.
07:14 PM - 05/03/2021
سهرۆك بەرھەم: پێویستە بەردەوامبین لە ڕیشەکێشکردنی بیری توندڕەوی و بەگژاچوونەوەی تیرۆریزم، ھەروەک چۆن گرنگیشە بەردەوامبین بۆ سەرخستنی چەمکەکانی پێکەوەژیان و فرەیی. ئەمڕۆ ھەینی 5-3-2021 د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق له كۆشكی بهغداد له رێوڕهسمێكی گەورە و بەرفراوان و پڕ شکۆدا پێشوازیکرد له قهداسهی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان و سهبارهت بە پرسە گرنگەکانی ناوچەکە و جیھان و کۆتایی ھێنان بەگرژییەکان و ھێنانەکایەوەی ئاشتی و ئارامی و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان سەرجەم گەلانی دنیا گفتوگۆکرا. لەمیانی رێوڕهسمەکەدا کە بۆ قەداسەتی پاپا رێکخرابوو به ئامادهبوونی مستەفا کازمی، سهرۆكی ئهنجومهنی وهزیران و محەمەد حەلبوسی، سهرۆكی ئهنجومهنی نوێنهران و دادوهر فائق زێدان، سهرۆكی ئهنجومهنی باڵای دادوهری و میدحهت مهحمود، سهرۆكی دادگای فیدراڵی و گهوره بهرپرسان و سهركردهی حزب و لایەن و پێكهاته سیاسییەکانی عێراق و دیبلۆماتكاران و ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیانی ئەنفال و کیمیابارانی ھەڵەبجە و کچانی رزگاربووی ئێزیدی، سەرۆک کۆمار بەرھەم ساڵح رایگهیاند، مایەی بەختەوەرییەکی مەزنمانە، کەدەبینین لەنێومانی، لێرە لە عێراق..لەوڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکە، لەوڵاتی پەیامبەران و ئاینە ئاسمانییەکان، ئێوە بەخێربێن بۆ بەغداد، ماڵی ئاشتی، بەخێربێن بۆ نەجەف و موسڵ و ھەولێر و قەرەقوش، بەخێرھاتنتان دەکەین بۆ ئوور، یەکەمین شارمان، کەنووسینی تیاداھێنرا و پیرۆزی لەدایکبوونی باوکی پەیامبەران (حەزرەتی ئیبراھیم)ی ھەیە، درودی خوای لێبێت. ئەو شارەی، کەلێیەوە دڵی مرۆڤەکان بە کۆی ئاینە ئاسمانییەکانەوە بەندبوو. لە وتارەکەیدا سهرۆك كۆمار بەگرنگییەوە باسی لە ڕۆڵی گەورەی پاپای ڤاتیکان کرد لە بانگەواز بۆ ئاشتی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، رووبەڕووبوونەوەی ھەژاری، ڕۆڵێکی بەرچاوە. تێکۆشانی بێوچانتان، لەپێناو بەدیھێنانی دیالۆگ و پێکەوەژیانی برایانەی مرۆڤایەتی، مایەی ستایش و پێزانینە، ڕۆڵی ئێوە پەیامێکە بۆ ھەمووان، کەتیایدا بەڕونی بەرپرسیارێتی بێگەرد بەرامبەر ژیان و مرۆڤ بەرجەستەیە. لە درێژەی وتارەکەیدا سەرۆک بەرھەم رایگەیاند، ھەلومەرجی ژیان لەژێر ھەڕەشەکانی ڤایرۆسی کۆڕۆنادا دووپاتی ئەو ڕاستییە دەکاتەوە کە جیھان پێوستی بەئاشتی و ھەماھەنگیی و دەسگیرۆیی یەکتری ھەیە. پێویستی بەتێپەڕاندنی دیدی جیاکاری و دابەشکاری جەمسەرگیرییە جیاوازەکانە، ئەمەش لەپێناو بەگەرخستنی توانستە کۆمەڵایەتییەکان، بەئامانجی بەدیھێنانی ئەو پێشکەوتنانەی بۆ ژیان و مرۆڤایەتی پێویستن. ھاوکات سەرۆک کۆمار ئاماژەیکرد بەوەی ھیواخوازم بەبۆنەی ئەم سەردانە پیرۆزەوە، چاودێری دەسپێشخەری بونیاتنان و دامەزراندنی (ماڵی ئیبراھیم بۆ دیالۆگی دینی) بێتەئاراوە. ھەنگاوبنرێت بۆ بەستنی گۆنگرە یان کۆڕبەندێکی ھەمیشەیی بۆ دیالۆگ، بەچاودێری نوێنەرانی ڤاتیکان و نەجەف و ئەزھەر و زەیتونە و ناوەندە ئاینیە گەورەکان، بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە مێژووی ھاوبەش و ئەوەش کە جیاوازی لەسەرە، لەژێر ڕۆشنایی نوسراوی پیرۆز و کەلەپوری سۆمەریدا، بەتێگەیشتنی ھاوبەش یەکلایی بکرێتەوە. لە بەشێکی دیکەی رێوڕهسمەکەدا قەداسەتی پاپا فرانسیس، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ سەردانیکردنی عێراق و بەتایبەتی سوپاسی سەرۆک بەرھەمی کرد بۆ بانگێھشتنامەکەی بۆ سەردانیکردنی عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پشتیوانی تەواو بکەن لە چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە عێراق و ناوچەکەدا، ھەروەھا دووپاتیکردەوە کە مەسیحیەکانی عێراق خەڵکی رەسەنی ئەم خاکەن و بەشداری بەرچاویان ھەبووە لە مێژوو و بەھای ئەم وڵاتە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە