کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ناردنی بەنزین لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە

.

05:08 PM - 18/10/2021

كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێم رایگەیاند: لەگەڵ وەزیری نەوتی عیراق رێككەوتنێكی نوێمان كردووە لەسەر دابینكردنی بەنزین‌و نەوتی سپی‌و لە داهاتوویەكی نزیكیشدا دەست بە دابەشكردنی نەوت دەكەین.
كەمال ئەتروشی راشیگەیاند: بەغدا ڕۆژانە بڕی یەك ملیۆن و 80 هەزار لیتر بەنزین رەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات‌و ئەو كێشەیەش كە بۆ پاڵاوگەی بازیان دروستببوو چارەسەركرا، بەمەش كێشەی بەنزین تاڕادەیەك چارەسەر دەبێت، بەڵام گرفتەكە بنبڕ نابێت.
سەبارەت بە دابەشكردنی نەوتی سپیش وتی، لەگەڵ وەزیری نەوتی عیراق رێككەوتین كە بەسێ‌ قۆناغ 150 ملیۆن لیتر نەوت بەسەر هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا دابەش بكەین، لە قۆناغی یەكەمدا كە لەم رۆژنەدا دەستپێدەكات 50 ملیۆن لیتر نەوت دەگەیەنرێتە گوند‌و ناوچە شاخاوییەكان، لە قۆناغی دووەمدا 50 ملیۆن نەوت لیتر بەسەر قەزا‌و ناحییەكاندا دابەشدەكرێت‌و لە قۆناغی سێیەمیشدا 50 ملیۆن لیتری دیكە بەسەر شارەكاندا دابەش دەكرێت.
وتیشی: عیراق ئەو نەوتە لە دەرەوە هاوردە دەكات‌و لیتری بە 750دینار دەكڕێت‌و بە 400 دینار دەیفرۆشێتەوە بە هەرێمی كوردستان، ئێمەش تەنیا كرێی گواستنەوەی دەخەینەسەر‌و دابەشی دەكەین.
 وەزارەتی نەوتی عیراق لەسەرەتای مانگی ئەیلولەوە دەستیكرد بە هەناردەكردنی بەنزین بۆ هەرێمی كوردستان، كە بڕەكەی یەك ملیۆنێك‌و 80 هەزار لیترە لە رۆژێكدا، بەجۆرێك پشكی پارێزگای هەولێر 360 هەزار لیتر، پارێزگای سلێمانی 360 هەزار لیتر، دهۆك 216 هەزار لیتر‌و پشكی هەڵەبجەش 144 هەزار لیترە، كە یەك لیتری بە 690 دینار دەفرۆشرا بەشۆفێران، بەڵام نزیكەی دوو هەفتەیە ناردنی ئەو بەنزینە ڕاگیراوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە