کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

كۆچ و كوردستان

.

03:29 PM - 11/11/2021

نەوشیروان حسێن سەعید

لە بەرواری ٧/٥/٢٠٠٧ بە شێوەیەكی یاسایی بۆ یەكەمجار پێمنایە خاكی بەریتانیا بە مەبەستی خوێندن. لەوێ ئاشنای دۆستێك بوم كە چەند ساڵێك پێشتر وەكو پەنابەر گەیشتبووە بەریتانیا و لەوكاتەدا چاوەڕێی وەرگرتنی ڕەگەزنامەی دەكرد و دەیویست هەتا زووە بە هەمیشەیی بگەڕێتەوە كوردستان.

من كە تازە گەیشتبومە ئەو وڵاتە و هێشتا شۆكی پێكدادانی كلتوری و جیاوازییەكانی نێوان ژیان لە كوردستان و بەریتانیا بەرینەدابوم، بە سەرسوڕمانەوە لێمدەپرسی كە ئەوەندە تامەزرۆی گەڕانەوەیت بۆ كوردستان، ئەی لەسەرەتاوە بۆچی هاتیت بۆ بەریتانیا؟

ئەو هاوڕێیەم دەیوت ئەو كاتەی كە لە زانكۆ بوم، مەسەلەی كۆچ و هەندەران دابوی لە كەلەم، بۆیە هەر لەگەڵ تەواوكردنی زانكۆ، چاوەڕێی دامەزراندنم نەكرد و یەكسەر خۆم گەیاندە ئەم وڵاتە. دەیوت مەسەلەی خاریج كرمێك بوو لە مێشكمدا، بەڵام ئێستا ئیتر ئەو كرمە مرد و چی دیكە نامەوێ لەم وڵاتەدا بمێنمەوە. پاش ماوەیەكی كەم گەڕایەوە بۆ كوردستان.

لەوساوە تا ئێستا كەسانێك بڕیار دەدەن لە ئەوروپاوە بگەڕێنەوە كوردستان و ژمارەیەكی زۆر زیاتریش كوردستان جێدەهێڵن و كۆچ دەكەن. ئەوانەی كۆچ دەكەن یان دەیانەوێ كۆچ بكەن، ڕەنگە لایان سەیربێت كە چۆن مرۆڤێك دەستی بگاتە ئەوروپا، دەگەڕێتەوە؟!

ئەوانەشی دەگەڕێنەوە، ڕەنگە لایان سەیربێت كە چۆن سەدان و هەزاران كەس وا دەزانن ئەوروپا بەهەشتە و ئیتر بە گەیشتنە ئەوێ، كۆتایی بە خەم و ناخۆشییەكان دێت و بەختەوەری ڕاستەقینە دەستپێدەكات؟!

ئێستا ئیتر پاش زیاتر لە ١٢ ساڵ ئەزمونی ژیانكردن لە بەریتانیا چ وەكو خوێندكار و چ وەكو وەرگێڕ بۆ سەدان كورد لە نەخۆشخانەكان و بنكەكانی پۆلیس و زۆر شوێنی دیكە، گەیشتومەتە ئەو بڕوایەی كە جگە لە هۆكارە ڕونەكانی كۆچی گەنجان و تەنانەت بە تەمەنەكانیش بۆ دەرەوە، یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكان بریتییە لە حەزی تاقیكردنەوەی ئەزمونێكی نوێ یان ئەوەی كە هاوڕێكەم ناوی نابوو 'كرم'ی خاریج.

بە بڕوای من، ئەوانەی لە دەرەوەن، دەتوانن ڕونكردنەوە بدەن، بەڵام نابێت مافی ئەوە بە خۆیان بدەن بە خەڵك بڵێن كۆچ مەكەن. بۆ هەندێك كەس، كۆچكردن باشترین بژاردەیە و بۆ هەندێك كەسی دیكە، هەڵەیەكی گەورەی ژیانە، ئاخر دۆخی كەسێك لە كەسێكی دیكە جیاوازە. ئەوانەشی بڕیار دەدەن بۆ هەمیشە بگەڕێنەوە، گەمژە نین. ئەوانیش هۆكاری خۆیان هەیە، هەر هیچ نەبێ كرمەكەیان مردووە!

گرفتە گەورەكە ئەوە نییە كەسێك بڕیار بدات بۆ هەمیشە لە كوردستان و زێدی باوباپیری بمێنێتەوە یان بۆ هەمیشە ئەوروپا و ئەمریكا بكاتە نیشتمان، گرفتەكە ئەوەیە بە جەستە لە كوردستان بیت و بە دڵ لە ئەوروپا یان بە پێچەوانەوە، بە جەستە لە ئەوروپا بیت و بە ڕوح لە كوردستان. 

لەم نێوەندەدا ئەو كوردانە بەختەوەرن كە بڕیاریانداوە بۆ هەمیشە لە كوردستان بژین یان ئەو كوردانەی هەندەران كە بڕیاریانداوە هەندەران ماڵ و مەئوای یەكجاریی و هەمیشەییان بێت. ئەوانەی  لەملا یان لەولا بە دڵەڕاوكێ و دوودڵییەوە دەژین و نازانن كوێ بكەنە نیشتمانی هەمیشەیی، ڕەنگە لە بەدبەختترین مرۆڤەكان بن!

لە وێنە گەورەكەدا، بڕیاری ژیان لە دەرەوە بە یەكجاریی یان كوردستان وەكو ململانێی نێوان عەقڵ و عاتیفە دێتە بەرچاو. عەقڵ پێتدەڵێ بڕۆ ئەم دۆزەخی نادادی و گەندەڵی و ستەمكاری و چینایەتییە جێبهێڵە، لەولاوە عاتیفە پێتدەڵێ ئەم كەلەسەرەی تۆ پڕ پڕە لە یادەوەری قۆناغەكانی منداڵی و هەرزەكاری و گەنجی و ئەگەر بچیتە ئەوپەڕی دونیاش، ئەم یادەوەرییانە وەكو سێبەرەكەت بەدواتەوەن و لێتنابنەوە و ناتوانیت لە بیری خۆتیان ببەیتەوە. 

ئەو دەڵێ نیشتمان ئەو شوێنەیە كە تیایدا هەست بە ماف و شكۆ و كەرامەت بكەیت. ئەم دەڵێ هەموو دونیا بە قوربانی پەنجەیەكی دایك و باوك بێت. ئەو دەڵێ تۆ مرۆڤیت و دەتوانیت لە هەر بستە خاكێكی ئەم سەر زەویەدا بژییت. ئەم دەڵێ بەرد لە جێی خۆی سەنگینە و بەدەستهێنانی ڕەگەزنامە ناتكاتە ئەوروپی. 

ئەو دەڵێ دەتەوێت لە ژێر سایەی حوكمی باپیر و باوك و كوڕ و كوڕەزا و نەوەكان بگەی بە كوێ؟ ئەو دەڵێ ڕۆژان ڕۆژی لە دوایە و دونیا دەوران دەورانە، بۆچی لە جیاتی ڕێگەی هات و نەهات و ژیانی غەریبایەتی هەوڵ نەدەین پێكەوە ئەم دۆخە بگۆڕین؟ 

ئەم دەڵێ غەریبایەتی چی؟ با لە كوردستان كارت بكەوێتە لای كەسێكی ناڕەسەن و نانەجیب و هەر بۆ هەوەس و بە میزاجی شەخسی ئەوەی لە ئەوروپا بە تەلەفۆن و ئیمەیڵێ دەكرێ، ئەم بە مانگی بۆت بكات یان هەر نەیكات، ئەو كات دەزانیت تۆ لە كوردستان و نیشتمانی خۆت غەریبیت! ئەو دەڵێ لەگەڵ هەموو ئازار و ناخۆشی و ناڕەحەتییەكانی، تازە قەدەری ئێمە وایە كورد بین و ئەگەر ئەوروپا شەكر بێت، دواجار كوردستان شیرینترە.

ئەم دەڵێ و ئەو دەڵێ... ئەم حیكایەتە بەمجۆرە درێژەی هەیە، بەتایبەتی لای ئەو كەسانەی كە نەیانتوانیووە یان ناتوانن بڕیاری یەكجاری بدەن ئایا لە كوردستان بژین یان ئەوروپا و ئەمریكا؟

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە