کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

راگەیەندراوێک لە کۆمەڵی دادگەرییەوە

.

11:29 PM - 07/05/2024

دەقی راگەیەنداروەکە،،،،،،

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

ئەمڕۆ جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان درایەوە دەست چارەنوسێكی نادیار ئەو دادگایەی تا دوێنێ بە "نادەستوریی و لیژنەی سیاسیی و مەحكەمەی سەورە" وەسفدەكرا، بەكارهێنرا بۆ درێژەدان بەم دۆخە نالەبارەی كە هیچ دامەزراوەیەك شەرعیەتی نەماوە .

ئێمە لەسەرەتاوە ڕێزمان لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی گرتووە، هیواداریشین دەسەڵاتدارانی هەرێم وەك چۆن ناچاربوون پێچەوانەی قسە و هەڵوێستی ڕابردوویان، ڕێی دادگای فیدراڵیی بگرنەبەر بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، بڕیاری هەمان ئەو دادگایەش جێبەجێبكەن كە تایبەتە بە "تەوتین"ـی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لە بانكە فیدراڵییەكان و چیتر ژیان و گوزەرانی خەڵك و موچەخۆران نەكەنە قوربانی بەرژەوەندییەكانی خۆیان .

بە بڕوای ئێمە ئەوەی زەرەرمەندی یەكەمە لە دواخستنی هەڵبژاردن، كۆی پرۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانێتی كە ڕۆژبەڕۆژ بەهۆی گەندەڵیی و نەمانی شەرعییەتی دامەزراوەكانییەوە، لە لاوازەوە بەرەو لاوازتر دەڕوات، تەنانەت مەترسی هەیە بارودۆخ بەرەو ئاقارێک بڕوات کێشەکان گەورەترو قەیرانەکان قوڵتر ببنەوەو هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام نەدرێت.

حاڵ و واقیعی ئەمجۆرە لە حوكمڕانیی كە بووەتە بار بەسەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیەوە، لەهەر وڵاتێكی دیكە بوایە، نەك هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن نەدەدرا، بەڵكو دەبوایە هەڵبژاردنی پێشوەختە بكرایە .

كۆمەڵی دادگەریی كوردستان
ئەنجومەنی باڵا
۷/٥/۲٠۲٤

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە