ژمارەیەك چەكداری نەناسراو خاڵێكی سەربازی حەشدی شەعبیان لە شارۆچكەی پردێ كردووەتە ئامانج، ئەوەش بووەتە هۆی تێكچوونی دۆخی ئەمنی ناوچەكە و دەستپێكردنی هەڵمەتێكی فراوانی گەڕان و پشكنین لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە بۆ دۆزینەوەی بكەرانی رووداوەكە.
هێرشەكە لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن دوو چەكداری ماتۆڕسوارەوە ئەنجامدراوە، لە ئەنجامی دەستڕێژی گوللەدا، چەكدارێكی حەشد بەناوی عەلی بەهجەت كوژراوە و یەكێكی تریش بریندار بووە.
دوای رووداوەكەش پۆلیس، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی گەمارۆی ناوچەكەیان داوە بۆ دۆزینەوەی بكەرانی ڕووداوەكە. تاوەكو ئێستا هیچ لایەنێك بە رەسمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكە ڕانەگەیاندووە.
شارۆچكەی پردێ و ناوچە جێناكۆكەكانی كەركوك، ماوە ماوە دەبنە مەیدانی چالاكی شانە نووستووەكانی داعش. لە سەرەتای مانگی تەمموزیشدا، چەكدارانی داعش جووتیارێكی كوردیان لە هەمان ناوچە ڕفاند و دوای وەرگرتنی بڕە پارەیەك ئازادیان كرد.