کەناڵی ئاسمانی گەلی کوردستان

  Live

هەواڵەکان

ڕاگرتنی چەند بەرنامەیەك چی لە بارودۆخەكە دەگۆڕێت

.

03:07 PM - 08/04/2021

ڕاگرتنی چەند بەرنامەیەك چی لە بارودۆخەكە دەگۆڕێت

سەردەشت محەمەد

هەموان ئەو ڕاستییە دەزانین كە پەلاماردانەكانی دوژمنانی كورد تەنها بۆ سەر خاك و ئاوی كوردستان نیە، بەڵكو لەپاڵ داگیركردنی خاكدا ئەوەی گرنگە و داگیركەران بەهێمنی و بەپێی پلانێكی تۆكمە و بەرنامە بۆداڕێژراو كاری لەسەردەكەن داگیركردن و لەناوبردنی كەلتوری كوردییە.
یەكێك لەو شتانەی كە كورد وەك نەتەوە شانازی پێوەدەكات بوونی كەلتورێكی تایبەت بەخۆیەتی، كە زۆرێك لەو كەسانەی  لەدەرەوەی كوردستانەوە هاتونەتە كوردستان و یاخود دورو نزیك شارەزای ژیان و گوزەران و مێژووی كوردن، سەرسامی خۆیان بەرامبەر بەجوانی كەلتوری كوردی نەشاردۆتەوە.
لەزۆر جێگەو شوێندا ئەم پیاهەڵدان و سەرسامی بوونەی نەتەوەكانی دەرەوەی كوردمان هەستپێكردووە، بەڵام بەداخەوە لەئێستادا بەچاوی خۆمان كاریگەری ئەو پلانەی دوژمنان لەسەر تێكدانی كەلتور و بەها باڵا جوانەكانی نەتەوەی كورد هەست پێدەكەین، خەریكە ئیدی نەك شتێك نامێنێتەوە بەناوی شانازیكردن بە كەلتوری كوردی، بەڵكو هەوڵدان بۆ زیندوهێشتنەوە و بەرزڕاگرتنی كەلتور و بەها باڵاكانی نەتەوەكەمان لای نەوەی ئێستا دەبێت بەكارێكی شەرمهێنەر و دور لەشارستانی.

ئەگەرچی كرانەوە بەڕوی دونیایی دەرەوەدا بۆ زۆرێك لەگەلانی ناوچەكە بوبەمایەیی پێشكەوتن و گەشەسەندنی كۆمەڵگاكانیان لەزۆر لایەنەوە، بەڵام بۆ كورد دەتوانین بڵێین ئەم كرانەوەیە زیانی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، كورد نەیتوانی لێهاتوانە مامەڵە لەگەڵ ئەم كرانەوەیەدا بكات و بەجۆرێك هەنگاو بەهەنگاو هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانكاریەكان و كرانەوەكاندا هەنگاوی دروست بنێت.
دەتوانین بڵێین لەم كرانەوەیەدا دوژمنانی كورد لێهاتوانە توانییان پیلانەكانیان بۆ داگیركردن و لەناوبردنی كەلتوری كوردی جێبەجێ بكەن، ئەوەش بەتایبەت لەڕێگەی میدیا و سۆشیال میدیاوە، چونكە دەزانین لەهەموو دونیادا میدیا دەتوانێت كاریگەریی گەورە لەسەر دەرونی تاك بەجێبهێڵێت و تەنانەت میدیا دەتوانێت كۆمەڵگا ئاراستەبكات بەو ئاقارەدا كە خۆی دەیەوێت.

ئەركی بێدەنگ كردنی زۆرینەی كۆمەڵگای كوردی بەرامبەر بەداگیركردن و لەناوبردنی كەلتوری كوردی بەبیانوی ئەوەی كەئیدی كۆمەڵگای كوردی  پێویستی بەوەیە هاوشانی كۆمەڵگا ڕۆژئاوایەكان سەردەم و قۆناغێكی نوێی ژیانكردن دەستپێبكات و خۆی داببڕێت لەهەمو داب و نەریتە كۆنەكانی باوباپیران بەتەنها لەئەستۆی دوژمنانی كورد نەبوو، بەڵكو دوژمنان بۆ جێبەجێكردنی ئەم پیلانەیان پشتیان بە زۆرێك لە هاوئاوازەكانیان لەناوەوەی كوردستان بەست، ئەوەش لەڕێگەی كردنەوەی چەندین دەزگایی میدیایی كە بەبەردەوام ئەركیان سەرقاڵكردنی خەڵكە بە شتگەلێكی لاوەكی و بێبایەخەوە و دورخستنەوەیان لە هەموو ئەو بابەتە گرنگانەی كە پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی كۆی كۆمەڵگاوە.

ئەگەرچی بەشێك لەنووسەر و ڕۆژنامەنووسان و پیاوانی ئاینی و كەسانێك كە وابەستەبوون بە كەلتور و بەها باڵاكانی كۆمەڵگای كوردییەوە هەر زوو دركیان بەمەترسی ئەم پلانە كرد و دەستبەجێ هاواریان كرد، بەڵام بێ ئاگایی زۆرینەی تاكی كورد و سیاسەتی هەڵەی حكومڕانانی كورد و بەهێزی ئەوپلانەی كە دوژمنانی كورد لەم پێناوەدا دایان ڕشتبو نەیدەهێشت دەنگیان بەهیچ كوێیەك بگات تا ئەو كاتەی  پلانەكە وەك خۆی جێبەجێكراو تاڕادەیەك سەریگرت  ئیدی هەر هەوڵێك بۆ پەشیمانبوونەوە و ڕێگریكردن لەو پلانەی دوژمنان چی لەدەرەوە و چی ناوەوەی كوردستان بێسودە و ئیدی كۆمەڵگا بەجۆرێك سەرمەستكراوە بڕیارێكی لەو جۆرەی وەزارەتی ڕۆشنبیری بۆ داخستنی سێ بەرنامە لەچەند دەزگایەكی ڕاگەیاندن بۆ ماوەیەكی كاتی ناتوانێت هیچ لەو ڕاستیە بگۆڕێت كە تازە كۆمەڵگا لەسەر سكە ڕاستەقینەكەی خۆی لایداوە و بۆ ڕاستكردنەوە و هێناوەی پێویستی بەپلانێكی بەهێز و تۆكمەتر لەوەی دووژمنانی هەیە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەوە