کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی پەرلەمان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان

.

10:15 AM - 15/05/2022

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی پەرلەمان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان

به‌بۆنه‌ی (٦٠) شه‌سته‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان، جوانترین پیرۆزبایی خۆمان له‌ سه‌رۆك، ئه‌ندامانی سكرتاریه‌ت و سه‌رجه‌م مامۆستایانی كوردستان ده‌كه‌ین، ھیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین، ئومێدەوارین ئەم یادە پڕ شكۆیه‌ ببێتە مایەی بەرەوپێشچوونی زیاتری کاری ڕێکخراوەیی یه‌كێتییه‌كه‌تان.
لەم یادە پیرۆزەدا، ڕۆڵ و کاریگەریی مامۆستایان بەرز دەنرخێنین و ستایشی ھەڵوێستی خۆڕاگرانەیان دەکەین کە سەرەڕای هەموو دۆخە سەختەکانیش، لە بەخشش و درێژەدان بە کاروانی پەروەردە و فێركردن و بەجێگەیاندنی ئەرکە پیرۆزەکەیاندا به‌رده‌وامن، ھەڵوێست و قوربانیدانی مامۆستایانیش لە قۆناغە جیاوازەكاندا ھەمیشە لە یادگە و بیرەوەریی خەڵكی كوردستاندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
پەرلەمانی كوردستانیش پشتیوانیی تەواوی خۆی دەردەبڕێت بۆ کاری ڕێکخراوەیی دیموكراسییانە و مەدەنییانەتان لەپێناو خزمەتگەیاندنی زیاتر بە مامۆستایانی کوردستان و فەراھەمكردنی ژیان و گوزەرانێکی شایستەتر بۆیان، كە لە ئاست ماندووبوون و قوربانیدانی ئەواندا بێت.
جارێکی تر بەرز و پیرۆزبێت ساڵیادی دامەزراندنی یه‌كێتیی مامۆستایانی كوردستان، شاد و سەرفرازبن.
د. ڕێواز فائق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
٢٠٢٢/٥/١٥

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە