کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەیامی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی لە (٤٦)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

.

05:07 PM - 31/05/2021

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
جەماوەری خۆڕاگری کوردستان
ئەندام و دۆست و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لە چل و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆمتان ئاراستە دەکەم و هیواخوازم ئەم یادە پیرۆزە ببێتە هەوێنی تەبایی و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەوڵدان بۆ کۆتایی هێنان بە قەیران و تەنگژەکان، بەتایبەتی کە هێشتا ناوچەکە لەژێر مەترسیدایە و تیرۆرستان مەترسییەکانیان بەردەوامە.

ئەمڕۆ چل و شەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئەو یەکێتییەی لەدوای نسکۆی شۆڕش و بێ ئومێدی گەلەکەمان دامەزرا و لە شاخە سەرکەشەکانی کوردستان دەستی بە خەبات کردەوە، بێ ئومێدی گەلەکەمانی گۆڕی بۆ بەرگریکردن و ڕزگارکردنی کوردستان لە دڕندەترین ڕژێمی فاشیست و دیکتاتۆر، بە هەموو لایەکی گوت تا کوردێک مابێت خەبات بەردەوامە و پێشمەرگە قارەمانەکان و تێکۆشەرانی گەلەکەمان بەرگری دەکەن و بست بە بستی ئەم خاکە دەپارێزن.
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکانی تەنها شۆڕشیان هەڵنەگیرساندەوە، بەڵکو خەباتیان کرد و قوربانیان دا تا لە ساڵی ١٩٩١ ڕابەرایەتی ڕاپەڕینمان کرد و کوردستانمان لە بەعسی فاشیست پاککردەوە، یەکەم هەڵبژاردن لەکوردستان ئەنجامدرا و کورد بووە خاوەنی حوکمڕانی هەڵبژێردراوی خۆی، بەردەوام بووین تا رووخانی ڕژێمی بەعس و ئازادکردنی عێراق لە حوکمی دیکتاتۆری و هەوڵدان بۆ بنیاتنانی عێراقێکی فیدرالی دیموکراسی، هەموو ئەوانە یەکێتی ڕابەرو پێشەنگی بوو.

کوردستانیانی خۆشەویست ...
ئەمڕۆی کوردستان بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی تێکۆشەران و شەهیدە قارەمانەکانمانە، ئەو کەڵەپیاو و جوامێرانەی ژیان و گیانی خۆیان کردە قوربانی گەلەکەمان، بۆیە ئەرکە لەسەرشانی هەموومان یەکێتی بپارێزین و ڕێگە نەدەین لە شاڕێگای خۆی لابدات، دەبێت یەکێتی پێشەنگی خزمەتکردنی خەڵک و داکۆکیکردن لە دیموکراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ بێت، یەکێتی لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی چەوسانەوە دامەزرا و خەباتی کرد بۆ زامنکردنی ژیانێکی شەرەفمەندانە بۆ گەلەکەمان، ئەمڕۆ و بەیانیش دەبێت هەر لەم پێناوە خەبات بکات و پێشەنگی دیموکراسی و چاکسازی بێت و نەبێتە بەشێک لە هەوڵدان بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادی رادەربڕین و چەوساندنەوەی خەڵک و حوکمڕانیەکی ناتەندروست و ناسەقامگیر.
جارێکی تر پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و زیندانیانی سیاسی و کەمئەندامانی سەنگەرو تەواوی کوردستانیان دەکەم.

کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

jVJ95l5Ik0o

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە