عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد
مێژوو لە لوولەی تفەنگەوە ناخوێندرێتەوە؛ لە بێدەنگیی نێوان دوو تەقەدا دەخوێندرێتەوە. لەو چرکەساتانەدا کە جەنگ دەوەستێت و ئاشتی هێشتا لەدایک نەبووە، مرۆڤایەتی لە بەرامبەر پرسیارێکی هەمیشەییدا دەوەستێت: ئایا هێز ئاشتی دروست دەکات، یان ئاشتی پێویستی بە هێز هەیە؟
بە درێژایی مێژوو، زۆر ئیمپراتۆریەت بە زەبری شمشێر دامەزراون، بەڵام کەمێکیان بە هێزی شمشێر پارێزراون. هێز سنوورەکانی پاراستووە، بەڵام نەیتوانیوە دڵەکان یەکبخات. هەر بۆیە مێژوو بەتەنیا چیرۆکی جەنگەکان نییە؛ چیرۆکی گەڕانە بەدوای ئەو هاوسەنگییەی کە هێز لە خزمەتی ئاشتیدا دابنێت، نەک ئاشتی لەژێر فەرمانی هێزدا.
لەم روانگەیەوە، وتە کۆنە رۆمانییەکە: «ئەگەر ئاشتیت دەوێت، خۆت بۆ جەنگ ئامادە بکە»، تەنیا دروشمێکی سەربازیی نییە؛ بەڵکو کورتکراوەی فەلسەفەیەکە هێشتا بنەمای زۆربەی ستراتیژییە جیهانییەکان پێکدەهێنێت. دامەزراندنی هاوپەیمانیی ناتۆ لە ساڵی (1949)دا، بەرجەستەترین نموونەی ئەم بیرۆکەیە بوو؛ پاراستنی ئاشتی لە رێگەی هێزی باڵاو فراوانەوە.
لە سەردەمی شەڕی سارد دا، ترسی وێرانکاریی ناوەکی و یاسای بەرگریی هاوبەش، رێگریی لە شەڕێکی راستەوخۆ لەنێوان دوو جەمسەری جیهاندا کرد. لۆژیکی ئەم سیستمە سادە بوو، بریتی بوو لە: «هێرش بۆ سەر یەک ئەندام، هێرشە بۆ سەر هەمووان و تێچووی جەنگ ئەوەندە گەورەیە کە هیچ لایەنێکی ئەقڵانی ئامادەی قبووڵکردنی نییە»، بەڵام ئەم سەرکەوتنە ستراتیژییە پرسیارێکی قووڵی فەلسەفی بەجێهێشت: ئایا هێز ئاشتیی راستەقینە دروست دەکات، یان تەنها جەنگ دوا دەخات؟
فەیلەسوفانی ئاشتی جیاوازیی لەنێوان «ئاشتیی نەرێنی» و «ئاشتیی ئەرێنی»دا دەکەن. یەکەم تەنیا نەبوونی جەنگە؛ بەڵام دووەم لەسەر یاسا، دادپەروەری، متمانە، هاوکاری و دامەزراوەی بەهێز بنیات دەنرێت. هێز دەتوانێت دەنگی چەکەکان خامۆش بکات، بەڵام ناتوانێت هۆکارەکانی ناکۆکی و بێ متمانەیی لە ناخی کۆمەڵگەکاندا بسڕێتەوە.
لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، ئەمە بە «دووفاقیی ئاسایش» ناسراوە. کاتێک دەوڵەتێک بۆ پاراستنی خۆی هێزی سەربازیی زیاد دەکات، دراوسێکانیش هەمانکار دەکەن. ئەنجامەکە ئەوەیە کە هەمووان بەدوای ئاسایشدا دەگەڕێن، بەڵام بێ متمانەیی زیاتر دەبێت و ئاشایش ناسکتر.
