ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
لە یەک شەودا، دوو هێرشی ترسناک کرایە سەر سلێمانی، دوو هێرش مەترسییەکانیان بەسەر سلێمانییەوە روون و رەوان دیاربوون، یەکێکیان هێرشی (درۆن)، ئەویتر هێرشی (درۆ)ی چەند میدیایەک بوو، هێرشە درۆنییەکان لە دەرەوەی هەرێمەوە بوون، بەڵام هێرشی درۆی میدیایەکی دیاریکراو لە ناوخۆی هەرێمەوە بوو، هێرشە درۆنییەکان خەڵکانێک بوون لە دەرەوەی زمان و نەتەوە و کەلتوری کوردی و بەشێک نەبوون لە ژینگەی سلێمانی، بەڵام ئەوانەی هێرشی درۆیان کردە سەر سلێمانی، هاوزمان و هاونیشتمانی و بەشێکیشن لە ژینگە و کەلتوری سلێمانی، درۆنەکان ناوبەناو سلێمانییان دەکردە ئامانج، بەڵام درۆکان بەردەوام سلێمانی و دانیشتووانەکەی دەکردە ئامانج و وەستانی نەبوو.
مەترسیی درۆ و درۆن لەو دۆخەدا جێگەی بەراورد بوون، کە ئەوەندەی هێرشی درۆی میدیاکان سلێمانی تووشی بارێکی نەخوازراوی دەروونی کرد، هێندە درۆنەکان نەبوون، درۆکانی ئەو میدیایانە مەترسیدارتربوون وەک لە درۆنەکان، سەبارەت بە ژیانی هاووڵاتیانی کوردستان، ئەوەندەی درۆکان ئازاریان زۆربوو، درۆنەکان بەو شێوەیە نەبوون، درۆنەکان لە تاریکی و لە شوێنی نادیارەوە دەهاتن و ماناکەی روونە و پێماندەڵێت دوژمن هەر دوژمنە، بەڵام درۆکان لە رووناکی و شوێنی ئاشکراوە هەڵدەدرایە سەر سلێمانی و خەڵکە خۆشەویستەکەی و پێیوتین نەیار و گێرەشێوێن و بێئەزموونێکیش لە چەند میدیایەکی هەرێمدا هەیە کە چاوی بە سلێمانی هەڵنایەت و هەمان رۆڵی دوژمن دەبینێت. هەموو ئەو کەسانەی بەهۆی درۆنەکانەوە برینداربوون، زۆر کەمن، بەڵام برینداری درۆی میدیا دیاریکراوەکان، زۆرینەی هاووڵاتیانی کوردستانن و برینداری دەستی هەواڵی بێبنەما و ناڕاستن کە ئەو میدیا دیاریکراوانە دژی سلێمانی دەیکەن.
مەترسیی درۆکان، گەلێک زیاترە لە مەترسیی درۆنەکان، بەو پێوەرەی کە دەکرێت درۆنەکان کەسێکی دیارییکراو نەکەن بە ئامانج و دوژمنەکانمان بەشێوەیەکی کوێرانە و بەبێ پلان ئاراستەی سلێمانی بکەن، بەڵام درۆی میدیاکان هەموو دانیشتووانی سلێمانییان کردە ئامانج و نەیارەکانی سلێمانی بەپیلان و ئامانجی دیاریکراوەوە درۆ ژەهراوییەکانیان دەهاوێژن بۆ خەڵکەکەی.
ئەوەی مەترسیی درۆن و درۆ لە سلێمانیدا کۆتایی پێدەهێنێت ئەوەیە، سلێمانی لە مێژوویدا ئاشنای هەم هێرشی درۆ بووە هەم هێرشی نەیارەکانی پشت هەڵدانی درۆن، لەم قۆناغەشدا هەموو درۆ و درۆنەکان تێکدەشکێنرێن و سلێمانیش سەرکەوتووانە مێژوو دەنووسێتەوە، درۆ و درۆنیش بەدەستی بەتاڵ دەمێننەوە.