کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

لەمرۆوە ئەركە قورسەكان دەست پێدەكەن

.

04:37 PM - 12/10/2021

لەمرۆوە ئەركە قورسەكان دەست پێدەكەن

دەرەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ھاوپەیمانی کوردستان ژمارەیەکی بەرچاوی کورسی پەرلەمانی مسۆگەر کردووە و چاوەرێی تانەکانی ھەڵبژاردنیشە لەسنووری پارێزگای ھەولێر

بەم بۆنەیەوە پێش هەموو شتێك دەنگدەرانی هاوپەیمانی كوردستان شایانی دەستخۆشی ‌و پیرۆزبایین، شایانی پاداشت ‌و میدالی شایستەیین كە بە هیمەت ‌و هەڵمەتەوە بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان كرد ‌و دەنگیان بۆ هاوپەیمانی كوردستاندا.

كۆمەڵانی خەڵكیش كە لەرێی دەنگەكانیانەوە بەشداریان لە دیاریكردنی داهاتووی خۆیان كرد ‌و بایكۆتی بژاردەی هەڵەی بایكۆتیان كرد، دیسانەوە ئەوانیش شایانی دەستخۆشی ‌و ئافەرینن، بەتایبەتی لە رەوشی كەمی ڕێژەی دەنگدان بە تایبەتی لاوان كە ئەمە زەنگێكی مەترسیداری نیشتمانییە و لە ئاستیدا هەق نییە كەس خۆی بە براوە و بێ باك بزانێت.

*هاوپەیمانی كوردستان بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردنی لە بەرنامەی كوردستانیی ‌و زامنكردنی شایستە دارایی ‌و سیاسییەكانی كوردستان. بەم كاندیدە لێوەشاوانەوە كە نوێنەرایەتی (8) پارێزگای تێدایە، بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە، ئەركی داكۆكیكردنی لە مافەكانی گەلی كوردستانی گرتۆتەئەستۆ ‌و بە یەكریزی هاوپەیمانی ‌لەگەڵ نوێنەرایەتی دیكەی كورد لە بەغدا، ئەم ئەركە جێبەجێ دەكات.
*لەم هەڵبژاردنەدا هاوپەیمانی كوردستان توانی سەركەوتوو بێت لەسەرخستنی ئەو رێژە لە كاندیدەكانی ‌و بەیەك دەستی ‌و بەرچاوروونییەكی زیاترەوە هیمەتی كرد تا خۆی لەبەردەم تەنگژە ‌و پیلانە جۆراوجۆرەكانی، كە هاوكاتی دۆخی هەڵبژاردن بوو، ڕابگرێ ‌و لەمرۆشەوە بە پتەوی ‌و شایستەییەوە لەسەر پێی خۆی، بۆ ئەركەكانی داهاتووی، ڕاوەستاوە.

* ئەم سەركەوتنە لە پاراستنی رۆڵ ‌و پێگەی یەكێتی ‌و هاوپەیمانی رێگایەكی ئاوەدان لەبەردەم یەكێتی دەكاتەوە بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان باشتر جەماوەر ‌و لایەنگرانی هانبدات ‌و ساز بداتەوە. هەر سەبارەت بەم ڕاوەستان ‌و مانەوەشە یەكێتی خۆی بە سەركەوتوو دەزانێ ‌و ئەم سەركەوتنەش، لەم دووڕیانە، لەباریدایە هەڵسانەوەیەكی چۆنایەتی بەدواوە بێت، بە مەرجێ:
*یەكێتی درێژە بە بەرنامەی چاكسازی حزبی، بە نۆرماڵكردنەوەی ژیانی حزبایەتی و ئۆرگانیكی خۆی بدات. هەڵسەنگاندنێكی وردی ئەدای كادیر ‌و هەڤاڵەكانی لە هەموو ئاستەكاندا بكات. بەپێی پرەنسیپی حزبیی دەستخۆشی و پاداشت ‌و لێپرسینەوە مامەڵە بكات، دوور لە كەمتەرخەمی ئەو كادیر یان ئەم ئۆرگان، دەنگدەر ‌و جەماوەری ڕاستەقینەی خۆی سەرلەنوێ بۆ ئەركەكانی قۆناغی تازە ساز بداتەوە.
*رەوتی رێكخستنەوەی ژیانی حزبایەتی كە پێش هەڵبژاردنەكان دەستی پێكردبوو، لەمەودواش بە گوروتینێكی زۆرترەوە درێژەی پێ بدرێت، بۆ ئەوەی تێپەڕاندنی پیلانگێری ‌و بەربەستەكانی ناوخۆیی حزبی ‌و دەرەكی ببێتە وێستگەیەكی ڕاست ‌و ڕەوا بۆ سازدانەوەی یەكێتی ‌و بوژاندنەوەی زیاتری.

لەم ئەركەشدا هەر ئەو پەنجە پەمەییانەی یەكێتییەكان ‌و ئەو تێكۆشان ‌و ماندووبوونەی هەڤاڵانی كەمپینە سەرتاسەرییەكانی یەكێتی پێوەری سەرەكی ‌و بڕیاردەری یەكەم و سەرەكی بێت، چونكە یەكێتییەكی پتەو ‌و یەك دەست، خاوەن ئۆرگانی كاراو و كاریگەر و پوخت، باشتر و چاكتر ئەركە خوازراوەكانی پێ رایی دەكرێت.

*یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەم هەڵبژاردنەدا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستان، كە پێكهاتووە لە یەكێتی ‌و بزووتنەوەی گۆڕان، بەشداری كێبركێی دیموكراتی هەڵبژاردنی كرد. بۆیە دەسكەوت ‌و ئاكامەكانی، دەنگ ‌و كورسییەكانیشی پێكەوە هی یەكێتی ‌و گۆرانن، چونكە ئەو ئەرك ‌و ئامانجە هاوبەشەی هەردوولا لەسەری رێككەوتوون بەردەوامە. یەكێتی پێی وایە ئامانجەكانی هاوپەیمانی ‌و بەرنامەكەی دەتوانێت چەتری كۆكەرەوەی لەمەودواش بێت، بۆیە ئێستاش هەر بەیەكەوە بەهێزترین. یەكێتی نیشتمانی كوردستان رەفیقی نیوەی رێ نابێ و وێرای رێزگرتنی لە بڕیار ‌و هەڵسەنگاندنی ناوخۆیی هاورێیانمان لە بزووتنەوەی گۆڕان، بە ویستی هاوڕێیانە ‌و ئەركی هاوبەشەوە كورسییەكانی هاوپەیمانی ‌و كاندیدانی سەركەوتووش بە نوێنەری یەكێتی ‌و گۆڕان دادەنێت، ‌هەر بەركەوتەیەكیش لەحكومەتی داهاتووی عیراق بدرێتە یەكێتی، پشكی هاوپەیمانی كوردستانەو لەگەڵ هاوڕێیانمان لەبزوتنەوەی گۆڕان بەهاوبەشی بەڕێوەی دەبەین. چاویشمان لە ئایندەی پێكەوەیی ‌و كاری هاوبەشی خەباتگێری نێوانمانە كە لەسەر یەك وێستگەی هەڵبژاردن پەكی ناخەین. ئەمەش هەم هەڵسەنگاندنی یەكێتییە لە بەرزترین ئاست، هاوسەرۆك ‌و مەكتەبی سیاسی وەك لە دوایین كۆبوونەوە لە (11/10/2021) تەئكیدی لەسەر كراوەتەوە، هەمیش سەرەنجام وەك گیانی هەڤاڵبەندی ‌و هاورێتی نێوانمان شۆر دەبێتەوە بۆ ئۆرگانەكانی خوارەوە.
گەلەكەمان سەرفراز و سەركەوتوو بێت.

كوردستانی نوێ

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە