کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

د.میران محەمەد : یەکێتیەکەی مام بەهێز و گروتینێکی نوێوە هاتوەتەوە مەیدان

.

07:31 PM - 01/06/2021

هەڤاڵان جەژنی نوێبونەوەی یەکێتیتان لێ پیرۆزبێت

ئەمرۆ کە یادی ٤٦ ساڵەی دامەزراندی یەکێتیەکەتانە هاوکات جەژنی نوێبونەوە و سەرخستنەوەی یەکێتیشە

لای هەمووتان ئاشکرایە لە مێژوی ژیانی خۆیدا یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە چەندین هەوراز و نشێویدا رۆیشتووە، چەندین ئاستەنگی تێپەڕاندووە

ئەوا لەم یادەدا جارێکی تر مایەی شانازیمانە کە یەکێتیەکەی مام وەک جاری جاران بەهێز و گروتینێکی نوێوە هاتوەتەوە مەیدانی داکۆکی کردن لە مافە رەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

بەو پەڕی شانازیەوە پێتان رادەگەیەنم کە لە ئێستادا یەکێتی نیشتمانی کوردستان ناکۆکیە ناوخۆییەکانی تێپەڕاندووە و هاوسەرۆک و هەڤاڵانی سەرکردایەتی و تەواوی ئۆرگانەکان دەست لەناو دەست پیشڕەوی دەکەن بۆ بەدیهێنانی ماف و ئازادیەکان

ئەگەر جاران تانە و تەشەر لە یەکێتی دەدرا کە باڵباڵێن و ناکۆکی ناوخۆیی تێدایە ئەوا ئێستا بە هیمەتی هەموو لایەک و بە گیانی هەڤاڵانەوە یەکێتی کاردەکات وە لە هەموو حزبەکانی تر ناکۆکی ناوخۆیی کەمترە .

چونکە یەکێتی هەر وادروست بووە کە توانای نوێبونەوە و
خۆگونجاندنی لە گەڵ هەلومەرجە جیاوازەکان هەیە.

لەبەرئەوە هەر حزبێک بیەوێت نێو ماڵی خۆی رێکبخاتەوە دەبێت چاو لە یەکێتی بکات و یەکێتی بکاتە مامۆستای نوێگەری و پێشکەوتن
بەهێزبونی یەکێتی و پێشکەوتنی یەکێتی سوود و خێری بۆ هەموو هاوڵاتیان تێدایە نەک تەنها بۆ دۆست و لایەنگرانمان ..

ئەوەتا دەبینن بوینەتە چقڵی چاوی گەندەڵکاران و هیشتا سەرەتایە تا مێژویەکی نوێ بنوسینەوە ..

ئێستا یەکێتی بەرگریکاری راستەقینەی ماف و ئازادیەکانی هاوڵاتیانە و وەک رۆژی روناک ئاشکرایە کە بەبێ یەکێتی نیشتمانی کوردستان هەرگیز کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و پێشکەوتو لە هەرێمی کوردستاندا نایەتە دی

یەکێتی پشتبەست بە هێزی لەبن نەهاتووی جەماوەرە دڵسۆزەکەی هەنگاو بە هەنگاو بەرەو لووتکە دەچێتەوە، جارێکی تریش دەیسەلمێنێتەوە کە لە ئاشتیدا کۆتری سپی و شنەی باین

لەبەرئەوە هەرلایەنێک هەنگاوێک بۆ خزمەتی کۆمەڵانی خەڵک بێتە پێشەوە ئێمە دە جار دەستی برایەتی بۆ درێژدەکەین

ئەوەتا لە مەرکەزیەتی هێزەوە ئێمە ئاشتەوایی لەگەڵ هێز و لایەنەکانی تردا دەکەین و ژینگەیەکی سیاسی فرەیی ئازادمان رەخساندووە کە هەموو حزبەکان بە ئازادی مومارەسەری کاری خۆیانی تێدا دەکەن

ئەوەتا لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا هەموو ناکۆکیەکانی رابردوومان لەبیرکردووە و دەستیان دەگرین دەڵێن فەرموون با پێکەوە ئەم وڵاتە ئاوەدان بکەینەوە و شکۆ بۆ تاکی ئەم هەرێمە بگەڕێنینەوە.

ئەوەتا لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەین و دەڵێن فەرموون وەرن با پێکەوە کاربکەین بۆ ئەو دادپەروەریەی کە ئاینی پیرۆز داوای دەکات.

لە سایەی بەهێزی یەکێتیدا زۆرێک لە حزبەکانی تریش حەساونەتەوە، هەست بە ئارامی و دڵنیایی دەکەن

بەڵام بێگومان هەرگیز جارێکی تر ناچینەوە ژێر باری سیاسەت و حوکمداریەکی داپڵۆسێنەر کە هاونیشتمانیەکانی خۆمان و هاوزمانەکانی خۆمان بەدەستمانەوە بێزاربن

لێرەدا دەمەوێت راستیەکی نێو کۆبونەوەکانی یەکێتی و حزبەکانتان بۆ ئاشکرا بکەم
ئیتر کاتی ئەوەیە هەموو کەس بیزانێت ...

یەكێتی جارێکی تر ناچێتە ژێر باری هیچ رێکەوتن و بەرنامەیەکەوە کە پێچەوانەی خواست و ئیرادەی هاوڵاتیان بێت

ئێمە ژیانی مناڵێکی گوندنشین لە هەموو رێکەوتنێکی حزبی بە گرنگتر دەزانین
پێموایە بە کردەوەش ئەوەمان سەلماندووە

لەو کاتەدا کە حزبەکانی تر بە ڤیدیۆ کۆنفرانس کۆبونەوەی پلە و پۆستیان دەکرد... سەرکردایەتی ئێمە ناوچە بە ناوچە دەگەڕا و هاوکاری پزیشکی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا پێشکەش دەکرد

هەر ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی بوون لەسەر شەقام و شوێنەگشتیەکاندا دەمامک و رێنماییەکانی خۆپارێزیان بڵاودەکردەوە

هەر یەکێتی بوو لەو کاتەدا چەندین نەخۆشخانە و بنەکەی چارەسەری کۆرۆنای بنیاد دەنا..

هەڤاڵان و دۆست و لایەنگرانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ...

لەبارەی حکومەت ئەمرۆ یەکێتی لە هەموو لایەنەکانی تر زیاتر سەرنجی لە خراپی دۆخی حوکمڕانی هەیە

هەرلەبەئەوەشە کە بە ئاشکرا رامانگەیاندووە لەم حوکمڕانیەی ئێستا رازی نین و مانەوە و نەمانەوەشمان لەم حکومەتەدا تەنها لە روانگەی بەرژەوەندیە باڵاکانی هەرێمی کوردستانەوەیە

وە هەموو توانای یەکێتی بۆ تێپەڕاندنی دۆخی ناهەمواری ئابوری هاوڵاتیان تەرخانکراوە کە لەپاڵ خراپی حوکمڕانیدا پەتای کۆرۆنا و بارودۆخی خراپی بەغدا هەلومەرجێکی نالەباری خوڵقاندووە

ئەوە ئاشکرایە یەکێتی لەهەرکوێ بێت ئازادی سیاسی و رۆژنامەگەری و سەرفرازی خەڵکی کوردستان لەوشوێنەدا بەرقەراردەبێت
وە ناشڵێن هیچ کەموکورتیمان نیە بەڵام لەپاش پڕۆسەی نوێبونەوە..

یەکێتی دوا دەرفەتی خەڵکی کوردستانە بۆ بەدیهێنانی ژیانێکی باشتر لە ئێستا

هەمووانیش باش دەزانن کە ..

پڕۆسەی نوێبونەوەی ئەم جارەی یەكێتی بۆ دۆست و دوژمنی سەلماند کە سەفین لە بن بێت یەکێتی لەبن نایەت.

پڕۆسەی نوێبونەوە بۆ هەمووانی سەلماند کە

هەتا یەکێتی بەهێزبێت کوردستان بەهێز دەبێت و بە پێچەوانەشەوە خوا نەکردە لە هەموو پاشەکشەیەکی ئەدای یەکێتیدا کۆمەڵانی خەڵک زەرەرمەند دەبن

بەرزوپیرۆزبێت یادی دامەزراندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

سەرفرابن کەسوکاری شەهیدانی نەمری یەکێتی نیشتمانی کوردستان

هەر شەکاوەبێت ئاڵای سەوزی ئاشتی و دیموکراسی و مافی مرۆڤ و چارەی خۆنوسین

هەر سەربەرز بن ئەی هەڤاڵانی یەکێتی

د.میران محەمەد
ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە