کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ئەو جووتیارەی سنووری دوو وڵاتی گۆڕی

.

09:04 PM - 04/05/2021

جووتیارێکی بەلجیکی سنووری نێوان فەڕەنسا و بەلجیکیای دەسکاری کردووە. کارەکە لە جیاتی ئەوەی ببێتە هۆی تووڕەبوونی خەڵک یان کێشەی سیاسیی دەوڵەتان، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و لە هەر دوو دیوی سنوور بووەتە مایەی پێکەنین.
سنووری نێوان دوو وڵاتەکە -کە ٦٢٠ کیلۆمەترە- نزیکەی ٢٠٠ ساڵ لەوەپێش، ساڵی ١٨١٩دیاری کراوە. ساڵی ١٨١٥ ناپلیۆن لە شەڕێکدا شکا و دوای ئەو شکانە سنوورەکە دیاری کرا.
جووتیارەکە خەریکی کێڵانی زەوییەکەی بووە و ئەو بەردەی بۆ سنوورەکە دانراوە لەسەر ڕێگای تراکتۆرەکەی بووە. دابەزیوە و بەردەکەی دوومەتر و ٢٩ سانتیم پاڵ پێوە ناوە بۆ ناو خاکی فەڕەنسا و ڕێگای بۆ خۆی کردووەتەوە و زەوییەکەی کێڵاوە.
سەرۆکی "شارەوانی"ی گوندەکە گوتوویەتی: "ئەم جووتیارە بەلجیکیە گەورە کردووەتەوە و فەڕەنسای بچووک کردووەتەوە. بیرێکی باش نییە".
بەو کارە، زەویی جووتیارانی ئەوبەری سنووریش بچووک بووەتەوە. کاربەدەستەکە گوتوویەتی داوا لە جووتیارەکە دەکەین بەردەکە بەرێتەوە جێی خۆی.

بەوەندە کێشەکە چارەسەر بوو. ئیدی جووتیارەکە تەقەی لێ نەکراوە، تۆمەتی" بەزاندنی سنوور، هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی بە گۆڕینی سنوور و سووکایەتی بە هێما پیرۆزەکان" نەدراوەتە پاڵی و تراکتۆرەکەی وەک "کەرەسەی جەنگی" دەستی بەسەردا نەگیراوە.

ناسری حسامی — سوید

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە