کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

قوباد تاڵەبانی و وەفدێکی هەدەپە پێویستی گرتنەبەرى رێگاچارەى ئاشتی بۆ چارەسەرى کێشەکان دووپات دەکەنەوە

.

04:12 PM - 27/09/2021

قوباد تاڵەبانی و وەفدێکی هەدەپە پێویستی گرتنەبەرى رێگاچارەى ئاشتی بۆ چارەسەرى کێشەکان دووپات دەکەنەوە

ھە‌دە‌پە‌: خۆشحاڵین بە‌ رێككە‌وتنی یە‌كێتی و گۆڕان لە‌ژێر چە‌تری ھاوپە‌یمانی كوردستان و ھیوای سە‌ركە‌وتنیان بۆ دە‌خوازین و پشتیوانیان دە‌بین

ئە‌مڕۆ دووشەممە 27/9/2021، قوباد تاڵەبانی سەرۆکی هاوپەیمانی کوردستان لە‌ بینای ھاوپە‌یمانی كوردستان لە‌ شاری سلێمانی پێشوازی کرد لەوەفدێکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە).

لەکۆبوونەوەکەدا كە‌ دكتۆر سۆران جە‌مال تاھیر ئەندامی لیژنەی باڵای هاوپەیمانی کوردستان ئامادە‌ی بوو گفتوگۆکرا لەبارەى دوایین گۆڕانکارییەکانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراق و ناوچەکە و پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنى نوێنەرانی عێراق و پەیوەندییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتە کوردستانییەکاندا.

لەو دیدارەدا ئاماژە بەرۆڵى گرنگی سەرۆک مام جەلال درا لەدروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لەگەڵ پارتە سیاسیەکانی تردا لەسەر بنەماى پاراستن و بەرگرى کردن لەمافەکانی گەلى کورد، لەوبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەى بەوەدا لەم قۆناغەدا وەک یەکێتی بۆیە لەگەڵ بزووتنەوەى گۆران ئەم هاوپەیمانێتیەمان بەستووە تا یەکریزی بەدی بهێنین وەک دوو هێزی سیاسی کاریگەرى سەر گۆڕەپانی سیاسی ناوچەکە، لەپێناو پاراستنی مافى هاوڵاتیانی کورد.

وەفدەکەی هەدەپە خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بەوەى یەکێتی و گۆران ئەم هاوپەیمانێتیەیان پێکهێناوە و لەم هەڵبژاردنەدا یەکگوتارن کەئەمەش بەقازانجی گەلى کورد دەبێت و هیواى سەرکەوتنی بۆ خواستن و راشیگەیاند کە پشتیوانی ھاوپە‌یمانی كوردستانن.

لە‌ كۆبوونە‌وە‌كە‌ ئاماژە‌ بەوەدرا کەپێویستە بەگرتنەبەرى شێوازێکی حەکیمانە مامەڵە بکرێت لەگەڵ ئەم دۆخە هەنوکەییە و پەیوەندییەکانی یەکێتی و هەدەپە پتەوتر بکرێن.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەى بەوەدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان سیاسەتێکی نەگۆڕى هەیە لەبەرامبەر دۆزی کورد و هەمیشە لەگەڵ گرتنەبەرى شێوازی گفتوگۆ و چارەسەرى ئاشتیانەى کێشە و ململانێ سیاسیەکاندایە بەوشێوازەى کە رێزگرتن لەماف و داخوازییەکانی نەتەوەى کورد بکرێتە بنەماى سەرەکی.

جێى باسە وەفدەکەى پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە پێکهاتبوون لەبەرێزان مەرال داناش بەشتاش سەرۆکی کۆما هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، مەحمود تۆخرۆل ئەندامی رێڤەبەری ئەنجومەنی گشتی لەتورکیا، ساڤاش ئیزلیرکین وحیکمەت هاتیپ نوێنەرانی هەدەپە لە باشوری کوردستان.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە