عیماد ئەحمەد
عیماد ئەحمەد
هەندێک رۆژ هەن، تەنیا لە رۆژژمێردا ناژین؛ لە ویژدان و چارەنووسی مللەتاندا دەژین. رۆژگەلێک وەک پەڕەیەکی سادەی مانگنامە تێناپەڕن، بەڵکو وەک دادگایەکی بێدەنگ دەوەستن و حوکم دەدەن، حوکم بەسەر گەلاندا، بەسەر رێکخراوەکاندا و بەسەر ئەو سەرکردایەتییانەشدا کە لە کاتی مەترسیدا بەرپرسیارێتی مێژوویی هەڵدەگرن، یان لەپشت ئارامیی ساختە و هاوسەنگیی درۆینەدا خۆیان دەشارنەوە. ئەمڕۆ یەکێکە لەو رۆژانە؛ رۆژێک کە بۆ هەرێمی کوردستان تەنیا رۆژی هەواڵ و راپۆرت و ژمارە نییە، بەڵکو رۆژی بڕیارە. رۆشنبیرێکی دانا وتی: «دوێنێ زوو بوو.»، پێشمەرگەیەکی دێرین فەرمووی: «سبەینێ درەنگە.» لەنێوان ئەم دوو راستییەدا، سێیەم راستی وەستاوە و دەڵێت: ئەمڕۆ کاتی بڕیاردانە.
ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان تەنیا لەبەردەم قەیرانێکی داراییدا نییە؛ لەبەردەم قەیرانێکی قووڵتری متمانە و بێهیوایشدایە. مووچە و خزمەتگوزاری و ژیانی رۆژانەی خەڵک گرنگن، بەڵام لەژێر ئەم هەموو کێشانەوە قەیرانێکی تر هەیە کە هەموو قەیرانەکان لەوێوە سەرچاوە دەگرن: قەیرانی پەیوەندیی نێوان هاووڵاتی و دەسەڵات. کاتێک هاووڵاتی بڕوای بە دامەزراوەکان نامێنێت،گەنج داهاتووی خۆی لەم خاکەدا نابینێت، کاتێک دکتۆریەک، مامۆستایەک، فەرمانبەرێک، یان خاوەن پیشەیەک هەست دەکات لە هەرێمەکەی خۆیدا تەنیا ژمارەیەکە، نەک هاوبەشی چارەنووس، ئەوە تەنیا قەیرانی حکومەت نییە؛ قەیرانی نیشتمان و هاونیشتمانیانیشە. زۆرجار گەلان بە هەژاری ناشکێن؛ بە بێهیوایی تێکدەشکێن. بەو کاتە تێکدەشکێن کە گەنجەکانیان بگەن بەو باوەڕەی کە داهاتوویان لە کۆچکردندایە، نەک لە زێدی خۆیاندا؛ کە خەونەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکان دەدۆزرێنەوە، نەک لە ناو وڵاتەکەیاندا. ئەو کاتە نیشتمان لە ناخی خەڵکدا لاواز دەبێت، پێش ئەوەی لەسەر زەوی لاواز بێت.
ئەمڕۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە. یەکێتی تەنیا ناوی رێکخراوێک نییە؛ بەشێکە لە مێژووی هەرێم، لە هیوای خەڵک و لەو بیرەوەرییە کۆمەڵایەتییەی کە هێشتا ناوی سەرۆک مام جەلال و خەباتی پێشمەرگە و قوربانیی نەوەکان لە ناخی خەڵکدا بە زیندوو راگرتووە، بەڵام مێژوو هەرچەندە گەورە بێت، بەتاقی تەنیا رزگارکەر نابێت. میرات، ئەگەر نەبێتە هێزی نوێبوونەوە، دەبێتە بارگرانی و ناوی گەورە ئەگەر لەگەڵ بڕیاری گەورەدا نەبێت، دەبێتە سێبەرێک بۆ شاردنەوەی لاوازییەکان.
ئەوەی یەکێتیی کردووە هێز، تەنیا میراتی رابردوو نەبووە؛ توانای خوێندنەوەی کات و هەڵبژاردنی هەنگاوی دژوارە. هێزی یەکێتی لەوەدایە کە لە ساتی ئاڵۆزی و شکستدا، وەک هێزێکی بڕیاردەر خۆی نیشان دەدات، نەک وەک تماشاکارێکی چاوەڕوان. پرسیاری ئەمڕۆش هەر ئەوەیە:
ئایا یەکێتی هێشتا ئەو جەسارەتەی هەیە؟
ئایا دەتوانێت لە سێبەری رابردوو بێتە دەرەوە و بە زمانی داهاتوو بدوێت؟
ئایا دەتوانێت لە پێناو رزگارکردنی هەرێم لە مەترسی، لە هەندێک شێوازی کۆنی خۆی دەستهەڵبگرێت و بڕیارێکی نوێ بۆ قۆناغێکی نوێ بدات؟ بەڵێ و بەڵێ، بەدڵنیاییەوە یەکێتی دەتوانێت هەموو ئەوانە ئەنجام بدات بە پشت بەستن بە رێبازی سەرۆک مام جەلال و جەماوەرە لەبن نەهاتۆکەی یەکێتی.
رێگای رزگاربوون روونە، بەڵام ئازایەتی دەوێت. رزگاربوون بەتەنیا بە دروشم نایەتەدی؛ بە بڕیاری دروست و ئەقڵانی دێتەدی. بە راگەیاندنی نییەتی باش نایەتەدی؛ بە گۆڕینی سیستم و رێوشوێن دێتەدی. هیچ دەسەڵاتێک بەبێ متمانە نامێنێت و متمانەش بە وتە و بەڵێن ناگەڕێتەوە؛ بە راستگۆیی، دادپەروەری، شەفافییەت و خزمەتگوزاری دەگەڕێتەوە. هاووڵاتی دەبێت هەست بکات کە لەم هەرێمەدا نرخی هەیە، دەنگی هەیە و بەشێکە لە بڕیار، نەک تەنیا قوربانیی بێت. بە ناوی ئارامییەوە، هەندێک قەیران تەنیا پەردەپۆش کراون. بە ناوی هاوسەنگییەوە، زۆر هەڵە تەنیا دواخراون. بە ناوی پاراستنی هەرێمەوە، زۆر جار پارێزگاریی لە قەیران کراوە، بەڵام ئەو ئارامییەی لەسەر دواخستنی چارەسەرەکان بنیات نرابێت، خۆی سەرەتای رووخانە. هەرێم پێویستی بە سەرلەنوێ رێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی هەیە؛ پێویستی بە دامەزراندنی پەیوەندییەکی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور هەیە؛ پێویستی بە روونکردنەوەی سنووری نێوان حزب و نیشتمان، یاسا و دامودەزگاکان، بەرژەوەندیی تایبەت و بەرژەوەندیی گشتی هەیە.
بەرژەوەندیی نیشتمانی دەبێت لە سەرووی بەرژەوەندیی حزبی دابنرێت. ئەمە دروشم نییە؛ مەرجی مانەوەی هەرێمە. لەم قۆناغە ئاڵۆزەی ئێستادا، هەر هێزێک بەرژەوەندیی هەرێم بخاتە ژێر سایەی حساباتە تەنگەکانی خۆیەوە، لەڕاستیدا لە بەردەم هەوڵی رووخانی هەرێمدا هاوکار دەبێت. هێزی سیاسی ئەو کاتە مەزن دەبێت کە لە کاتی قەیراندا، بەرژەوەندیی نیشتمان بخاتە سەرەوەی بەرژەوەندیی حزب؛ چونکە نیشتمان کە لاواز بوو، حزبەکانیش بەهێز نامێنن.
یەکێتیی نیشتمانی بۆ ئەوەی جارێکی تر ببێتە هێزی متمانە، پێویستی بە نوێبوونەوەی ریشەیی هەیە؛ نوێبوونەوەیەک نەک تەنیا لە وشە و دروشمدا، بەڵکو لە شێوازی کار و بڕیارداندا، لە بەهادان بە شایستەیی، لە وەگەرخستنی گەنجان و ژناندا،لە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی کادرە دێرینەکاندا، لە رێکخستنەوەی ناوخۆیی و لە هەڵوێست وەرگرتن لەگەڵ جەماوەردا. هێزێک کە لە ناوەوە نوێ نەبێتەوە، ناتوانێت لە دەرەوە هیوای نوێ دروست بکات. هێزێک کە لە ناخی خۆیدا ترسی گۆڕانکاری هەبێت، چۆن دەتوانێت بۆ گۆڕانکارییەکان ببێتە پێشەنگ؟
ئەمڕۆ قسەکردن لەسەر دوێنێ تەنیا وەک دروشم بێسوودە؛ دوێنێ تێپەڕی. چاوەڕوانییکردنی سبەینێش چارەسەر نییە؛ چونکە سبەینێ، ئەگەر بڕیاری ئازایانەی ئەمڕۆی لە پشت نەبێت، تەنیا بەڵێنێکی بەتاڵ دەبێت. مێژوو چاوەڕوانی ئەو گەلانە ناکات کە بڕیارەکان بە ترس و دوودڵی دوا دەخەن؛ مێژوو لەگەڵ ئەوانەدا دەڕوات کە لە کاتی دژواردا، لەبەردەم قەیراندا، هێزی چاکسازی و راستگۆیی و نوێبوونەوەیان هەیە.
بۆیە بانگەوازەکە ڕوونە: ئیتر بەسە دواخستن. بەسە هاوسەنگیی ساختە.
بەسە ترسی گۆڕانکاری. بەسە پاراستنی قەیران بە ناوی پاراستنی هەرێمەوە.
یەکێتی وەک هێزی چارەسەر، پێویستە لە خۆیەوە دەست پێبکات. دەسەڵات ئەگەر دەیەوێت متمانە بگەڕێنێتەوە، پێویستە بە کردەوە بدوێت، نەک هەر بە وتە. هەرێمیش، ئەگەر دەیەوێت بە پتەویی بمێنێتەوە، پێویستە لەسەر بنەمای متمانە، چاکسازی، دادپەروەری و یەکسانی و بەرژەوەندیی نیشتمانی سەرلەنوێ بنیات بنرێتەوە.
ئەمڕۆ کاتی بڕیاردانە؛ نەک بۆ ئەوەی تەنیا قەیرانێک دوا بخەین، نەک بۆ ئەوەی تەنیا هاوسەنگییەک بپارێزرێت، بەڵکو بۆ ئەوەی هەرێم لە مەترسییەکی قووڵتر رزگار بکەین، لە دوودڵی، دواکەوتن، بێهیوایی و لە ترسی گۆڕانکاریی رزگاری بکەین، چونکە مەترسیی گەورە ئەوە نییە کە قەیران هەیە؛
مەترسیی گەورە ئەوەیە کە قەیران ئاسایی بکرێت. مەترسیی گەورە ئەوە نییە کە خەڵک ناڕازین؛ مەترسیی گەورە ئەوەیە کە خەڵک بڕوایان وابێت هیچ شتێک ناگۆڕێت. مەترسیی گەورە ئەوە نییە کە هەرێم لەبەردەم تاقیکردنەوەدایە؛ بەڵکو ئەوەیە کە لە ساتی تاقیکردنەوەدا، هێزی بڕیار دانمان نەبێت.
ئەگەر ئەمڕۆ بڕیار نەدرێت، سبەینێ بەتەنیا هەر درەنگ نابێت؛ بەلکو سبەینێ ناودەنرێت پەشیمانی.