فاتیمە مهاجرانی وتەبێژی حكومەتی ئێران رایدەگەیەنێت، هیچ بڕیارێك بۆ گرانكردنی بەنزین نەدراوە و نرخی بەنزین بێ گۆڕانكاری وەك خۆی دەمێنێتەوە.
فاتیمە مهاجرانی وتەبێژی حكومەتی ئێران لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاویكردووەتەوە، پشكی بەنزین بە نرخەكانی هەزار و 500 تمەن و سێ هەزار تمەن كە دەكاتە 37 دینار بۆ 75 دیناری عیراقی بەبێ دەستكاری دەمێنێتەوە و تائێستا هیچ بڕیارێك بۆ بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین نەدراوە. مهاجرانی لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا ئاماژەی بە چاكسازییە ئابوورییەكانكردووە و نووسیویتی، هەر چاكسازییەكی پێكهاتەیی لە داهاتوودا، بەشێوازێكی پلەبەندی، لەسەرخۆ و بەبێ دروستكردنی هیچ شۆكێك بۆسەر ژیان و بژێویی خەڵك دەكرێت.
ئەمەش لەكاتێكدایە، ئێران ڕووبەڕووی كورتهێنانی بەنزین بووەتەوە و كێشەی كەمیی بەنزین لەو وڵاتە دروستبووە. توانای بەرهەمهێنانی رۆژانەی ئێران 114 ملیۆن لیتر بەنزینە، لەكاتێكدا پێویستیی ناوخۆیی وڵاتەكە دەگاتە زیاتر لە 135 ملیۆن لیتر.