرک و جێبەجێکردنە دابەشبووە بەسەر کۆمەڵێک یەکەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیدا، دوو لەو یەکە گرنگ و ئەرکدارانە خێزان و پەروەردەن، لە باخچەکانی ساوایانەوە تا زانکۆکان، هەریەکەیان بە شێواز و رۆڵی دیارکراوی خۆی و لەژێر رۆشنایی بەرنامەی نیشتیمانسازیدا کە مرۆڤ و نیشتیمان بکاتە چەقی بیرکردنەوە و کارکردنی تاک بە تاکی کۆمەڵگە. بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە، بوونی گەندەڵی و نایەکسانی و نادادپەروەریی لە هەموو بوارەکاندا، بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤی کوردی تووشی جۆرێک لە بێهیوایی کردووە، دوو چین دروستبوونە؛ چینێکیان دەسەڵاتدار و پارەدار و لەناو ناز و خۆشییەکاندا نقومبوون، چینەکەی دیکەش کە زۆرینەی هەرێمی کوردستانن بەشمەینەت و نائارام و نەدار و قەرزار و بێ مووچەن، لە نیشتیمانەکەی خۆیاندا هەست بە نامۆیی و غەریبی دەکەن، بێبەشن لە بەختەوەری و خۆشی و هەستدەکەن ژیان دەیان هاڕێت. کەمینەی بەختەوەر بەشی ئەوانیش بۆ خۆیان دەبەن، دروشمەکانی نیشتیمانپەروەرییان کردووەتە رێگەی بەختەوەرکردنی خۆیان، زەویی نیشتیمان دەکێڵن بۆ ئەوەی داری بەختەوەریی خۆیانی تێدا بچێنن، زۆرینەش کاتێک دار و باخی نیشتیمانپەروەرە بەختەوەرەکان دەبینن، ئیتر هەستدەکەن نیشتیمان هیچی وای بۆ ژیانی ئەوان پێ نییە. کە زۆرینەی خێزانی نابەختەوەر باسی خۆشەویستیی نیشتیمان لەگەڵ منداڵەکانیان ناکەن، خۆشیان لە نامۆیی و رقدا دەژین. ئیتر لێرەوە خێزان وەکو گرنگترین یەکە ئەرکی نیشتیمانسازی و چاندنی خۆشەویستیی نیشتیمان لای منداڵ لەدەستدەدات، بەوەش وردە وردە دابڕان لەنێوان نیشتیمان و نەوە ئایندەییەکە کە منداڵە دروستدەبێت، کە بشتەوێ بە سێ رۆژ نیشتیمانی لا خۆشەویست بکەی ناتوانیت و تووشی بێهیوایی دەبیت. کۆمەڵگەی بەختەوەر بەرئەنجامی سیاسەتی روون و نیشتیماندۆست و خەمخۆرە، سیاسەت بۆ خێری گشتی بەو شێوەیەی تاکەکانی کۆمەڵگە خاوەندارێتی لێ بکەن و متمانەیان پێی بەهێزبێت، ببێتە هۆکاری رێگریکردن لە درووستبوونی چینی مشەخۆر و دادپەروەریی بەرهەم بهێنیت، ئەگەر ئەمە روویدا، بێ ئەوەی تۆ بە خەڵکی بڵێی نیشتیمانت خۆشبووێت، ئەوان خۆشیاندەوێت، قوربانیی بۆ دەدەن، مادام لە راستیدا نیشتیمان هی هەمووانە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە