کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

پەیامی مەكتەبی رێكخستنی ی.ن.ك لە ساڵیادی ماڵئاوایی ئەستێرەیەكی درەوشاوە لە مێژووی خەباتی گەلەكەمان

.

08:06 PM - 08/04/2021

ئەمڕۆ 21 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر كۆچی دوایی گەورە سیاسەتمەدار و نیشتمان پەروەر و خەباتگێڕ و رووناكبیر و نووسەری گەورە و رۆژنامەنووسی لێهاتوو مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد.
لە رۆژی 8/4/2000 دا و لەتەمەنی 86 ساڵێدا مامۆستای گەورەی كوردایەتی و خەباتگێڕ و خاوەن قەڵەمێكی سەنگین و ژیر و نووسەری گەورەی  گەلەكەمان مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد كۆچی دوایی كرد، دوای خەباتێكی بەهەستی نەتەوایەتی و وەك رەمزێكی گەورەی سەدەی رابردوو لەبزووتنەوەی رزگاری خوازی گەلەكەمان و رووناكبیرێكی بەئەزموون و نووسەرێكی گەورە و رۆژنامەنووسێكی لێهاتوو ماڵئاوایی یەكجارەكی لێكردین و گەیشتە دوا مەنزڵی پیرۆزی خۆی بەڵام ئەم سیاسەتمەداری گەورە و مەزن ئەم رووناكبیرە لێهاتووە و ئەم نووسەرە قەڵەم بڕشتە بۆچوون و ئایدیاكانی نووسینەوە و شیعرەكانی بۆنەتە وانەیەك بۆ خەباتی سیاسی ئەو كات و ئێستا و داهاتووش بۆ گەلەكەمان و نووسین و شیعرەكانیشی هەوێنن بۆ هێنانەدی بیری نوێ.
مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد لەرووی سیاسییەوە بەیەكێك لەهەرە رەمزە گەورەكانی سیاسەت دادەنرێت لەسەدەی رابردوودا بەبیرە نوێ خوازەكانی لەناوی خەباتی سیاسیدا، دوای ئەوەی بەسكرتێری پارتی هەڵبژێردرا توانی وەچەرخانێكی گەورە بكات لەخەباتی سیاسی كوردایەتیدا توانی بەشێوازێكی نوێگەری و بەبیرێكی تەواو كوردانە و حزبایەتی، لەناوپارتیدا پەرەپێدات، كە بووە هۆی ئەوەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان لە ئایدیای پارتی كۆبكاتەوە .
مامۆستا بووە خوێندنگەیەكی نوێی سیاسەت بۆ تێكۆشەران و شۆڕشگێڕانی ئەو قۆناغەی خەبات.
مامۆستا خەباتی سیاسی بۆ بەرگریكردن بوو لەپێناو مافی رەوای گەلەكەمان دژی هەموو زوڵم و چەوساندنەوەیەك و رۆژ بەرۆژ ئاسۆی بیری هەڵدەكشا بۆ گەیشتن بەدوا مافی رەوای گەلەكەمان بۆیە ئەتوانین بڵێین یەكەمین سیاسەتمەداری گەورەی كوردە لە خەباتی سیاسیدا.
ئەو لەگەڵ خەباتی سیاسی و تێكۆشانی هاوكات یەكێك بووە لە هەرە قەڵەم بەدەستە بەتوانا و بوێر و رووناكبیرەكانی گەلەكەمان كە توانیویەتی لەپاڵ خەباتی سیاسی و كوردایەتیدا برەو بە نوسین بدات و خوێندنگەیەكیش بووە لە بواری رۆژنامەگەری و بۆتە هەوێنی كاری رۆژنامەگەری كوردی.
هەر بۆیە ئێمە وەك مەكتەبی رێكخستنی ی.ن.ك لەم یادەدا، گەورەیی مامۆستای كوردایەتی و گەورە رووناكبیر و نووسەر مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد بەرز دەنرخێنین و رێز لەخەبات و تێكۆشان و نووسین و ئایدییەكانی دەنێین بەڵێنی وەفا دووپاتدەكەینەوە كە درێژە پێدەری رێیازە كوردایەتییەكەی بین تا دوائامانجی گەلەكەمان هەمیشە سوود لە ئەزموونە بەنرخەكان دەبینین، هەر لێرەوە داوا لەتەواوی لایەنەكان دەكەین كە لەپێناو باشترین خزمەتكردن بەكۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و گەلەكەمان بكەین تا بتوانن سوود لەئەزموونی سیاسەتی دەیان ساڵەی مامۆستا وەربگرن و دەست بخەنە ناو دەست و لەپێناو خەباتی رەوای كوردایەتیدا خەبات بكەن، بیری تەسكی حزبی وەلا بنێن، با چیتر گەلەكەمان لەدۆخێكی سەختێكی ژیان بێتەدەر.
با ئەو مێژووە جوان و پڕ سەروەرییەی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و تەواوی سەركردە گەورە و تێكۆشەرەكان و شەهیدەكان بەجوانی و پڕ سەروەریی بمێنێتەوە.
دروود بۆ رۆحی پاكی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد


مەكتەبی رێكخستنی ی.ن.ك
8/4/2021

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە