کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان بەرزبۆوە

.

05:15 PM - 14/10/2021

نرخی سووتەمەنی لە هەرێمی كوردستان بەرزبۆوە
نرخی بەنزین‌و تەواوی بەرهەمە نەوتییەكان لە هەرێمی كوردستان بەرزبۆوە‌و لە پارێزگاكانی هەولێر‌و دهۆكیش كێشەی كەمی غازی ماڵان دروستبووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێكی گەلی كوردستان، لە تەواوی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان نرخی بەنزین‌و گازوایل‌و نەوتی سپی بەرزبۆتەوە‌و لە پارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی تر نرخەكە جیاوازی هەیە، بەجۆرێك ئێستا نرخی یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ لەنێوان 850 بۆ 875 دینارە‌و بەنزینی موحەسەن لەنێوان 950 بۆ 975 دینارە‌و یەك لیتر بەنزینی سوپەر بە هەزار تاوەكو هەزار‌و 50 دینارە. هەروەها نرخی یەك لیتر گازوایل گەیشتۆتە 700 دینار‌و یەك لیتر غازی ئێڵ پی جی بۆ 600 دینار بەرزبۆتەوە.
بەوتەی ژمارەیەك لە بازرگانانی سووتەمەنیش، نەوتی سپی كەمبۆتەوە‌و بەوهۆیەشەوە نرخی یەك بەرمیل گەیشتۆتە 160 بۆ 170 هەزار دینار.
بەپێی بەدواداچوونەكانی گەلی كوردستان، لە پارێزگاكانی هەولێر‌و دهۆك كێشەی كەمی غازی ماڵان دروستبووە‌و بەوهۆیەشەوە نرخی یەك بتڵ غاز گەیشتۆتە 13 بۆ 14 هەزار دینار، لای خۆشیەوە (موحسین تەها) بەڕێوەبەری نەوت‌و كانزاكانی دهۆك بەگەلی كوردستانی راگەیاند، هەر كەسێك بتڵێك غاز بە 9 هەزار دینار زیاتر بفرۆشێت سزا دەدرێت.
هاوكات كەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەكان باسی لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی بەنزین كرد‌و وتی، نەناردنی بەنزین لە ئێران‌و پابەند نەبوونی وەزارەتی نەوتی عیراق بە ناردنی یەك ملیۆن لیتر بەنزین لە رۆژێكدا، هۆكاری كەمبوونەوەی بەنزین‌و گرانبوونی نرخەكەیەتی، بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی شەممە بەنیازن سەردانی بەغدا بكەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە