کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

چوار میم لە ساڵیادی یەكێتیدا

.

03:38 PM - 31/05/2021

چوار میم لە ساڵیادی یەكێتیدا

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

هەموو ساڵێك یادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك زەنگێكی بەهێز لە پڕ لێدەدات، ئەمساڵیش بۆ 46 ساڵەی ئەم یادە دەمانخاتەوە بەردەم چەند بابەت و پرسیار و لێكدانەوەی دیكە، وەك چۆن یەكێتی لەگەڵ دەركەوتنیدا نوێبوونەوەی كرد و تاریكی گۆڕی بۆ رووناكی و كرانەوە، ئاواش لەگەڵ هەر یادێكیدا، هاووڵاتیان و میللەتی كورد چاوەڕوانن ئەم حزبە هەنگاوی نوێ بنێت و داهێنانی نوێ بكات.
لەم یادەدا، چوار بابەتی هەستیار هەیە كە پێویستە جارێكی دیكە یەكێتی پێیاندا بچێتەوە و گرنگیان پێبداتەوە و ئیشیان لەسەر بكات و نوێیان بكاتەوە:

یەكەم: میللەت

لەیەكەم چركەساتی دەركەوتنی یەكێتییەوە، ئەم حزبە لەناو میللەت و هاووڵاتیانەوە سەری دەرهێناوە، وەك هیوا بۆ میللەت دەركەوت و میللەت ئومێدێكی گەورەی بەم حزبە و رابەرە كاریزماكەی «مام جەلال» هەبوو، پێویستە لەم یادەدا یەكێتی و سەركردایەتی نوێی یەكێتی بازنەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ میللەت گرێبداتەوە و هەموو ئەو درزانە كۆتایی پێ بهێنێت كە بەهەر هۆیەك بووە كەوتۆتە نێوان میللەت و یەكێتی و سەركردایەتییەكەیەوە.

دووەم: مێژوو

ئەمڕۆ کە 46 ساڵ بەسەر مێژووی دامەزراندنی یەكێتیدا تێدەپەڕێت، ئەم مێژووە مێژوویەكە پڕ لە شانازی و سەروەری، ئەم مێژووە نەك دڕی بە تاریكی و نسكۆ و نائومێدی میللەتێك داوە، بەڵكو سەرەتای مێژوویەكیشە لە كرانەوە و ئازادی و گواستنەوەی خەباتی چەكداری كورد، لە قۆناغی شاخەوە بۆ قۆناغی شار، گواستنەوەی خەباتی سەختی شاخە بۆ تەختی شار، گۆڕینی خەباتی چەكدارییە بۆ خەباتی مەدەنی و دیموكراسی و ئازادی، بۆیە پێویستە یەكێتی ئەم مێژووە پیرۆزە لە بەرچاو بگرێت و درێژەی پێبدات و لە هەر جێگە و كاتێكدا پچڕاوە و تەنك بووەتەوە، چاكی بكاتەوە و لەسەر هەمان رەوتی مێژوویی خۆی بڕوات.

سێیەم: میدیا

میدیای یەكێتی قۆناغە سەختەكەی خەباتی میدیایی لە كوردستان بڕیوە، ئێستا هەر میدیایەكی ناوخۆیی (ئاوی شا باڵەكانی بەسەر میدیای یەكێتیدا بپڕژێێنێت) هیچ ئازایی و زیرەكییەك نییە، میدیای یەكێتی هەم قۆناغی شاخی بە وتارە بەجۆش و پڕ ورە و گیانفیدایەكەی بڕی هەم لە خەباتی تەختی شاریشدا لە پێشەوەی هەموو میدیاكانی باشووری كوردستانە لە ئەتەكێت و كاری ئەخلاقیدا، ئەوەش کە بۆ ئەم قۆناغە گرنگە ئەوەیە: ئەم رۆحە پڕ پرۆفیشناڵییە لەناو میدیاكانی یەكێتیدا گرنگی پێبدرێت لەگەڵ خزمەتی تەواوی میدیا و میدیاكارانی یەكێتی و بایەخدان بە توانا و لێوەشاوەییان لەهەر رێگەیەكەوە بێت، ئەمەش ئەركی هاوسەرۆكان و ئەو هەڤاڵانەی سەركردایەتییە كە تایبەتن بە كاروباری میدیای یەكێتی و مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی.

چوارەم: ماف

مەسەلەی ماف و ئازادییە گشتییەكان لەهەناوی یەكێتیدایە، ئەگەر پرسی ماف و ئازادی نەبوایە ئەستەم بوو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بتوانێت بەزوویی پایەكانی خەباتی چەكداری و مەدەنی و میدیایی و رێكخراوەیی خۆی لەناو ئەم كۆمەڵگەیەدا دابكوتێت و لەسەر پێی خۆی رابوەستێت و وەك بەرهەمهێن و ئەفرێنەری گەلێك لقە شۆڕشی دیكە لە كوردستان دەربكەوتایە، یەكێتی خۆی بە خاوەنی تەواوی شۆڕش و لقە شۆڕشە جیاوازەكان و مافەكان لەناو كۆمەڵگەی كوردیدا دەزانێت بە مافی «ژن و گەنجان و منداڵانیشەوە»، لەرابردوودا هیچ هێزێك نەیتوانیوە لەم بوارانەدا یەكێتی تێپەڕێنێت و لە ئایندەشدا ئەستەم دەبێت، ئەوەی لەم بوارەدا گرنگە ئەوەیە كە یەكێتی لەم ساڵیادەدا زیاتر داكۆكی لەسەر ئەم بنەمایە بكاتەوە و زیاتر خۆی بە خاوەن مافی تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵگە بزانێت و لەسەر زەوتکردنی مافی هاووڵاتیان و ئەندامەكانی بێدەنگ نەبێت، تاكو رۆحی یەكبوون و نوێبوونەوەی یەكێتی ببێتە واقیع یەكێتیش ببێتەوە ماڵە گەورەكەی هەمووان.

 

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە