بەپێی زانیارییەكان ئەمڕۆ لە شاری كۆبانێ تەرمی 10 قوربانیی ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكەی ناو بەندینخانەكەی بەخاكدەسپێردرێن، لە كاتێكدا لایەنە رەسمییەكان لێكۆڵینەوەیەكی توندیان لەگەڵ كارمەندانی زیندانەكە دەستپێكردووە.
هاوكات لەگەڵ ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی پرسەكە، ئیدارەی خۆسەر داوا لە هاووڵاتییان دەكات دان بەخۆیاندا بگرن و بە هێمنی بەشداری بكەن تاوەكو ڕێگری لە دروستبوونی گرژیی نوێ بكرێت.
ڕووداوەكە ئێوارەی ڕۆژی هەینی دوای ئەوە هات كە زیندانییەكان دژی هەوڵی گواستنەوەیان لە زیندانی كۆبانێ وە بۆ زیندانی حەلەب ناڕەزایەتییان دەربڕی و یەكێكیان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا بەو هیوایەی دەرگایان لێبكرێتەوە، بەڵام دەرگاكان داخران و كارەساتێكی گیانلەدەستدانی لێكەوتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، لە بەرامبەر ئەم دۆخە هەستیارەدا، سەركردایەتیی ئیدارەی خۆسەر داوا لە بەشداربووانی ڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنەكە دەكات بە گیانی بەرپرسیارێتی و هێمنییەوە بەشداری بكەن تاوەكو هیچ پێكدادانێكی نوێ ڕوونەدات و لێكۆڵینەوەكان ڕێڕەوی یاسایی خۆیان بگرن.
شەوی رابردوو بریندارێكی تری رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی كۆبانی گیانی لەدەستدا و ژمارەی گیان لەدەستدانی رووداوەكە بۆ 10 كەس بەرزبووەوە.