خەندان حەمە جەزا
ئەمڕۆ، دروست ئێستا و دەقیقەن، بیری باڵای کۆنەیارم دەکرد! دەمویست ببمەوە بە کیژۆڵە بیست ساڵانەکەی خیابانی تووی مەلیک و لە درزی نیگایەکی بێدەنگەوە تێر تێر لێت بڕوانم. خوازیارم هەروەک جاری جاران ماچبارانی گەردەن و تاڵ تاڵی پرچی ژاکاوت بکەم؛ دەمویست لەنێو شەپۆلی چاوما تۆ بگەوزێنم و خۆمت لە دەور گەڕێنم، لە ئامێزم بگریت و کەمێک بملاوێنی.
دەزانی، ئەی یار، چەندە عاشقت بووم!
لە سەردەمی هەرزەییمەوە تۆم ناسی، ئەودەمەی لە ڕاستە خیابانی تووی مەلیکەوە بەرەو ناو جەرگەی شار دەهاتم، باڵای شاهانەتم دەدی و گوێم لە لەرەی شەپۆلی باڕەشەکەی گۆیژە دەبوو؛ بە لێوکروشانێکی بەردەرکی سەرا داوای دووبارە ژوانت لێدەکردم!
بە چاوداگرتنێکی بەردەم مەزاری پیرمەسوور نزای بەیەکگەیشتنت بۆ دەکردم و لە زکری مزگەوتی گەورەدا داوای ماچێکی قوڵی سۆفیانەت لێدەکردم.
ئەی کۆنەیار، وەک ئاڵوودەی مەی، شێتانە خولیای باوەشێکتم، تامەزرۆی دەستلەملانێکتم بێهودە!
دەمهەوێ نامەیەکی پڕ گلەییت بە باڵی ڕیشۆلەکانی مامەیارەدا بۆ بنێرم و داخی بێمەیلیی تۆ لە سەرو پرچی هەتاوی سەر لوتکەی گۆیژەت بۆ بڕنم!
هۆ یار، ئەو ساتانەت لەبیرە گوڵەکانی باخی گشتی جگە لە عاشقە خوێندەوارەکان کەسی تر دەستی بۆ نەدەبرد؟
لەیادتە هەموو ڕۆژێک سەرلەبەیانی لەگەڵ یەکەم قەدەمی خۆر، جادە چۆڵ و سێبەربووت بۆ دەوتم؟
بیرت دەکەم ئەی کۆنەیار! بیری ئارەقی ماندوێتیت، بیری ئازار و شەکەتیی ڕۆژگارە سەختەکانت، بیری کوچە بەکوچەی پڕ عیلم و عیرفانت، بیری گۆرانی و هەڵبەستی بەردەم مەیخانەی مەستەمەردەکانت.
هەی کۆنەیار!
دەمهەوێ بۆ دوایین جار لە تەنیشت گەرمی لەشی تۆدا، لەسەر سینەی باڕەشەکەی غروورت، لە تەواوی نیگامەوە لە باڵای نەچەماوەت بڕوانم و ئەم جارە بێترس نامەی ئاشکرات بۆ بنووسم و لە لوتکەی ئەزمەڕەوە هاوار بکەم: «منم دلدارەکەت! منم مەعشوقەکەت، ماچەکانتم لێ زەوت بووە. هاژە باڕەشەکەتم لەسینەم قەتیس بووە.
دەمهەوێ بێشەرم ئارەقی ئارەزووەکانت پڕ بە سینەم هەڵمژم و بە دوایین ماچی لێوی وشکەڵاتوم هێندەی جۆگەکەی حاجی حان تینوێتیم بشکێنی!
هۆ کۆنەیار، لەگەڵ تۆمە؛ تۆ ئەی سلێمانی، شارەکەی نمەکسوێر بە دۆست و یارانی .