سەلیم رووكابی، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عیراق ئاشكرای دەكات، رۆژانە دوو ملیۆن و 180 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكەن، لەو بڕەش 150 هەزار بەرمیلی، نەوتی هەرێمی كوردستانە.
راشگەیاند: ئێستا بە تێكڕا لە بەندەرەكانی باشووری عێراقەوە رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل هەناردە دەكرێت، هەروەها لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە نزیكەی 180 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەكرێت، كە 150 هەزار بەرمیلی، نەوتی هەرێمی كوردستانەو 30 هەزار بەرمیلەكەی تری، نەوتی كەركوكە
رۆژی 29ی ئابی 2026 كەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەكانی هەرێمی كوردستان بە وەكالەت رایگەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 220-230 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
هاوكات بەپێی راپۆرتێكی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە هەشت مانگی رابردوودا، تێكڕای هەناردەی نەوتی عێراق لە بەندەری جەیهان، بەندەرەكانی باشوور و ئوردن و نەوتی گەیارە، گەیشتووەتە 418 ملیۆنو 700 هەزار بەرمیلو كۆی داهاتەكەشی 28 ملیار دۆلار بووە. هەروەها نرخی نەوتی فرۆشراوی عێراق لە مانگی ئابدا لەنێوان 56 بۆ 62 دۆلاردا بووە.
هەر بەپێی راپۆرتەكە لەو ماوەیەدا، تێكڕای نەوتی هەرێمی كوردستان و كێڵگەكانی كەركوك كە لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردە كراون، گەیشتووەتە 41 ملیۆن بەرمیل.