لە جیهانی فرەجەمسەری ساڵی (2026)دا، چەمکی هێز گۆڕاوە. شەڕ چیتر تەنیا بە تانک، مووشەک و فڕۆکە ناکرێت؛ سایبەر، ژیریی دەستکرد، داتا، وزە، تەکنەلۆژیا و زانیاری بوونەتە چەکە نوێیەکان. لەم جیهانەدا هێز تەنیا بە ژمارەی سەرباز ناپێورێت؛ بەڵکو بە زانست، ئابووری، نوێکاری، دیپلۆماسی و توانای دروستکردنی هاوپەیمانییەکانیش پێوانە دەکرێت. هەر بۆیە، ناتۆ و هاوپەیمانانی ناچار بوون چەمکی «هێزی زیرەک» پەیڕەو بکەن؛ ستراتیژییەتێک کە هێزی سەخت و هێزی نەرم، چەک و دیپلۆماسی و گفتوگۆ، زانست و متمانە لە خزمەتی یەک ئامانجدا یەکدەخاتەوە. لە هەمانکاتدا کێبڕکێی ئەمریکا، رووسیا و چین تەنیا ململانێی سێ زلهێز نییە؛ بەڵکو ململانێی داڕشتنەوەی سیستەمی نوێی جیهانە. شەڕی ئۆکرانیا، شەڕ و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، دۆسێی غەزە، حیزبوڵڵا و ئاسایشی ئیسرائیل، هەموویان بەشێکن لە هەوڵی نوێ بۆ دیاریکردنی هاوسەنگیی هێز لە جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ئەم قەیرانانە جیاوازیی دیدگایان لەنێوان ئەمریکا و هەندێک لە هاوپەیمانانی ئەورووپییدا ئاشکرا کردووە. واشنتۆن زیاتر جەخت لەسەر فشار و هێز دەکات، لەکاتێکدا زۆربەی پایتەختە ئەورووپییەکان باوەڕیان وایە کە ئاسایشی پایدار تەنیا لەگەڵ بەردەوامبوونی دیپلۆماسی و گفتوگۆ دەستدەکەوێت، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە هاوپەیمانیی واتای یەکدەنگی نییە، بەڵکو توانای گەیشتنە بە ستراتیژییەتێکی هاوبەش لەناو جیاوازییەکاندا.
ئەگەر سبەی رێککەوتنێکی کاتی لەنێوان واشنتۆن و تارانیش دروست ببێت، ئەوە بەمانای کۆتاییهێنان بە قەیرانەکانی ناوچەکە نییە. دۆسێی غەزە، لوبنان، حیزبوڵڵا، پێگەی ئیسرائیل و هێزە ناوچەییەکان، هێشتا لە سەرەکیترین ناکۆکییەکانن. بۆیە ئەوەی ئێستا روودەدات، زیاتر سەرەتای قۆناغێکی نوێی ململانێ ستراتیژییەکانە نەک کۆتاییان.
پێویستە ئاشتی بە شێوازێکی نوێ پێناسە بکرێتەوە. ئاشتی تەنیا بە مانای نەبوونی جەنگ نییە؛ بوونی سیستمێکە کە جەنگ بێمانا دەکات. هێز دەتوانێت هێرش رابگرێت، بەڵام متمانە دروست ناکات. رێگەی دیپلۆماسی دەرگای گفتوگۆ دەکاتەوە، بەڵام بەبێ پشتگیریی هێزێکی هاوسەنگ، بەردەوام نابێت.
لە کۆتاییدا گەورەترین وانەی سەدەی بیست و یەکەم ئەوەیە کە هێز مەرجی ئاشتییە، بەڵام بەس نییە. چەک سنوورەکان دەپارێزێت، یاسا مافەکان دەپارێزێت و متمانەی دڵەکان یەکدەخاتەوە. کاتێک هێز دەبێتە پارێزەری یاسا، نە جێگرەوەی یاسا و دیپلۆماسی دەبێتە زمانی یەکەمی چارەسەری ناکۆکییەکان، ئەوسا ئاشتی لەژێر سێبەری هێزدا نامێنێتەوە؛ بەڵکو لە ژێر رووناکیی دادپەروەری، یاسا و متمانەدا گەشە دەکات.
ئاشتی لە ترسی چەکدا ناژی؛ لە متمانەی یاسادا دەژی. هێز دەتوانێت جەنگ ڕابگرێت، بەڵام تەنها دادپەروەری دەتوانێت ئاشتی بپارێزێت. ئەوەش یاسای نانووسراوی مێژووی مرۆڤایەتییە.